پەکەکە-پژاک هەڵمەتێکی بۆ ڕەشکردنی حوسێن یەزدانپەنا و بنەماڵەکەی دەستپێکردووە

هەتا ئێستا ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەکوو پێویست سەبارەت بە ئەرکی ڕاستەقینەی پژاک ڕۆشنگەرییان نەکردووە و نەیانتوانیوە لەهەمبەر ئەو پیلانە شاراوانەی پژاک ـ پەکەکەدا، ستراتژییەک دروست دابڕێژن.
لە میدیاکانەوە هەڵمەتێک بۆ ڕەشکردنی حوسێن یەزدانپەنا سەرۆکی PAK و بنەماڵەکەی دەستیپێکردووە. سەرچاوەی ئەم هەڵمەتە چەواشەکارانەیە، پژاک، لقی پەکەکەی هەڵوەشاوەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
حوسێن یەزدانپەنا، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییە بەناوبانگەکانی بزووتنەوەی سیاسی- سەربازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. حوسێن یەزدانپەنا و بنەماڵەکەی کە بە چالاکییە سەربازی و سیاسییە دیارەکانیان ناسراون، ساڵانێکە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەکرێنە ئامانج. لە ڕێکەوتی 4ی ئابدا، موکری یەزدانپەنا، کوڕی حوسێن یەزدانپەنا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سوپای میللی کوردستان تیرۆر کرا. موکری یەزدانپەنا کە بە سەختی بریندار ببوو، تا ئێستاش لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.
ئێستا حوسێن یەزدانپەنا و بنەماڵەکەی کە پێشتر لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە دەکرانە ئامانج، لەلایەن پەکەکەشەوە بە ئامانج دەگیردرێن. بنەماڵەی یەزدانپەنا و شەخسی خۆشی کە بە لێدوانە ڕادیکاڵ و کاریگەرەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسراون، بە هەواڵی ساختە و ڤیدیۆی هەڵبەستراو دەکرێنە ئامانج.
ژنێکی ئازەری وەک کچی حوسێن یەزدانپەنا پیشان درا
لە هەژمارەکانی سەر بە پەکەکە-پژاک لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکاندا، گرتە ڤیدیۆیەک بڵاودەکرێتنەوە کە تێیدا ژنێک وەک کچی حوسێن یەزدانپەنا دەناسرێت. لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا ژنێک دەبینرێت کە لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکەیدا بەدەوری ئەستەنبوڵدا دەسوڕێنەوە و ئاڵای تورکیا بەرز دەکاتەوە و خۆشەویستیی خۆی بۆ تورکیا دەردەبڕێت و دەڵێت “خۆزگە تورک بوومایە”. تیمی تەکنیکی دارکا مازی ئاشکرای کردەوە کە ڤیدیۆکان هی ژنێکی ئازەری ئێرانییە نەک کچی حوسێن یەزدانپەنا. لە لایەکی دیکەوە ئەکاونتە هاوشێوەکان ئەو ڤیدیۆیانە بڵاودەکەنەوە کە نیشانەکانی ژیانێکی لوکس دەردەخەن کە دەگەڕێتەوە بۆ حوسێن یەزدانپەنا. ئەم ئەکاونتانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە کاتێکدا یەزدانپەنا ژیانێکی لوکس دەژی، پێشمەرگەکانی لە برسیەتیدا ژیان بەسەر دەبەن. سەرچاوەکانی PAK و چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئێمە پەیوەندیمان پێوەکردن ڕایانگەیاندووە کە ڤیدیۆکان ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکان نین و حوسێن یەزدانپەنا شانبەشانی پێشمەرگەی پارتەکەی لە شەڕی داعش و هێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر هەولێردا شەڕی کردووە. ئەو سەرچاوانە هەروەها دەستنیشانیان کردووە کە حوسێن یەزدانپەنا بەهۆی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و تیمە کوژەرەکانی ئێران، بە بەردەوامی لە ژیانێکی پڕ لە مەترسیدایە و نەیتوانیوە چێژ لە ژیانێکی ئاسوودە و لۆکسی مرۆڤی نۆرماڵ ببینێت.
پژاک درێژە بە سیاسەتی پەکەکە دەدات کە جگە لە خۆی هەمووان بە سیخوڕ دەزانێت
پژاک بە بیانووی گریمانەیی پەیوەندی بە هاوپەیمانی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کرد کە لە 22ی شوباتی 2026دا ڕاگەیەندرا. بەڵام هەڵوێستەکانی لە ناو هاوپەیمانەتیەکەدا و لە دەرەوەی هاوپەیمانەتیەکەش، لەسەر بنەمای سوود وەرگرتن لە هاوپەیمانەتیەکە و هاوکات هەولدان بۆ لاوازکردنیەتی. ئەمە دۆخێکی نوێ نییە. سیاسەتی پژاک لە ئاستەنگ خستنە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دژایەتیکردنیان و ڕەشکردنی سەرکردەکانیان، بە دامەزراندن و سیاسەتی پەکەکەوە گرێدراوە.
پەکەکە کە بەپێی ڕێنماییەکانی ئۆجەلان بۆ “دامەزراندنی پارتگەلێک کە وڵاتانی کۆلۆنیالیزم دیموکراتیزە دەکەن” لە چوار پارچەی کوردستاندا ڕێکخراوی خۆی دامەزراند و لە 13ی جووتمانگی 2003دا دامەزراندنی پژاکی لە قەندیل ڕاگەیاند.
لەو ڕێکەوتنە ستراتژیکیەی کە جەمیل بایک لە زستانی 2004دا لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتڵاعات)دا لە گوندی سوورەدێی قەندیل واژۆی کرد، ئەوە دەستنیشان کرابوو کە پژاک ڕۆڵی ئەکواریۆمێک بگێڕێت بۆ ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران کوردەکانی تێدا کۆبکاتەوە.
ئەرکی گشتیی پژاک ئەوە بوو کە ڕێگا نەدات کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو پێکهاتە ڕادیکاڵەکان هەنگاو بنێن و ڕێگری لە ڕێکخراوە نەتەوەپەروەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات تا نەتوانن کاری ڕێکخستنی بکەن.
ئەم ئەرکەی پژاک هێڵکاریی هەموو ئەو چالاکییە سیاسی و سەربازییانەی دیاری کرد کە پژاک لە دوای ئەو بەروارەوە ئەنجامی داون. لە ساڵی 2004 بەملاوە، پژاک ڕێگەی بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەداوە بنکەی پێشمەرگە لەسەر سنوور دابمەزرێنن. هەروەها پڕوپاگەندەی بۆ ڕای گشتی کرد کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆنەپەرست و گەندەڵ و لاوازن.
ئەم سیاسەتەی پژاک هەم لەگەڵ ئەو ئەرکەی کە ئێران بە پەکەکە دابوو بۆ بەکارهێنانی پژاک وەک ئەکواریۆمێک بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەم لەگەڵ سیاسەتی پەکەکە بۆ نەهێشتنی دۆزی نەتەوەیی کورد، یەکدەگرێتەوە.
پەکەکە لە مێژووی 50 ساڵەی خۆیدا زیاتر لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، دوژمنایەتیی ڕێکخراوە کوردستانییەکانی کردووە.
ئەو هێرشانەی کە ئەمڕۆکە پژاک لە دژی شەخسی حوسێن یەزدانپەنا ئەنجامی دەدات، بەڕاستی لەگەڵ ئەم سیاسەتەدا دەگونجێت.
پێشبینی دەکرێت پژاک بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکانی ڕاگەیاندن و ئەزموونی پەکەکە لە ئەندازیاری کۆمەڵایەتیدا، وردە وردە هەمان هەڵوێست بەرامبەر هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەبەر.
بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەکوو پێویست سەبارەت بە ئەرکی ڕاستەقینەی پژاک ڕۆشنگەرییان نەکردووە و نەیانتوانیوە لەهەمبەر ئەو پیلانە شاراوانەدا، ستراتژییەک دروست دابڕێژن.