ئەوەی لە کۆبانێ و حەسەکە ڕوویدا، کورتەیەکی حیکایەتی ئەنتەگراسیۆنە

سیاسەتی ئەنتەگراسیۆنی پەکەکە، لەگەڵ بەرژەوەندی کورددا ناگونجێت، بەڵکوو بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی سیستەمی کۆلۆنیالیزم دانراوە.
سیاسەتی “ئەنتەگراسیۆن” کە لە 10ی ئاداری 2025دا لە ڕۆژئاڤا دەستی پێکرد و لە 25ی ئابدا مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند کە کامڵ بووە، بە خێرایی و پەلەپەل درێژەی هەیە.
لە ڕاستیدا دەکرێ بڵێین دۆخی ئێستای ڕۆژئاڤا مۆدێلێکە لەو سیاسەتی “ئەنتەگراسیۆن”ـەی کە ئۆجەلان وەک چارەسەرێک بۆ پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان پێشکەشی کرد. سەرەتا ڕۆژئاڤا وەک تاقیگەیەک کە ئۆجەلان بەپێی فانتازیاکانی خۆی، کانتۆن و خۆسەری دیموکراتیک و هتد…ی لە ڕۆژئاڤادا تاقی کردەوە. ئەو تاقیکردنەوەی کانتۆنە دیموکراتیکەی کە ئاپۆچییەکان وپەکەکەییەکان دەیانگوت “هەموو جیهان ڕزگار دەکات”، داڕما و ئێستا لە هەمان تاقیگەدا، تاقیکردنەوەی “ئەنتەگراسیۆن” ئەنجام دەدرێت.
دەتوانین بڵێین ئەوەی لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕۆژئاڤا ڕوویدا کە ناوەندەکەی حەسەکە و کۆبانێ بوو، لە ڕاستیدا خودی سیاسەتی “ئەنتەگراسیۆن”ـە.
لەئەنجامی ئەم سیاسەتەدا، جارێکی تر جگە لە ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان و مردن و کوشتن و شین و ماتەمینی و دواجار قبووڵکردنی ئەو مەرجانەی بەسەریدا سەپێندراون، کورد هیچ شتێکی دیکەی بۆ نەماوەتەوە. با ئاوڕێک لەو ڕووداوانە بدەینەوە کە لە ڕۆژئاڤا ڕوویانداوە لەو کاتەوەی کە مەزڵووم عەبدی لە کۆشکی دیمەشق وتی “ئەنتەگرەبوون تەواو بووە و هەسەدە هەڵوەشاوەتەوە”.
بەرلە هەرشتێک، کورد دیسان بۆ مافی زمانی زگماکی خۆی ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەگەر پڕۆسەی ئەنتەگراسیۆن تەواو بووە، کەواتە بۆچی تەنانەت دوای هەڵوەشانەوەی هەسەدەش، گەل ڕژانە سەر شەقامەکان؟
بەڵام ئەوەی دواتر ڕوویدا بە شێوەیەکی وێرانکەر نیشانی دا کە ئەنتەگراسیۆن چی بۆ کورد دەهێنێت.
لە 11ی ئەیلولدا، سیپان حزنی، شەڕڤانی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) و سەربازێکی ئەرتەشی سووریا، لەلایەن چەتەکانی سەر بە دیمەشقەوە کوژرا. بکوژەکان ئەوەندە بێبەزەیی بوون کە گرتە ڤیدیۆییەکانی کوشتنەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە و پاشان، هەڕەشەیان لە گەلی کوردیش کرد. خەڵک دیسان ڕژانە سەر شەقامەکان، کورد دیسان مردن و دیسان دەنگی چەمەری و لاوانەوەی دایکەکان گەیشتە تەشقی ئاسمان.
ئۆجەلان و ڕێکخراوەکەی لە لێدوانەکانیاندا ئەو ڕووداوەیان بە ئیستفزازی (پرۆڤۆکاسیۆن) ناوبرد. بەڵام ڕووداوەکە ئیستفزازی نییە، واقیعێکی توند و تیژە. ئەو سیستەمەی کە ئەوان لەژێر ناوی ئەنتەگراسیۆندا کوردیان تێدا ئەنتەگرە کردووە، لە بنەڕەتدا سیستەمێکی کوردکوژە.
لە سووریا، میلیشیا توندڕەوە چەکدارەکان دەسەڵاتیان گرتەدەست، بەڵام ئەوان نەبوونەتە دەوڵەت؛ جددیەتی دەوڵەتێکیان نییە. تەنانەت ناوی سووریا وەکوو دەوڵەتێک هێشتا ڕوون نییە؛ هیچ دەستورێک نییە، نە پێناسەیەک بۆ هاووڵاتیبوون و نە سیستەمێکی یاسایی بوونی نییە و کورد لە ڕێگەی ئۆجەلان و سیاسەتە چەواشەکارانەکەیەوە “ئەلە وەرە دالە وەرە، مەهمەتێ کورد هەرە نەوبەتێ”، لەگەڵ ئەو سیستەمە بێسەروبەر و بەرەڵایەدا تێکەڵ (ئەنتەگرە) کراوە. لە ناوچەیەکدا کە عەلەوی و درووزی لە ترس و دڵەراوکێدا دەژین، کە عەشیرەتە عەرەبەکان وەک فەرمانڕەوای ناوچەیی مامەڵە دەکەن و هەموو کەس چەکدارە، چاوەڕوانی ئەوە کە کورد بە هاوارکردنی دروشمی “برایەتی گەلان” بتوانێ لە سووریادا ئازادی بەدەستبهێنێت، گەمژەییەکی گەورەیە. ئەمە ڕووداوێکی موجەڕڕەد و تاقانە نییە، ڕووداوەکانی تری هاوشێوە بە بەردەوامی ڕوودەدەن. ڕێکخستنی وەها سیاسەتێک، جگە لە خیانەتکردن لە کورد، هیچی تر نییە.
تاوانباری سەرەکی ئەم خیانەتە ئۆجەلانە
تاوانباری سەرەکی ئەم خیانەتە ئۆجەلانە. مەزڵووم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد، فەوزا یووسف (زاخۆ زاگرۆس)، ئاڵدار خەلیل، سیپان حەمۆ و ئەوانی تر، بەردەستەکانی ئەم خیانەتانەن لە مەیدانەکەدا. دەوڵەتی تورک کە دەیهەوێت کورد لە بەدەستهێنانی قەوارەیەکی نەتەوەیی ـ سیاسی ڕابگرێت، بای کردووەتە ئۆجەلان و ئۆجەلانیش بای کردۆتە کادیرانی ڕۆژئاڤا و کادیرانی پەکەکەش لە ڕۆژئاڤا بای کردۆتە گەل… ئەم سیستەمە پفکەرە ئەوە زیاتر لە 50 ساڵە کە بە دروشمی وەک “شۆڕش-دەسکەوت-شەهید”، وزە و توانای کورد هەڵدەمژێت.
پەکەکە لە ماوەی 50 ساڵدا هیچ دەستکەوتێکی بۆ کورد بەدەست نەهێناوە، سیاسەتی ئەنتەگراسیۆنەکەشی هیچ دەستکەوتێکی بۆ کورد نابێت. گەورەترین سەرمایەی پەکەکە، سەرکەوتنیەتی لە کۆکردنەوەی جەماوەر لە ڕێگەی ئەندازیاری کۆمەڵایەتی بەرفراوان و پڕوپاگەندە-هاندانی میدیاییەوە. پەکەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر ڕێبازی دەوڵەتی سەربەخۆ هەڵپەڕی و لە ڕێگەی ئیستغلالکردنی سۆزداری، ئابووری، خوێن و بوێرییەوە، جەماوەری لە دەوری خۆی کۆکردەوە. دواتر هەمان جەماوەری سەربەخۆییخوازی لە ڕێگەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و ئێستاش لە ڕێگەی سیستەمی ئەنتەگراسیۆنەوە، هان دەدات. توانای پەکەکە لەم بوارەدا، دەستکەوتێک نییە بۆ کورد؛ بەڵکوو بەپێچەوانەوە دەیهەوێت هەستی نەتەوەیی کورد لاواز بکات و لەناوی ببات.
ئامانجی سیاسەتی ئەنتەگراسیۆن، مژینی وزە و توانای کوردانە
ئامانجی سیاسەتی ئەنتەگراسیۆن، مژینی وزە و توانای کوردانە. وەکوو بەردی ئاشێک کە بەردەوام بەدەوری خۆیدا دەخولێتەوە، ئەم گەلە ساڵانێکە لە ناو بازنەی (شۆڕش-شەهیدبوون-دەستکەوت)دا عاسێ کراوە و وزەکەی بە فیڕۆ دەدرێت. سیاسەتی ئەنتەگراسیۆن جگە لە گەمەی نێوان پەکەکە و سیستەمی کۆلۆنیالیزم، هیچ دیکە نیە و هیچ دەسکەوتێکی بۆ کورد نابێت. پەکەکە لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی تورک دەکات، پاشان داوا لە خەڵک دەکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بڕژێنە سەر شەقامەکان. کاتێک خەڵک دەڕژێنە سەر شەقام، بە دەوڵەت دەڵێت: “کەمێک دەرفەتی زیاترمان پێ بدە، کەمێک پلە و پایەی زیاتر و کەمێک دەسەڵاتی زیاترمان پێ بدە تا بتوانین ئەو کوردانە هێور بکەینەوە کە رژاونەتە سەر شەقامەکان”.
ئۆجەلان بە دەوڵەتی تورکیا دەڵێت، “هەندێک دەرفەتی خزمەت کردنم پێ بدەن تا کار بکەم، بۆ ئەوەی کە بتوانم کوردەکان کۆنترۆڵ بکەم، بارزانییەکان کۆنترۆڵ بکەم و کورد بە دەرگاکەی ئێوەوە گرێ بدەم”.
مەزڵووم عەبدی دەبێتە ڕاوێژکاری شەرع، دەچێتە کۆبانێ و بە ناوی دەوڵەتی سووریاوە کوردانی تووڕە و ناڕازی، هێور دەکاتەوە.
کورد خوێنی خۆی دەبەخشێت، ڕۆڵەکانی دەکاتە قوربانی و پەکەکەش دەیهەوێت بەم خوێنە لە ناو دەوڵەتی تورکدا جێگایەک بۆ خۆی داتاشێت. پەکەکە بە نوێنەرایەتی دەوڵەتانی داگیرکەر، کورد کۆنترۆڵ دەکات.
ئەنتەگراسیۆن شێوازێک نییە لە خەبات بۆ ئازادی
ئەنتەگراسیۆن جۆرێک نییە لە گەڕان بەدوای ئازادیدا. بەڵێ دەتوانن بڵێن کە بارودۆخەکە لەبار نەبێت، ئێمە هێزی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆمان نییە. مرۆڤ دەتوانێت لەسەر ئەم بابەتە مشتومڕ بکات. بەڵام پەکەکە ئەم کارە ناکات. سیاسەتی ئەنتەگراسیۆنی پەکەکە، لەگەڵ بەرژەوەندی کورد ناگونجێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە بەهۆی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی سیستەمی کۆلۆنیالیزم دامەزراوە. جگە لەوەش بە کورد دەڵێت دەوڵەت خراپە، دەوڵەت ئێمە بە کۆیلە دەکات، دەوڵەتی کوردستانمان ناوێت و ئەوانەی دەوڵەتیان دەوێت خیانەتکارن، ئینجا وەک سواڵکەر لە دەروازەی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکاندا وەستاون و داوای مافی خزمەتکردن بە دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەکەن.
پێویستە گەلی کورد لە ڕووداوەکانی ڕۆژئاڤا وانە وەربگرێت و بزانێت ئەوەی ڕوویدا ئاژاوەگێڕی (پرۆڤۆکاسیۆن) نییە، ڕووداوێکی لۆکاڵ و کاتی نییە کە دوای ماوەیەک ڕابوەستێت. کورد دەبێ ئەو ڕاستییە ببینێت کە بیرۆکەی ئەنتەگراسیۆن ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو سیستەمێکی دۆزەخی پەلکێشی دەکات. ئەنتەگراسیۆن دەرئەنجامەکەی دەبێتە فەوتان و لەناوچوون و ئاسمیلەبوون، لە ڕاستیدا ئەنتەگراسیۆن بۆ کورد، عەینی خۆکوشتنە.