15 ساڵی ڕۆژئاڤا و ئیلهام ئەحمەد: چیرۆکێکی سەرکەوتن بە نرخێکی زۆر و بە بێ قازانج

نابێ ڕای گشتی کورد لەژێر ناوی هیچ چەواشەکاری و پاساوێکدا ئەو شکستە گەورەیە قبووڵ بکات کە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ئەزموون کراوە. پێویستە ڕای گشتیی کورد و کوردستان ئەو کەسانە بە باشی بناسێت کەوا ئەم شکستە گەورەیەیان بەسەر کورددا هێناوە و لێپرسینەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات.
پڕۆسەی ئەنتەگرەبوونی ڕۆژئاڤا لەگەڵ سووریا، کاردانەوەی توندی گەلی کوردستانی لێکەوتەوە. هاوکات میدیای پەکەکە هەوڵێکی فرەلایەنە دەدات بۆ ئەوەی کە ئەو کاردانەوە ڕەوایانە کەمڕەنگ و لاواز بکات و تێگەیشتنی ڕای گشتی بە حەز و ویستی خۆی ئاراستە بکات. ئەوان هەوڵێکی زۆر دەدەن تا خەڵک قەناعەت پێبکەن کە ئەوەی ڕوودەدات ‘پرۆسەیەکی ئاسایی’یە و تەنانەت ‘دەسکەوت’یشە. لە چوارچێوەی ئەم هەوڵەدا، سەرکردەکانی ڕۆژئاڤا جارێکی دیکە بە جوانترین جلوبەرگی خۆیانەوە لەبەردەم ڕای گشتیی کورددا نمایش دەکرێن. یەکێک لەو پلاتفۆرمە سەرەکییانەی کە ئەم هەڵمەتی سپیکردنەوەیە بەڕێوە دەبات، کەناڵی تەلەفزیۆنی “ئیلکە تی ڤی”یە کە لە تورکیاوە پەخش دەکات.
ڕۆژەڤی سەرەکیی “ئیلکە تی ڤی” ئەوەیە کە سیاسەتی ئەنتەگراسیۆنەکەی ئۆجەلان بە شێوەیەک بخاتەڕوو کە کورد قبووڵی بکات. بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژانە بەرنامەی تایبەت بڵاو دەکاتەوە. لەم دواییانەدا چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد ئەنجامداوە کە خزمەت بە ئامانجی ڕازیکردنی کورد دەکات بۆ قبووڵکردنی ئەو پرۆسەی تەسلیمبوونەی کە لە ڕۆژئاڤادا دەگوزەرێت.
چاوپێکەوتنەکەی ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ بانو گووڤەن لە کەناڵی “ئیلکە تی ڤی” بە تەواوی لەو چوارچێوەیەدا جێدەگرێت. چاوپێکەوتنەکەی بانو گووڤەن لە ڕێگەی سیناریۆیەکی وەها بە وردی ئامادەکراوە. بانو گووڤەن لێهاتوویی ڕۆژنامەوانی خۆی بە شێوەیەک نیشان دەدات کە پرسیارەکانی فەزایەک بۆ ئیلهام ئەحمەد دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بە تەواوی پرۆسەکە لە ڕۆژئاڤا بدات. لای خۆیەوە ئیلهام ئەحمەدیش وەک ئەوەی نوێنەری هەرێمێک نەبێت کە 15 هەزار شەهیدی بەخت کردووە، بەڵکوو وەک ئەوەی کە نوێنەری وڵاتێکی ئاوەدانی وەک نەرویج بێت، قسە دەکات. ئەو دووانە پێکەوە شێوازێکیان داڕشتووە کە ‘وەک ئەوەی مرۆڤ دارێکی گەورە تەنها بە گەڵایەک ێناسە بکات’، قۆناخی 15 ساڵەی ڕۆژئاڤا کە پڕاوپڕە لە فیداکاری و قوربانیدان، تەنها لە چەند کۆبوونەوەیەکدا لە دیمەشق سنووردار دەکات. ئەوان بە بەرتەسککردنەوەی بیرکردنەوە، ڕاستییەکان دەشارنەوە.
بۆ تێگەیشتن لە ڕاستییەکان، سەرەتا دەبێ بپرسین: ‘ئیلهام ئەحمەد کێیە؟’
ئیلهام ئەحمەد کە لە ناو پەکەکەدا بە “ڕۆناهی عەفرین” دەناسرێت، یەکێکە لەو سێ خوشکەی کەوا لە سەرەتای ساڵانی 1990دا، لە حەلەبەوە پەیوەندییان بەو پەکەکەوە کرد. ساڵانێک بوو کە کەسایەتییەکی دیار نەبوو. ڕۆڵی داهاتووی ئەو لەو کاتەدا گۆڕدرا کە پەکەکە، پەیەدەی دامەزراند. ئیلهام ڕۆڵی گرنگی لەناو ڕێکخراوەکەدا وەرگرت. ئەو بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕێگەی نزیکایەتییەوە لە جەمیل بایکەوە ئەمەی بەدەستهێنا. بە تایبەتی لەگەڵ ئەو پڕۆسەیەی کە لە ساڵی 2012 لە سووریا دەستی پێکرد، چارەنووسی ئیلهام گۆڕا و بوو بە کەسایەتییەکی دیار لە بواری دیپلۆماسیدا. لە کاتێکدا ڕۆژئاڤا لە خوێن و کۆمەڵکوژیدا دەخنکا و خەڵک بێ کارەبا و بە بێ ئاو دەژیان، خۆجوانکردنەکانی ئیلهام ئەحمەد لە ئارایشتگاکان و جلە گرانبەهاکانی لە پاریس لە ژێر پەردەی دیپلۆماسیدا، بوو بە بابەتی قسە و باسی ناو ڕیزەکانی پەکەکە؛ بەڵام هەموو کات لەلایەن سەرکردایەتی پەکەکەوە بەرگریی لێدەکرا و دەپارێزرا.
با داتاکان لە لایەک دابنێین، ئیلهام ئەحمەد ئەندامی ڕاستەوخۆی سەرکردایەتی پەکەکەیە و لە دەرەوەی هێڵی سیاسیی ئۆجەلان ناجووڵێتەوە. ئەمانە ئەو دەندانەن کە چەرخی سیستەمەکە دەسووڕێننەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە لە ڕخنەگرتن لەسەر دۆخی ڕۆژئاڤا، سەرنجی گەلی کوردستان تەنها لەسەر مەزڵووم عەبدی بێت، شیکارییەکی ناتەواوی لیدەکەوێتەوە. چونکە ئەو بە تەنها خۆی بڕیار نادات و ناجووڵیتەوە، بەڵکوو کەسانی وەک ئیلهام ئەحمەد، زاخۆ زاگرۆس، سیپان حەمۆ و باهۆز ئەرداڵ لە پشت کەسایەتیی مەزڵووم عەبدییەوە خۆین حەشار داوە.
خاتوو ئیلهام ئەو کەسەیە کە، لە هەموو پلاتفۆرمێکدا کە لە ئەمریکا و ئەوروپا دەرکەوتووە وتوویەتی: “ئێمە نامانهەوێت سووریا دابەش بکەین؛ ئێمە دەوڵەتی کوردیمان ناوێت؛ ئێمە فیدرالیزممان ناوێت”. هەرچەندە کورد لە ڕۆژئاڤا تا ئەمڕۆ هیچ گەرەنتییەکی دەستووری بەدەست نەهێناوە، بەڵام ئیلهام ئەحمەد کە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەڕوات و بانگەواز دەکات ‘هیچمان ناوێت’ و بە بێ هیچ داخوازییەک ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکات، یەکێکە لەو لایەنە سەرەکییانەی کە لە مانەوەی ڕۆژئاڤا لە ژێر ڕەحمەتی دیمەشقدا، بەرپرسیارە.
لە دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشقدا، پرسی ‘ناسنامەی نەتەوەی کورد و مافی چارەی خۆنووسینی کورد’ هێندە پەراوێز و پشتگوێ خراوە کە ئیلهام ئەحمەد، لە چاوپێکەوتنێکدا، بەم شێوەیە باس لە بابەتی پەروەردە بە زمانی کوردی لە ڕۆژئاڤا دەکات: ‘قوتابییەکان تا ئێستا بە زمانی کوردی قسەیان کردووە؛ خوێندکار ناتوانێت لەناکاو دەربازی زمانی عەرەبی بێت. ئەمە کێشەیەکی جدییە. ئەمە کێشە لەناو سیستەمەکەدا دروست دەکات. ئایندەی ئەکادیمی و پەروەردەیی منداڵەکان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە زیانی پێدەگات”.
بە واتایەکی تر، پرسی خوێندن بە زمانی کوردی لای خاتوو ئیلهام، مافێکی هەبوونی گەلان یان مافی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو بابەتی نۆت و نمرەی قوتابخانەی منداڵانە!
هەمان عەقڵیەت لە بواری نوێنەرایەتیشدا بەدیار دەکەوێت. بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ دیمەشق کراوە، ئیلهام ئەحمەد دەبێتە ئەندامی لیژنەیەک لە پەرلەمانی سووریا؛ بە واتایەکی تر دەبێتە پەرلەمانتارێک کە لەلایەن ڕێژیمی دیمەشقەوە دەستنیشان کراوە. ئەوانەی پێشتر و کاتێک کە ئەندامانی ENKS لە حەسەکە بۆ پەرلەمانی سووریا هەڵبژێردران دەیانگوت “بەشداریکردن لەم پەرلەمانەدا خیانەتە”، ئێستا دەستنیشانکردنی خۆیان وەک “سەرکەوتن” دەخەنەڕوو. ئیلهام ئەحمەد ئەوەندە سەرقاڵی ئەم بابەتەیە، ئەوەندە باسی ئەوە دەکات کە لە کام لیژنەدا دەبێت، نیو ئەوەندە باس لە مافە ڕەوکانی نەتەوەی کورد ناکات.
بەڵام پارادۆکسی ڕاستەقینە لێرەدایە: ساڵانێک بوو کە بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا، بە پەیڕەوکردنی پارادایمی ئۆجەلان، چەمکی ‘دەوڵەت’ی ئیدانە و شەرمەزار دەکرد. لە ڕوانگەی ئەوانەوە دەوڵەت سەرچاوەی خراپە بوو، لە بەرانبەردا بێدەوڵەتییان بە عەینی ئازادی دەزانی، هەربۆیەش نەدەبوو کورد داوای دەوڵەتی کوردستانی بکردایە. خاتوو ئیلهامیش ساڵانێکی زۆر بەرگری لەم حیکایەتە کرد.
کەواتە، ئەمڕۆکە دۆخەکە چۆنە؟
مەزڵووم عەبدی لە ڕێگادایە بۆ ئەوەی کە ببێت بە جێگری سەرۆکی کۆماری عەرەبیی سووریا؛ لە لایەکی دیکەوە ئیلهام ئەحمەدیش لە ڕێگادایە بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی هەمان ئەو دەوڵەتەدا دەستنیشان بکرێت… و هەوڵ دەدەن ئەمە وەک ‘دەستکەوتێک’ پێشکەش بە ئێمە بکەن. ئایا بڕیار نەبوو دەوڵەت خراپ بێت؟ کەواتە ئێوە لە ناو دەوڵەتی سووریادا چی دەکەن؟
خاتوو ئیلهام، بێ ئەوەی بە پێویستی بزانێت کە ئەم پێکناکۆکی و پارادۆکسە بشارێتەوە، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: “ئەو دۆخەی ئێستا تێیداین، دۆخی بەشداریکردنە لە دەوڵەتدا، ئێمە چیتر لە دەرەوەی ئەم دەوڵەتە نامێنینەوە، ئێستا لە سووریادا، کورد بەشێکە لە دەوڵەت”.
بەکورتی: کورد ئەگەر دەوڵەتی سەربەخۆ یان فیدراتیڤی خۆی هەبێت، “خراپ و دواکەوتووانەیە”، بەڵام هاوڵاتی بوون یان فەرمانبەرێکی ئاسایی لە ناو دەوڵەتی عەرەبیی سووریا کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بناخەکەی دانرابێت، یان دەوڵەتێک کە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە دامەزرابێت، “ئازادی و دەستکەوتە”!
دیارە ئیلهام ئەحمەد ئێستا تێگەیشتووە کە هێز لە کوێدایە؛ بۆیە بەو زانیارییە باشەی کە لەسەر تەواوی کاریگەرییە یەکلاکەرەوەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر سووریا و ئۆجەلان و پەکەکە هەیەتی، ئەویش ئەوەی لەدەستی بێت لە ستایشکردنی ئەنقەرە و ستایشکردنی ئۆجەلان، درێغیی ناکات.
لە کۆتاییدا؛
ئەو دەرئەنجامەی کە پاش 15 ساڵ ماڵوێرانی، بە هەزاران هەزار شەهید و ئازاری بێکۆتایی کە گەلی کورد تووشی بووە، دەبووا لانیکەم قەوارەیەکی ئیداری-سیاسییان هەبوایە. بەڵام بەداخەوە ئەوەی بەدەست هاتووە لە چەند کورسییەکی پەرلەمانی دیمەشق و سواڵکردن بۆ زمانی کوردی و هەندێک مافی تاکەکەسی لەسەر ئاستی پەنابەران زیاتر، هیچیتر نیە. ئەوانەی دەیانگوت “ئێمە دژی دەوڵەتین”، ڕێگرییان لە بەدەستهێنانی قەوارەیەکی کوردی دەکرد، هەنووکە تێکەڵبوون (ئەنتەگرەبوون) لەناو ڕێژیمی عەرەبیی سووریادا، وەک سەرکەوتنێک پیشان دەدەن. نابێ ڕای گشتی کورد لەژێر ناوی هیچ چەواشەکاری و پاساوێکدا ئەو شکستە گەورەیە قبووڵ بکات کە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ئەزموون کراوە. پێویستە ڕای گشتیی کورد و کوردستان ئەو کەسانە بە باشی بناسێت کەوا ئەم شکستە گەورەیەیان بەسەر کورددا هێناوە و لێپرسینەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات.