درز لە سیاسەتی کورداندا: ڕۆژئاڤا، باکوری کوردستان و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ڕەزامەندی

ئەو ئەرکەی کە پەکەکە ماوەی 50 ساڵە بەڕێوەی دەبات و لە ئەنجامدا نائومێدی و شکستی گەورەی بۆ نەتەوەی کورد دروستی کردووە، بە ڕێکەوت نەبووە.
لە ڕێکەوتی 25ی تەباخدا، مەزڵووم عەبدی لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق ڕایگەیاند کە “هەسەدە هەڵوەشاوەتەوە و سەردەمێکی نوێ دەستی پێکردووە”. دوای ئەمە، دەستبەجێ مەزڵووم عەبدی وەک ڕاوێژکار “موستەشار”ی سەرۆک کۆماری سووریا دەستنیشانکرا. ئەم لێدوانە و شێوازی ئەرکدارکردنەکەی لە بنەڕەتدا تووڕەیی و کاردانەوەی گەورەی گەلی کوردی لێکەوتەوە؛ چونکە ئەو پرۆسەیەی کە پێی دەگوترا “شۆڕشی ڕۆژئاڤا”، بەم شێوەیە کۆتایی پێهات.
بۆ یەکەمجار لە سەدەی ڕابردوودا گەلی کورد پشتیوانییەکی وا بەهێزی بۆ بەشێکی کوردستان نیشان دابوو. نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان ڕۆژئاڤای لە ئامێز گرت. گەنجانی کورد لە باشوور و باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە چوونە ڕۆژئاڤای نیشتمان و شەڕیان کرد؛ هەر چوار پارچەی کوردستان لەپێناو ڕۆژئاڤادا شەهیدیان دا و کورد لە هەموو شوێنێک بۆ بەرگری کردن لە عەفرین و سەرێکانی ڕاپەڕین. ڕۆژئاڤا هیوایەکی گەورە بوو. بێگومان ئەم خاڵەی، کە دوای 15 ساڵ پێی گەیشتووە، نائومێدی و تووڕەیی و کاردانەوەیەکی گەورەی خوڵقاندووە؛ هەروەک لە ڕابردوودا هیوا و پشتگیرییەکی گەورەی خوڵقاندبوو.
کاردانەوەی کورد بەرامبەر بەوەی لە ڕۆژئاڤا دەگوزەرێت، ڕەوا و گونجاوە. هەموو ئەو ڕەخنانەی دەگیردرێن مانادارن و لە هەستی نیشتمانپەروەرییەوە سەرچاوە دەگرن. لە ڕاستیدا کورد لە ساڵی 2025 بەملاوە لەگەڵ شکست و تراڤمایەکی قووڵ بەرەوڕوو بووە.
یەکەم هەنگاوی ئەم شکستە باکووری کوردستانە. دوای شەڕی خەندەقەکانی پەکەکە، بەڕاستی باکووری کوردستان لەگەڵ هەستێکی قووڵی نائومێدی و تەسلیمبوون بەرەوڕوو بوو. بەڵام هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکخراوە لەلایەن ئۆجەلانەوە لە ساڵی 2025دا – بەبێ ئەوەی داوای گەرەنتی دەستووری بۆ کورد بکات یان بنەمایەک بۆ دانوستان پێشکەش بکات – ئەم تەسلیمبوونەی کردە تووڕەیی و شکستێکی قووڵتر. خەڵکی باکووری کوردستان 47 ساڵە، ئاگاهانە لە دەوری پەکەکە کۆبوونەتەوە. لەگەڵ هەنگاوی 15ی تەباخی 1984دا و بۆ ماوەی 41 ساڵ، بەو باوەڕ و بەڵێنەی کە ئازادی لە ڕێگەی خەباتی چەکدارییەوە بەدەست دێت، لە دەوری پەکەکە کۆبوونەوە.
لە ئەنجامدا، هیچ بەدەست نەهات
هەنگاوی دووەم، شکستی ڕۆژئاڤایە. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، هەموو گەلی کورد، ئومێدێکی زۆریان بە ڕۆژئاڤا هەبوو؛ پێیان وابوو دوای باشووری کوردستان ڕۆژئاڤا چارەنووسی بێدەوڵەتبوونی کورد دەشکێنێت. بەڵام ڕۆژئاڤا بە پرۆسەیەکی نەعەقڵانی و بێ واتادا بە ناوی “ئەنتەگراسیۆن” لەناو چوو، کە تەنانەت ناتوانرێت بە “تەسلیمبوون”یش ناوزەد بکرێت. ئەنجامەکەی بۆ کورد شکستێکی گەورە بوو. ئەم دوو پراکتیکە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ئێستا و داهاتووی کورد دەبێت. بێگومان بەو پێیەی هەردوو پرۆسەکە لە سەر دەستی پەکەکە بەڕێوە دەچن، هەموو چاوەکان لەسەر پەکەکەیە و دەبێ پەکەکە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت و وەڵامدەر بێت.
هەڵمەتی سێ لایەنە بۆ “بەرهەمهێنانی ڕەزامەندی”
پەکەکە بە بینینی تەشەنەکردن و تراڤمای قووڵ لە نێو گەلدا و لە ترسی وازهێنانی جەماوەر، دەستپێشخەرییەکی فرەلایەنە و هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەیی دەستپێکردووە. لە ڕاستیدا وەک بیرمەندی بەناوبانگ نوام چۆمسکی بە ڕاستی ڕوونی کردۆتەوە، هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ “بەرهەمهێنانی ڕەزامەندی” و ڕازیکردنی کۆمەڵگە دەستپێکردووە. کادیرە پێشەنگ و باڵاکانی پەکەکە وەک باییک و قەرەسوو، بە هیچ شێوەیەک باسی ئەو بابەتە ناکەن؛ وەک ئەوەی هیچ پەیوەندییەکیان بەو شتەوە نەبێت کە ڕوویدا. بەڵام نووسەران و هونەرمەندان و کەسایەتییەکانی سۆشیال میدیای نزیک لە پەکەکە ڕوانگەیەکی ڕێکخراویان بۆ ئەم بابەتە گرتووەتەبەر. ئەم پڕوپاگەندەیە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سێ بەرەدا ئەنجام دەدرێت:
1ـ بێدەنگکردن لەسەر بنەمای توندوتیژی: پەکەکە هێرشێکی بەرفراوانی دستپێکردووە و هەڕەشە لەو کەسانە دەکات کە ڕەخنە دەگرن و هەوڵدەدەن ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن. لە ڕوانگەی پەکەکەوە، هەرکەسێک ڕەخنە لەو کارانە و پڕۆسەی تەسفیەکردن لە باکووری کوردستان و تورکیا بگرێت، ئەوە خائینە.
2ـ بەرهەمهێنانی ڕەزامەندیی سیاسی: هەوڵی دووەمیان ئەوەیە کە ڕوونکردنەوەیەکی گوایە سیاسی و ناوچەیی بۆ ڕووداوەکان دروست بکەن و خەڵک قەناعەت پێبکەن کە ئەوەی ڕوویدا پێویستییەک بووە. پەکەکە بە یەک دەنگ دەڵێ: “هەلومەرجی نێودەوڵەتی ڕێگەی نەدەدا؛ لە ڕۆژئاڤا کۆمەڵکوژی ڕووی دەدا؛ ئەم هەنگاوانە ڕێگرییان لە کۆمەڵکوژی کرد؛ سەردەمێکی نوێی خەبات دەستی پێکردووە؛ وەرن جارێکی دیکە شانبەشانی ئێمە خەبات بکەن”.
3ـ ئیستیسمار کردنی هەست و سۆز و شەهیدبوون: لەگەڵ زیادبوونی دوورکەوتنەوەی گشتی و دژایەتیکردنی پەکەکە، ئەو حیزبە پەنای بۆ کار کردن لەسەر لایەنی هەست و سۆزی گەل لە ڕێگای سیاسەتی شەهیدبوون و ماتەمینی بردووە. لەم دواییانەدا ناوی سەدان گەنج یەک بە یەک بڵاوکراونەتەوە کە لە پێکدادانەکانی ساڵانی 1990دا گیانیان لەدەستداوە و بەم بۆنەوە مەراسیمی ماتەمینی بەڕێوە دەچن و بنەماڵەکان بۆ لەدەستدانی ڕۆڵە ڕاستەقینەکانی خۆیان، خەمبار دەبن و شین دەگێڕن، بەڵام پەکەکە بۆ ئەوەی کە شکستەکانی خۆی بشارێتەوە، کەڵکاژۆ لەم کەشوهەوا سۆزدارییە وەردەگرێت. پەکەکە خەم و ماتەمینی گەل وەکوو ئامرازێک بۆ فریودانیان بەکار دەهێنێت.
پەکەکە و سیاسەتی “ئاکڤاریۆم”ی دەوڵەتی تورک
دەوڵەتی تورکیا چ بە نهێنی و چ بە ئاشکرا پشتیوانی لە سیاسەتی سێ لایەنەی پەکەکە بۆ “بەرهەمهێنانی ڕەزامەندی” دەکات. دەوڵەتی تورکیش وەک پەکەکە زۆر لەوە دەترسێت کە گەلی کورد لە پەکەکە دوور بکەوێتەوە. هەر بۆیە دەوڵەتی تورکیا، پەکەکە وەک “ئاکڤاریۆم” بەکار دەهێنێت هەتا کورد لە دەوری ئەو کۆببێتەوە. لە کۆتاییدا “ئەگەر هەموو ماسییەکان لە ئاکڤاریۆمەکەی تۆدا بن، ئەوا هەموو ماسییەکان هی تۆن”. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە دەوڵەتی تورکیا، مانەوەی کورد لە دەرەوەی ئاکڤاریۆم و چوونە ناو کایە فیکری و سیاسییە سەربەخۆکان وەک هەڕەشەیەک دەبینێت. ئامانجی سەرەکی دەوڵەت ئەویە کە کورد لە ژێر یەک گوتار و ناوەنددا، کۆنترۆڵ بکات؛ بە تایبەتی کۆکردنەوەی نەتەوەی کورد لە ژێر چەتری “ناسنامەی باڵای تورکبوون”دا، ستراتژی سەرەکی دەوڵەتی تورکیایە.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەوڵەت ئازادیی بێسنووری کارکردن بە کادیرانی پەکەکە دەدات. “وەیسی ئاکتاش و چەتین ئارکاش”، کە بە ئەندامی سکرتاریەتی ئیمرالی ناسراون، لە هەر شوێنێک کە کوردی لیدەژیت، وەک شازادە پێشوازییان لێدەکرێت. ئەوان دەتوانن ڕۆژانە لەگەڵ سەرۆک شارەوانی و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان لە ئامەدەوە تا ئەستەنبوڵ کۆببنەوە.
هەروەها دەوڵەت هەڵمەتێکی میدیایی دەستپێکردووە. نووسەران و کاریکاتێریستەکانی تورکیا هەوڵ دەدەن کورد قەناعەت پێبکەن کە هەموو شتێک “بۆ چاکەی کوردە”. کەسانی وەک “روشەن چاکر و توگچە تاتاری” هێرش دەکەنە سەر ئەو کوردانەی کە ڕەخنە لە پەکەکە دەگرن. “جەنگیز چاندار”، پەرلەمانتاری دەم پارتی و باوکی بیرۆکەی نیو ـ عوسمانیزم، لێدوانی توندی لە دژی ئەو کوردانە داوە کە ڕەخنەیان لە پرۆسەکە هەیە و وتی: “چیتان بۆ بکەن؟ ئەگەر ئێوە بەدڵتان نییە، شاخەکان چاوەڕێتان دەکەن، دەتوانن بڕۆن”.
لە ئەنجامدا کورد لە دووڕێیانێیەکی گەورەدایە:
لە لایەک بژاردەی پاشەکشە دوای ئەو هەموو قوربانیدان و خیانەت و تەسلیمبوون و هەڵوەشانەوە و نائومێدییە؛
لە لایەکی دیکەوە بژاردەی درێژەدان بە ژیان لە ناو ئاکڤاریۆمەکەی پەکەکە و قبووڵکردنی ژیانێکی ژێردەستانە و بێمانا.
لە ڕاستیدا هەردوو ڕێگاکە، لە درێژخایەن و کورتخایەندا، مانای عاسێ بوونە لە نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکەدا. چونکە قبووڵکردن بە واتای “تێکەڵبوون (ئەنتەگراسیۆن)ـە لە سیاسەتەکانی ئێستادا کە کورد ئینکار دەکات”؛ لە لایەکی ترەوە نائومێدی بە واتای پاشەکشەکردن و وتنی “هیچ شتێکی تر نییە کە بکرێت” دێت کە ئەویش بریتییە لە جێهێشتنی مەیدان بۆ ئەنتەگراسیۆنچییەکان.
بۆیە دۆزینەوەی ڕێگەی سێیەمی ڕاستەقینە لە دژی سەرجەم ئەم پرۆسەیەدا، بە تاکە ڕێگای ڕاست و دروست بۆ گەلی کورد دادەنرێت. ئەمەش ئەرکی هەموو کەسێکی نیشتمانپەروەرە و پێویستە بە قووڵی گفتوگۆ و مشتومڕی لەسەر بکرێت.
بەڵام لێرەدا کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە کورد دەبێ بزانێت ئەو ئەرکەی کە پەکەکە ماوەی 50 ساڵە بەڕێوەی دەبات و لە ئەنجامدا نائومێدی و شکستی گەورەی بۆ نەتەوەی کورد دروستی کردووە، بە ڕێکەوت نەبووە.