زیندانی کۆبانێ کە 9 کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا، لەلایەن کێیەوە بەڕێوە دەبرێت؟

زیندانی کۆبانێ کە 9 کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا، لەلایەن کێیەوە بەڕێوە دەبرێت؟

خەڵکی کۆبانێ لە نێوان ڕێژیمی دیمەشق و ئەو سیستەمە ئیدارییەی کە کادیرەکانی پەکەکە بەڕێوەی دەبەن، گیریان خواردووە.

دوای خۆسووتاندنی 9 زیندانی لە کۆبانێ، ئەو پرسیارە سەرەکییەی کە هاتۆتە ئاراوە ئەوەیە: “کێ بەرپرسیارە لەم ڕووداوە؟”

ئاگرکەوتنەوەیەک کە کاتژمێر 02:00ی بەرەبریانی 12ی ئەیلول لە زیندانی کۆبانێ دەستیپێکرد، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 9 زیندانی. بەگوێرەی ئیفادەی بریندارەکان، ئاگرەکە بەخێرایی تەشەنەی سەندووە و تەواوی هۆدەکەی گرتۆتەوە، چونکە ئەو دۆشەکانەی کە ئاگریان گرتووە ئیسفەنج بوون و هەروەها کەفپۆش و مافوورەکانی ناو هۆدەکەش، لە نایلۆن دروستکراون. دیسان بەگوێرەی ئیفادەی بریندارەکان، بەرپرسانی زیندانەکە ئامادە نەبوون دەرگاکە بکەنەوە و زیندانییەکان بۆخۆیان دەرگاکانیان شکاندووە بۆ ئەوەی لە ئاگرەکە ڕزگاریان بێت.

بەهۆی دڕندەیی ئەم ڕووداوە، پرسی ناسنامەی بەڕیوەبەرایەتیی زیندانی کۆبانێ کەوا زیندانییەکانی ناچار بە خۆسووتاندن کردووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 9 کەس، کەوتۆتە ڕۆژەڤەوە.

تا ئێستا لەو بارەیەوە هیچ ڕاگەیاندراوێک لە لایەن کوردانی ڕۆژئاڤاوە نەدراوە. نە بەڕێوەبەریی خۆسەر و نە سیاسەتمەدارە دیارەکانی وەک مەزڵوم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد و فەوزا یووسف و نە یەپەگەش ڕوونیان نەکردووەتەوە کە کێ زیندانەکە بەڕێوەدەبات.

بەڵام یەکەم ڕاگەیاندراوی فەرمی لە لایەن فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەبەوە بڵاو کرایەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت. هەستیارترین خاڵی بەیاننامەکە ئەوە بوو کە کێ زیندانەکە بەڕێوە دەبات. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “هێشتا بەڕیوەبەرایەتیی زیندانی کۆبانێ بە فەرمی نەگوازراوەتەوە بۆ دامودەزگاکانی حکومەت لە دیمەشق و پرۆسەی گواستنەوەکە لە چوارچێوەی ڕێکارێکی دادوەری و یاساییدا ئەنجام دەدرێت”.

ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئیدارەی زیندانی کۆبانێ، لەژێر کۆنترۆڵی “پەیەدە”دایە. ئەوەی کە بەرپرسانی ڕۆژئاڤا تا ئێستا ئەمەیان ڕەت نەکردۆتەوە، بەو مانایەیە کە بە بێدەنگی بەیاننامەکەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب پشتڕاست دەکەنەوە.

هەر لە سەرەتای ڕووداوەکەوە، میدیاکانی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکە، لە ڕاپۆرتەکانیاندا لێدوانی گشتییان بەکاردەهێنا و ئێش و ئازار و مەینەتی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکانیان پشتگوێ دەخست. لە بنەڕەتدا ناسنامەی لایەنی سەرەکیی بەرپرسیار لەم ڕووداوە و هەندێک لایەنی جەوهەریی خودی ڕووداوەکەش دەشاردرێتەوە.

ئەو دەرەنجامەی کە بەم شێوەیە هاتۆتە ئاراوە ئەمەیە: بەرپرسانی زیندانەکە لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا ئامادە نەبوون کە دەرگاکان بکەنەوە بۆ ئەوەی زیندانییەکان بتوانن خۆیان لە ئاگرەکە دەرباز بکەن و ئەو بەرپرسانەش سەر بە بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤان. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئاگرەکە لەبەر ئەوە دەستی پێکرد کە بەرپرسانی زیندانەکە دەیانویست ئەو گەنجانەی کە لەسەر دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کوشتنی وەحشیانەیی “سیپان حزنی” دەستبەسەر کرابوون، بۆ زیندانێکی شاری حەلەب بگوازنەوە. بەڕیوەبەریی زیندانی کۆبانێ بڕیاری دابوو کە ئەو گەنجانەی لە سەر دۆسیەی سیپان حزنی دەستبەسەر کرابوون بگوازنەوە بۆ حەلەب، چونکە پێیان وابوو ناڕەزایەتییەکان دژی پرۆسەی ئەنتەگراسیۆن دەبن. لە دژی ئەم بڕیارەی بەڕیوەبەریی زیندانەکە بوو کە زیندانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی و ئاگریان لە گرتنگەکە بەردا. دوای ئاگرکەوتنەوەکەش بەرپرسانی زیندانی کۆبانێ دیسان پێداگرییان لەسەر نەکردنەوەی دەرگای هۆدە گڕگرتووەکەی زیندانەکە کرد؛ لە ئەنجامدا زیندانییەکان بۆخۆیان دەرگاکەیان شکاند. بە واتایەکی تر بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا ویستی ئەو گەنجانەی کە بەرامبەر بە کوشتنی وەحشیانەی سیپان ناڕەزایەتیان دەربڕیبوو، ڕادەستی حکومەتی دیمەشق بکات و ئەمەش بووە هۆی خۆپیشاندان و ئاڵۆزیی ناو زیندانەکە.

بەڕاستی ئەمە خاڵێکی شکستە بۆ خەڵکی کۆبانێ. جگە لەوەش، ئیحمەد جمۆ، مامی بۆزان دالی کە یەکێک بوو لەو گەنجانەی کورد کەوا لە ڕووداوەکەدا گیانی لەدەستدا، قسەی بۆ میدیاکان کرد و وتی: “ئایا کەس نەبوو دەرگای هۆدە گڕگرتووەکەی زیندانەکەیان بۆ بکاتەوە، ئەگەر ئەو دەرگایانە کراوە بوونایە، ئەم کارەساتە ڕووی نەدەدا”.

ئیدارەی ڕۆژاڤا هیچ ڕەخنە و ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە لێپێچینەوە لە بەرپرسانی ئەو ڕووداوە بڵاونەکردۆتەوە. خەڵکی کۆبانێ زۆر تووڕەن چونکە دەزانن بەرپرسایەتی ئزیندانەکە لە ئەستۆی کێیە و کێ بەرپرسیارە لەوەی کە دەرگای هۆدە گڕگرتووەکەی زیندانەکە بەڕووی زیندانییەکاندا نەکراوەتەوە. مەزڵووم عەبدی، موستەشاری جۆلانی، بەپەلە خۆی گەیاندە کۆبانێ بۆ ئەوەی کە بۆ ڕێگری لە کاردانەوەی فراوانتری خەڵک و ڕای گشتی بکات.

جگە لەوەش، سەرچاوەکانی دارکا مازی لە ناوچەکەدا باس لەوە دەکەن کە کادیرانی یەپەگە لە کەسوکاری ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە نزیکبوونەتەوە و پێیان وتوون: “قسە لەگەڵ میدیاکان مەکەن، با ئەمە لەنێو خۆماندا چارەسەر بکەین، ئێمە دەتوانین لە دۆخی دژواری دارایی ڕزگارتان بکەین”.

ڕووداوەکانی کۆبانێ لە بنەڕەتدا جەوهەری ئەو پرۆسەیەن کە لە ڕۆژئاڤا ڕوودەدات. ئەم دۆخە لە لێدوانێکدا کورتکراوەتەوە کە لەلایەن ئامۆزای مەحمود سابیت چەلۆ تەمەن 21 ساڵ (کە لە ئاگرەکەدا شەهید بووە) بە میدیاکان دراوە. چەلۆ لە لیدوانەکەیدا دەڵێت: “ئەوەی دەگوزەرێت لەڕاستیدا کۆمەڵکوژییە بۆ کۆبانێ، کۆمەڵکوژیی شەشەمی کۆبانێیە… دەرگاکان زۆر درەنگ کرانەوە، ئەگەر دەرگاکان زووتر کرابانەوە، ئەمە ڕووی نەدەدا. زیندانییەکان بۆخۆیان دەرگاکەیان شکاند، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە زۆر درەنگ بوو، قوربانییەکان بەهۆی ئاگر و دووکەڵەوە گیانیان لەدەستدا. زیندانەکە لەژێر چاوەدێریدایە و کامێرا هەیە. ژیانی تاکەکان لە ژێر هەڕەشەی مردندایە، ئێمە هەموو جۆرە مردنێکمان بینیوە، ئێستاکەش مردنی بە ئاگریشمان بینی. هەموو شتێک لەبەر چاوی ئێمەدا ڕوودەدات، ئەوانەی سووتان خەڵکی کۆبانێن، پاسەوانەکانی زیندانەکە خەڵکی کۆبانێن و بەڕیوەبەرانی زیندانەکەش دیسان هەر خەڵکی کۆبانێن”.

کۆبانێ جارێکی تر بریندار دەبێت، کۆبانێ دووبارە مەغدوور دەبێت.

خەڵکی کۆبانێ لە نێوان ڕێژیمی دیمەشق و ئەو سیستەمە ئیدارییەی کە کادیرەکانی پەکەکە بەڕێوەی دەبەن، گیریان خواردووە.

ئەو ئیدارە و بەڕێوەبەریەی کە بە ناوی ڕۆژئاڤاوە کاردەکات، نە ئیرادەی ڕەخنەگرتن لە خۆی نیشان دەدات و نە بەرپرسیارێتی ئەم ڕووداوە جەرگبڕە لە ئەستۆ دەگرێت.

Share