لە سەربەخۆیی کوردستانەوە بۆ تێکەڵبوون (ئەنتەگراسیۆن) لە ناو کۆماری تورکیادا ـ 3

بۆچی داخوازیی کورد بۆ دەوڵەت، بە دواکەوتوویی دادەنرێت، بەڵام ئەنتەگرەبوون لەگەڵ تورکیادا وەک گەشەسەندنی فیکری دەخرێتەڕوو؟
سمکۆ عەبدولعەزیز
گۆڕانکارییەکانی ناو پەکەکە و ئەو پرسیارانەی کە لەسەر (خوێن، ناسنامە و بەرپرسیارێتی) دروست بوون
بەشی سێهەم: کاتێک کە پەکەکە هەوڵیدا ببێتە نەتەوە
یەکگرتوویی کورد بە بەستنی کۆنگرەیەکی نوێ دەست پێناکات
حیزبەکان لە ئەنجامی پێداویستییەکانی گەلانەوە سەرهەڵدەدەن، بەڵام لەگەڵ گەشەکردنی هێزیاندا، لەوانەیە لەبیریان بچێت کە ئەوان تەنیا ئامرازێکی کاتین لە مێژووی ئەو نەتەوەیەدا کە زۆر لە حیزبەکە دێرینترە. کاتێک حیزب و نەتەوە تێکەڵ دەکرێن، ئیدی جیاوازیی ڕوانگەکەن مافێکی سیاسی نییە، بەڵکوو دەگۆڕدرێت بۆ گومانێکی نەتەوەیی. ڕێکخراوەکە چیتر نوێنەرایەتی کورد ناکات، بەڵکوو بۆخۆی بڕیار دەدات کە کێ کوردە و کێ شایستەی ئەوەیە کە سیفەتی نیشتمانپەروەریی پێبدرێت.
لێرەدا یەکێک لە قووڵترین کێشەکانی ئەزموونی پەکەکە، بەدیار دەکەوێت. پەکەکە بۆ دژایەتیکردنی نکۆڵیکردن لە هەبوونی گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دامەزرا، بەڵام هیچکات بیاڤێکی وەهای دروست نەکرد کە ڕێگە بە فرەیی ئیرادەی کورد بدات.
سەرچاوەکانی مافپەروەری و ئەکادیمیا باس لەوە دەکەن کە بەشێک لە خەباتە سەرەتاییەکانی لە دژی ڕێکخراوە کوردی و چەپڕەوە ڕکابەرەکان بووە و وردە وردە هەوڵیداوە کە دەسەڵاتی خۆی بەسەر نوێنەرایەتی سیاسی کورددا بسەپێنێت و بەمەش جیاوازییەکی مێژوویی سەریهەڵداوە:
بزووتنەوەیەک بۆ پێناسەکردنی ناسنامە، بەرەنگاری قۆرخکاریی دەوڵەت بوویەوە، بەڵام بۆ پێناسەکردنی نیشتمانپەروەری، قۆرخکارییەکی دیکەی لەناو خۆیدا دروستکرد. هەرکەسێک یان لایەنێک کە پابەندی هێڵی پەکەکە دەبوو، بە شۆڕشگێڕ هەژمار دەکرا، هەرکەس و لایانێکیش کە ڕای جیاواز لە پەکەکەی هەبوو، بە سیخوڕ یان ئامرازێک لە دەستی زلهێزە دەرەکییەکان دادەنرا.
لە لایەن پەکەکەوە، ئیدی مرۆڤی کورد بە پێی دڵسۆزیەکەی بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەی پێوانە نەدەکرا، بەڵکوو بە پێی نزیکایەتییەکەی لەگەڵ ئایدۆلۆژیای ئۆجەلان و سەرکردایەتی ڕێکخراوەکەدا پێوانە دەکرا.
درێژەی بەو ئایدۆلۆژیایە دا و بردیە ناو باشووری کوردستانیش. پەکەکە لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) وەک دوو دەربڕینی مێژوویی کۆمەڵگەی کوردی مامەلە بکات کە بارودۆخ و ئەزموونی خۆیانیان هەیە، لەگەڵیاندا کەوتە ناو پێکدادانی سیاسی و سەربازییەوە، بەتایبەتی لە ساڵانی نەوەدەکاندا.
ئاماژەدان بەم پێکدادانانە، بە مانای پاککردنەوەی هەڵەکان نییە، هەروەها بە مانای گۆڕینی ڕەخنە بۆ بەرگریکردن لە حیزب و لایەنێکی بەرهەڤکار نییە. هەموو حیزب و لایەنە کوردییەکان لەژێر پرسیاردان.
بەڵام مەترسییەکە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە حزبێک، تەنها بە کێبڕکێ لەگەڵ ئەوانی دیکەدا ڕازی نابێت، بەڵکوو هەوڵ دەدات شەرعیەتی نەتەوەیی لەوان وەربگرێتەوە و ئایدۆلۆژیاکەی خۆی دەکاتە تاکە پێوەر بۆ بڕیاردان لەسەر نیشتمانپەروەربوونی ئەوان.
ئەم پێکناکۆکییە بە ڕوونی لە کۆبوونەوەکەی ئۆجەلاندا لەگەڵ بەڕێوەبەریی قەندیلی پەکەکەدا بەدیار دەکەوێت. ئۆجەلان پرۆژەی بارزانی بە پرۆژەیەکی “دەوڵەت ـ نەتەوە”ی نزیک لە “ئەمارەت” وەسف دەکات و تۆمەتباری دەکات بەوەی پەیوەستە بە پڕۆژەکانی بەریتانیا و ئیسرائیلەوە، دواتر داوا لە پارتی و یەکێتی و هێزەکانی دیکە دەکات یەکێتییەکی دیموکراتیکی کوردی پێکبهێنن.
بەڵام ئەمە چ یەکگرتوویەکە ئەگەر پەکەکە بەر لە ئێستا هیچ لایەنێکی دیکەی قبووڵ نەبووبێت، پرۆژەی لایەنەکانی دیکەی ئیدانە کردبێت و مافی پێناسەیەکی نەتەوەیی ڕاستەقینەی تەنها بە خۆی دابێت؟
یەکێتییەک کە لەژێر پەراوێزی حیزبێکدا بنیات بنرێت، یەکێتیی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو فراوانکردنی دەسەڵاتی ئەو حیزبەیە. یەکڕیزی و یەکێتی و یەکگرتوویی بەو مانایە نییە کە تاکە جیاوازەکان لە پڕۆسەیەکی یەکگرتوودا بتوێندرێنەوە، بەڵکوو بەو واتایە دێت کە هەمووان دان بەوەدا بنێن کەوا نەتەوە لە حیزب بەرفراوانتر و جیاوازی لە تێگەیشتنی دەوڵەت، فیدرالیزم یانیش ئەنتەگراسیۆندا، خاوەنی خۆی ناکات بە دوژمنی گەل.
پاشان پێویستە پرسیاری پێوەرێک بکرێت:
بۆچی داخوازیی کورد بۆ دەوڵەت، دەیکات بە نەتەوەیەکی دواکەوتوو یان بە پڕۆژەی میرنشین (ئەمارەت) وەسف دەکرێت، لە کاتێکدا ئەنتەگرەبوون لەگەڵ کۆماری تورکیادا وەک پێشکەوتن و گەشەسەندنی فیکری دەخرێتەڕوو؟
بۆچی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لایەنە کوردستانییەکانی دیکە دەبنە پاشکۆبوون بۆ جیهانی دەرەوە، لەکاتێکدا پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی پەکەکە، بە پێداویستییەکانی شۆڕش دادەنرێن؟
پەکەکە ڕۆڵێکی حاشا هەڵنەگری لە بەرەنگاربوونەوەی تواندنەوە و بوژانەوەی هۆشمەندیی کورد لە باکووری کوردستاندا هەبوو، بەڵام ئەگەر خاوەندارێتی شوناس بگوازرێتەوە بۆ حزب، شکاندنی قۆرخکاریی دەوڵەت لەسەر ناسنامە ناتەواو دەبێت.
نەتەوە حیزبێکی بەرفراوانکراو نییە، نیشتمانپەروەرییش بڕوانامەیەک نییە کە سەرکردایەتی حیزبێک بیدات بەو کەسانەی کە لەگەڵ پەکەکەدا هاوڕان و لەو کەسانەشی وەربگرێتەوە کە وەکوو پەکەکەییەک بیر ناکەنەوە.
حیزبەکان قۆناغێکن لە مێژووی نەتەوەییدا، هەندێکیان ڕاست دەڕۆن و هەندێکیان بە هەڵەدا دەڕۆن، هەندێکیان هەڵدەستنەوە و هەندێکیش دەڕوخێن، لە کاتێکدا کە گەل وەک خاوەن مافە ڕەسەنەکانی خۆی، دەمێنێتەوە.
بۆیە یەکگرتوویی کورد بە بەستنی کۆنگرەیەکی نوێ دەست پێناکات، بەڵکوو بە شۆڕشێکی فیکری لە ناو هەموو حیزبەکاندا دەستپێدەکات: هەموو ڕێکخراوێک دەبێت واز لەوە بهێنێت کە خۆی وەک نیشتمان بخاتەڕوو و دەبێ جێگا و پێگەیی ڕاستەقینەی خۆی وەک دەنگێک لە دەنگەکانی میللەت قبووڵ بکات. حیزبێک کە لە نەتەوە گەورەتر بکرێت، ئازادی دەستەبەر ناکات، بەڵکوو ئیرادەیەک بە ئیرادەیەکی تر دەگۆڕێت.