لە سەربەخۆیی کوردستانەوە بۆ تێکەڵبوون (ئەنتەگراسیۆن) لە ناو کۆماری تورکیادا ـ 5

نابێ ئاشتی لە ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەت و سەرۆکێکی بەندکراو لە زینداندا کورت بکرێتەوە و گەل تەنها گوێڕایەڵیی بۆ بمێنێتەوە. ئۆجەلان دەتوانێت ڕێکخراوێک هەڵبوەشێنێتەوە کە بۆخۆی دایمەزراندووە، بەڵام بۆی نیە کۆتایی بە دۆزی نەتەوەیەک بهێنێت کە ئەو دروستی نەکردووە.
سمکۆ عەبدولعەزیز
گۆڕانکارییەکانی ناو پەکەکە و ئەو پرسیارانەی کە لەسەر (خوێن، ناسنامە و بەرپرسیارێتی) دروست بوون
هەڵوەشانەوەی پەکەکە بە مانای چارەسەرکردنی پرسی کورد نیە.
بەشی پێنجەم: ئاشتی یان ناوێکی نوێ بۆ شکست؟
ئاشتی تەنها بە بێدەنگبوونی چەک ناپێورێت، بەڵکوو پێویستە بە پێی ئەو مافانە پێوانە بکرێت کە لە دوای بێدەنگبوونی چەکەکانەوە دەستەبەر دەبن. شەڕ دەتوانێت بە دوو شێوە کۆتایی پێبێت: یان لەبەر ئەوەی ستەمەکە کۆتایی هاتووە یان لەبەر ئەوەی لایەنێک چیتر ناتوانێت درێژەی پێبدات.
یەکەمیان ئاشتییەکە کە لەسەر دادپەروەری بنیات نراوە، دووەمیان دەتوانێت قبووڵکردنی شکست بێت، تەنانەت ئەگەر ناوی سەرکەوتنیشی لەسەر دابنرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرەی خۆی ببەستێت و چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگەی تورکدا ئەنتەگرە بێت.
بۆ ئەو بڕیارە وتیشی: پەکەکە لە سەردەمی شەڕی سارد و سۆسیالیزمی مەوجوود و نکۆڵی لە ناسنامەی کوردیدا سەریهەڵدا، بەڵام دوای ئەو مەرجانە و هۆکارەکانی بەردەوامبوونی کۆتاییان پێهاتووە.
کۆتایی هێنان بە شەڕێکی 40 ساڵە خیانەت نییە. ناسیۆنالیزمی بەرپرسیارانە و ڕاستگۆیانە خۆی بە ژمارەی کوژراوەکان ناپێوێت، بەڵکوو خۆی بە توانای پاراستنی گەل و گۆڕینی قوربانیدانەکان بۆ ماف و دامەزراوەکان، پێوانە دەکات.
پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە: ئایا پێویستە شەڕ بوەستێت؟ بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە: نەتەوەی کورد دوای ئاگربەست چ دەستکەوتێکی دەبێت و کورد لە بەرامبەر هەڵوەشانەوەی پەکەکەدا چ دەستکەوتێکی سیاسی و یاسایی بەدەست دەهێنێت؟
لە کۆبوونەوەکەدا، ئۆجەلان داوای یاساییەکی کرد کە ڕێگە بە گەڕانەوەی گەریلا بدات بە بێ ئەوەی دەستگیر بکرێن و ڕێگایان پێبدرێت تا بەشداری لە ژیانی سیاسیدا بکەن. هاوکات داوای لێژنەیەکی بۆ تێکەڵبوونی دیموکراتیک (ئەنتەگراسیۆن دیموکراتیک) و دانپێدانان بە ڕۆڵ و پێگەی کارگێڕیی خۆی دەکات. ئەم داواکاریانە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندییان بە چارەنووسی ڕێکخراوەکە و سەرکردە و کادیرەکانییەوە هەیە، بەڵام بە هیچ شیوەیەک چارەسەرێکی نەتەوەیی بۆ کورد دەستەبەر ناکەن.
پرسی کورد بە گەڕانەوەی گەریلا بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان چارەسەر ناکرێ. دۆزی کورد پێویستی بە دانپێدانانی دەستووری بە نەتەوەی کورد و پاراستنی زمان و ناسنامەی کوردی و مافی چارەی خۆنووسین و بەشداری ئازادانە لە دیاریکردنی داهاتوویاندا هەیە. ئەگەر چەک دابنرێت بەبێ زامنکردنی ئەو مافانە، دەوڵەتی تورک کێشەیەکی ئەمنی چارەسەر دەکات، بەڵام کاکڵە و ناوکی دۆزی کورد هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە.
لێرەدا جیاوازی نێوان چارەسەرکردنی ناکۆکی و بەڕێوەبردنی کۆتاییەکەیدایە. چارەسەرکردن پەیوەندی نێوان دەوڵەت و گەل دەگۆڕێت، لەڕاستیدا ڕەفتاری ڕێکخراوەکە دەگۆڕێت و پێکهاتەی دەوڵەت وەک خۆی دەهێڵێتەوە.
ئەگەر پەکەکە هەڵبوەشێنرێتەوە و چەک دابنرێت و ئەندامەکانی بە تاک بگەڕێنەوە، بەڵام ئەگەر دەستوور هەر ناسنامەیەکی نەتەوەیی کورد پشتگوێ بخات، دەرئەنجامە کۆتاییەکەی لە ڕاستیدا تەسلیمبوون دەبێت نەک دەستەبەرکردنی مافەکانیان.
ئۆجەلان ئەم گۆڕانکارییە وەک “دەستکەوتێکی مێژوویی” دەخاتە ڕوو. بەڵام تەنها بە قسەی سەرکردایەتی کە ناوی سەرکەوتنی لێ دەنێت، نابێتە هەقێقەتی قسەکە، بەڵکوو کاتێک دەبێت بە ڕاستی کە گەل ئەو ئەنجامانەی لە ژیانی خۆیاندا بەدەستهێنابێت.
پرۆژەی پەکەکە، بە سەربەخۆیی کوردستان دەستی پێکرد، پاشان بەرەو فیدراڵیزم ڕۆیشت و لەوێشەوە دابەزی بۆ خۆبەڕێوەبەری و دواجار گەیشتە “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک” لەناو دەوڵەتی تورکدا.
دەبێت ئەو پرسیارە بکرێت: تاچەند عەقڵیەتەکە گۆڕاوە، ئایا سەرکردایەتی پەکەکە توانیویەتی بە ئامانجەکانی بگات یان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئامانجەکانی بچووکتر کردۆتەوە؟
نابێ ئاشتی لە ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەت و سەرۆکێکی بەندکراو لە زینداندا کورت بکرێتەوە و گەل تەنها گوێڕایەڵیی بۆ بمێنێتەوە. ئۆجەلان دەتوانێت ڕێکخراوێک هەڵبوەشێنێتەوە کە بۆخۆی دایمەزراندووە، بەڵام بۆی نیە کۆتایی بە دۆزی نەتەوەیەک بهێنێت کە ئەو دروستی نەکردووە.
ڕەنگە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کۆتایی بە حیزبێک و تەنانەت شەڕێکیش بهێنێت، بەڵام مەرج نییە پرسی کورد چارەسەر بکات. ئەو ئاشتییەی کە قوربانیەکان و قوربانیدانەکان نەگۆڕێت بۆ ماف و بڕیاردان لەسەر چارەی خۆنووسین نەگەڕێنێتەوە بۆ گەل، ڕەنگە کۆتایی بە توندوتیژی بهێنێت، بەڵام دەسپێکی ئازادی نابێت.