خۆپیشاندەرانی قامیشلۆ: “خوێندنی تەواومان بە زمانی کوردی دەوێت”

قوتابیان: دوای 11 ساڵ خوێندن بە زمانی کوردی، گواستنەوەی ڕاستەوخۆ بۆ سیستەمی عەرەبی دەبێتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم ئایندەی ئەکادمیکماندا.
لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بە سەدان خوێندکار و مامۆستا و بنەماڵەکانیان ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایی خۆیان لە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی سووریا دەربڕی. خۆپیشاندەران خوازیاری ئەوە بوون کە زمانی کوردی بکرێتە زمانی فەرمی و سیستمی پەروەردەیی تەواو بە زمانی دایکی، قبووڵ بکرێت.
خۆپیشاندانەکە ئەمڕۆ سێشەممە، 22ی ئەیلولی 2026 لە یاریگای شەهیدانی 12ی ئازار لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاڤای کوردستان دەستیپێکرد. بەشداربووان بە هەڵگرتنی دروشمی “زمانی ئێمە، ناسنامەی ئێمەیە” هەڵوێستی خۆیان لە دژی دوایین بڕیاری حکوومەتی دیمەشق دەربڕی کە خوێندنی زمانی کوردیی تەنیا لە سێ وانەی هەفتانەدا سنووردار کردووە.
لە میانی خۆپیشاندانەکەدا دایکانی خوێندکاران جەختیان لەوە کردەوە کە فێربوون و خوێندن بە زمانی دایکی، مافێکی بنەڕەتییە و پێویستە ئەم مافە لە ناو دەستووری نوێی وڵاتەکەدا جێگیر بکرێت. دایکێک ڕایگەیاند کە منداڵەکانی ساڵانێکە بە زمانی کوردی دەخوێنن و وتی: “دوای ئەوەی منداڵەکانمان تا ئاستە بەرزەکان بە زمانی کوردی خوێندوویانە، ئیتر ناتوانرێت خوێندن بە تەواوی بە زمانی عەرەبی بەسەریاندا بسەپێندرێت”.
هەروەها ئەو خوێندکارانەی کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کردبوو، ڕایانگەیاند، ئەوان دژی زمانی عەرەبی نین، بەڵام داواکارییەکەیان ئەوەیە کە هەموو بابەتەکانی زانستی و پەروەردەیی بە زمانی کوردی بخوێنرێت. خوێندکاران ئاماژەیان بەوە کرد، دوای 11 ساڵ خوێندن بە زمانی کوردی، گواستنەوەی ڕاستەوخۆ بۆ سیستەمی عەرەبی دەبێتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم ئایندەی ئەکادمیکماندا.
ئەم کاردانەوەیەی گەل، دوای ڕاگەیاندراوێکی محەممەد عەبدولڕەحمان تورکۆ، وەزیری پەروەردەی سووریا هات کە ڕایگەیاند: بەپێی فەرمانی ژمارە 13ی ساڵی 2026 زمانی کوردی وەک “زمانێکی نیشتمانی” ناسێنراوە و لە قوتابخانەکانی ناوچە کوردنشینەکاندا تەنها بە ڕێژەی 3 وانە لە هەفتەیەکدا دەخوێندرێت.
بەڵام خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و قوتابیان و خوێندکاران ئەو هەنگاوەی دیمەشق زۆر بر کرم دەزانن و داواکارن کە سیستەمی خوێندنی تەواو بە زمانی کوردی بپارێزرێت و قبووڵ بکرێت.