دوران کاڵکان: پەکەکە ستراتژیی خۆی گۆڕیوە و دەیهەوێت سیاسەتی دیموکراتیک پەرەپێبدات

دوران کاڵکان: پەکەکە ستراتژیی خۆی گۆڕیوە و دەیهەوێت سیاسەتی دیموکراتیک پەرەپێبدات

کاڵکان جەختی لەوە کردەوە کە “تەنها چارەسەر” بۆ داهاتووی وڵات، دیموکراتیزەکردنی تورکیایە.

دوران کاڵکان، ئەندامی ئەکادیمیای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان، لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی “مێدیا هابەر”دا، هەڵسەنگاندنی گرنگی لەسەر پرۆسەی سیاسی تورکیا و دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. کاڵکان گوتی، بۆ بەرەوپێش بردنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، دەبێ دەوڵەت [تورکیا] ڕێبازە کۆنەکەی بگۆڕێت و هەنگاوی سیاسی و یاسایی ڕەوا هەڵبگرێت.

دوران کاڵکان سەرنجی خستە سەر “یاسای چوارچێوە” کە 40 ڕۆژ لەمەوبەر لە پەرلەمانی تورکیا پەسند کرا و ڕایگەیاند کە هەرچەندە ئەم یاسایە لە سەرەتادا هیوای گەورەی خوڵقاند، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی لەلایەن دەوڵەتەوە نەنراوە. کاڵکان وتی: “گۆیا یاساکە بۆ ئەوە پەسند کراوە کە جێبەجێ نەکرێت”. ئاماژەی بەوەشکرد، سنووردارکردنی پرۆسەکە تەنها بە بابەتی “چەکدانان”ـەوە، دەبێتە هۆی چەقبەستوویی لە ڕێگاکانی چارەسەرکردندا و جەختیشی کردەوە، پەکەکە ستراتژیی خۆی گۆڕیوە و دەیهەوێت سیاسەتی دیموکراتیک پەرەپێبدات.

کاڵکان ئاماژەی بەوەدا کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەی کورد لەناو سیستەمی سیاسیدا مومکینە، بەو مەرجەی کورد بە ناسنامە و زمان و کولتووری خۆیەوە قبووڵ بکرێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە “تەنها چارەسەر” بۆ داهاتووی وڵات، دیموکراتیزەکردنی تورکیایە کە لەسەر بنەمای ئازادیی گەلی کورد دادەمەرزێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کاڵکان سەرنجی خستە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاڤای کوردستان و کوشتنی شەڕڤانی کورد، “سیپان حزنی” و دواتر ناردنی هێزی سەربازی لە حەلەبەوە بۆ کۆبانێی بە “پرۆڤۆکاسیۆنێکی زۆر مەترسیدار” وەسف کرد و کاردانەوەی خەڵکی کۆبانێی وەک مافێکی ڕەوا و دیموکراتیک هەڵسەنگاند.

کاڵکان ئیدانەی ڕەتکردنەوەی خوێندنی بە زمانی کوردی کرد و ڕایگەیاند کە داننان و پاراستنی مافی خوێندن بە زمانی دایکی مەرجی سەرەکی ئیرادەی کۆمەڵایەتییە.

سەبارەت بە بارودۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاڵکان ڕایگەیاند، ئیتر دۆخی کۆن لە ئێراندا ناتوانێت بەردەوام بێت و چارەسەری کۆتایی تەنیا لە ڕێگەی ئازادیی کۆمەڵایەتی و دیموکراسیەوە مومکین دەبێت.

Share