کوردستان یادی نۆهەمین ساڵوەگەڕی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، بەرز ڕادەگرێت..

“ریفراندۆم” بە یەکەم هەنگاو دادەنرێت کە لە ڕێگەیەوە گەلی کورد بە ڕوونی گوتوویەتی: “نا” بۆ پێکەوەژیانی زۆرەملێ و “بەڵێ” بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
9 ساڵ بەسەر “ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان”دا تێدەپەڕێت. لە 25ی ئەیلولی 2017دا، خەڵکی باشووری کوردستان بە تەواوی (هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان) بڕیاریان لەسەر چارەنووسی خۆیان دا و زیاتر لە 93%ی گەل دەنگی “بەڵێ”یان بە سەربەخۆیی کوردستان دا.
ڕۆژی 7ی حوزەیرانی 2017، نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەمانی کوردستان و بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، هەروەها جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، بڕیاریاندا ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت و ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم پێکهێنرا. هەروەها نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە)، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، حزبی زەحمەتکێشان، حزبی شیوعی و حزبی سۆسیالیست لەو ئەنجومەنەدا بەشدارییان کرد.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، ڕێکەوتی 25ی ئەیلوولی 2017 وەک ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاری کرا و سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکان پشتگیرییان لەو هەنگاوە کرد.
10 ڕۆژ پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و لە ڕێکەوتی 15ی ئەیلولی 2017دا، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمەکەی پەسەند کرد، کۆمسیۆنی ڕاپرسی و هەڵبژاردنیش سەرپەرشتیی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەکرد.
بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، قۆناخێکی دیکەی گرنگ بوو لە خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستاندا، بەتایبەتی کە هەموو لایەنەکان پشتیوانیان لێدەکرد و بەڵێنیان دا کە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم هەموو هەوڵێک بدەن.
گرنگی زیاتری بڕیاری ڕیفراندۆم ئەوە بوو کە نەک هەر لە هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بەڕێوەچوو. ئەم ڕیفراندۆمەش لەسەر بنەمای مافی چارەنووسی گەلانە، کە مافێکی ڕەوایە و لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانیپێدانراوە، هەروەها هەرێمی کوردستان هەموو تایبەتمەندییەکانی وەک خاک، زمان، کولتوور و مێژووی هاوبەشی هەیە بۆ ئەوەی بۆخۆی بڕیار لەسەر چارەنووس و داهاتووی خۆی بدات.
ڕۆژی 25ی ئەیلولی 2017 بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی، خەڵکی کوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا و زیاتر لە 93% دەنگیان بە “بەڵێ” دا. هەرچەندە ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم، گەیشتنی کوردستانیان بە سەربەخۆیی دواخستووە، بەڵام ئەم خواستە هێشتا لە دڵ و مێشکی هەموو کوردێکدا زیندووە.
یەکێک لە جوانییەکانی “ریفراندۆمی کوردستان” ئەوە بوو کە ئەم “ریفراندۆم”ـە بە یەکەم هەنگاو دادەنرێت کە لە ڕێگەیەوە گەلی کورد بە ڕوونی گوتوویەتی “نا” بۆ پێکەوەژیانی زۆرەملێ و “بەڵێ” بۆ سەربەخۆیی کوردستان.