هەنگاوێکی نوێ لە سووریا: 5 هەزار شەڕڤانی هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا کراون

هەنگاوێکی نوێ لە سووریا: 5 هەزار شەڕڤانی هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا کراون

بەشێک لە شەڕڤانەکان دەڵێن: “لەم قۆناغە نوێیەدا، وەک بەشێکی فەرمیی سوپای سووریا، بەرپرسیارێتی پاراستنی تەواوی خاک و سنوورەکانی وڵات لە ئەستۆ دەگرین”.

لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکخستنی هێزە سەربازییەکان لە سووریا، تا ئێستا 5 هەزار و 200 شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)، دوای تەواوکردنی مەشق و ڕاهێنانە سەربازییەکانیان تێکەڵ بە سوپای سووریا کراون. پرۆسەیەکی نوێ لە چیای کەوکەب لە گوندەوارەکانی حەسەکە دەستیپێکردووە و شەڕڤانانی هەسەدە لە ژێر دەسەڵاتی سوپای فەرمیدا ئەرکە نوێیەکانیان دەگرنە ئەستۆ.

لە دوایین پێشهاتدا، 1300 شەڕڤانی فەیلەقی دوو (لیوای 30) دوای تەواوکردنی مەشقە ئەکادیمیەکانیان لە ئەکادیمیا سەربازییەکاندا لە چیای کەوکەب لە گوندەوارەکانی حەسەکە جێگیرکران. ئەو هێزانەی لە پارێزگای حەسەکە لە سێ لیوا پێکهاتوون و بەسەر سێ ناوەندی سەرەکی چیای کەوکەب و دوو بنکەی سەربازی قەسرەک و تیل بەیدەر دابەشبوون کە پێشتر بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوون.

لە لایەکی دیکەوە لیوایەکی دیکە بەناوی لیوای کۆبانێ کە شەڕڤانانی هەسەدە لەخۆدەگرێت، لە ئێستادا لە گوندەوارەکانی دیمەشق مەشق و ڕاهێنانی سەربازی وەردەگرن. بەرپرسان ڕایانگەیاند، بە جێگیرکردنی ئەو هێزانە، کۆی گشتیی ئەو شەڕڤانانەی کە پەیوەندییان بە سوپای سوریاوە کردووە، گەیشتووەتە 5 هەزار و 200 کەس و پڕۆسەی تێکەڵکردنی بەش و یەکەکانی دیکەش بە بێ پچڕان بەردەوامە.

ئەو شەڕڤانانەی بەشداریان لەم پرۆسەیەدا کردووە باس لەوە دەکەن کە دوای چەندین ساڵ لە شەڕکردن لەگەڵ داعش، ئێستا بەرپرسیارێتییە سەربازییەکانیان فراوانتر بووە. وەک ئەوان ئاماژەی پێدەکەن، ئەرکی پێشوویان تەنیا پاراستنی ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بووە، بەڵام لەم قۆناغە نوێیەدا، وەک بەشێکی فەرمیی سوپای سووریا، بەرپرسیارێتی پاراستنی تەواوی خاک و سنوورەکانی وڵات لە بەرامبەر هەموو جۆرە هەڕەشە و هێرشێک لە ئەستۆ دەگرن.

Share