لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشقدا، هێزە ئەمنییەکان لەسەر ڕێگای M4 جێگیر دەکرێن

هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی سەر بە ئاسایش کە تێکەڵ بە هێزەکانی حکومەتی سووریا کراون، بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، خاڵی پشکنینی هاوبەشیان لەسەر ئەو ڕێگا ستراتیژیانە دامەزراندووە.
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشقدا، بڵوبوونەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی M4 و ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەستیپێکردووە.
پرۆسەی بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاڤای کوردستان، بەتایبەتی لە خاڵە سەرەکییەکانی چوونە ژوورەوە بۆ ناو شاری قامیشلۆ دەستیپێکردووە. لەو چوارچێوەیەدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەسەر ڕیگا سەرەکییەکانی تل تەمر – قامیشلۆ و عاموودا – قامیشلۆ و هەروەها لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی M4 جێگیرکراون.
هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی سەر بە ئاسایش کە تێکەڵ بە هێزەکانی حکومەتی سووریا کراون، بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، خاڵی پشکنینی هاوبەشیان لەسەر ئەو ڕێگا ستراتیژیانە دامەزراندووە.
بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو هێزانەی کە تێکەڵ (ئەنتەگرە) بە سیستەمی حکوومەتی دیمەشقەو بوون، جلوبەرگی فەرمیی هێزە ناوخۆییەکانی حکوومەتی سووریا لەبەر بکەن و وەکوو هێزێکی هاوبەش ئەرکە ئەمنییەکانی خۆیان لە ناوچەکە بەڕێوە ببەن.
ئەم هەنگاو و جموجۆڵە نوێیەی هێزە ئەمنییەکان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی 29ی ژانیڤەریدا دێت کە لە نێوان فەرماندەیی هەسەدە و حکومەتی دیمەشقدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە واژۆ کرابوو.