حکومەتی سووریا بە فەرمی ناوی تیمی ‘عەین ئەلعەرەب’ی گۆڕی بۆ ‘تیمی کۆبانێ’

دوای ئەم هەنگاوە پێشبینی دەکرێت کە حکومەتی سووریا ناوی “کۆبانێ” لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانیدا بەکاربهێنێت.
حکومەتی دیمەشق بە بڕیارێکی فەرمی و واژۆی وەزیری وەرزش و لاوان، ناوی تیپی وەرزشی شاری “عەین ئەلعەرەب”ی گۆڕی و کردی بە “تیمی کۆبانێ”.
بەپێی بڕیارەکە، سەرجەم بڕیار و یاساکانی پێشوو سەبارەت بە ناوی تیمەکە هەڵوەشاونەتەوە و دەبێت هەموو لایەنەکان پابەندبن بە ناوە نوێیەکەوە.
پێشبینی دەکرێت دوای ئەم هەنگاوە حکومەتی سووریا ناوی “کۆبانێ” لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانیدا بەکاربهێنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 5/10/2026، بە بڕیارێکی فەرمی “محەممەد سامح ئەحمەد”، وەزیری وەرزش و لاوانی حکومەتی سووریا، گۆڕانکارییەکی مێژوویی لەناوی تیپی وەرزشی هەرێمەکە کرا. لە بەڵگەنامەی فەرمی وەزارەتەکەدا هاتووە کە لە ئێستا بەولاوە ناوی تیمەکە بە “تیمی کۆبانێ” پەسەند کراوە.
لەچوارچێوەی ئەم هەنگاوەدا، وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە سەرجەم بڕیار و بەڵگەنامەکانی ساڵانی ڕابردوو کە ناوی “عەین ئەلعەرەب” بۆ تیمەکە بەکارهاتووە لەناوبراون. ئەم بڕیارە نوێیە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە (ئەمڕۆ) جێبەجێ دەکرێت و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کۆبانێ و لە سەرتاسەری سووریا ناچارن کە بەم گۆڕانکارییەوە پابەند بن.