2 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پرۆسەکەدا تێدەپەڕێت: هێشتا ناوی پرۆسەکە یەکلایی نەبۆتەوە

2 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پرۆسەکەدا تێدەپەڕێت: هێشتا ناوی پرۆسەکە یەکلایی نەبۆتەوە

لایەنێک باسی تورکیای بێ تیرۆر و لایەنێکیش باسی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکات و پرسی کورد پەراوێز دەخرێت.

دوو ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پڕۆسەی چارەسەریدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا پرسی ناوی پڕۆسەکە یەکلایی نەبووەتەوە، بەشێک لە ئەکادیمیستەکان دەڵێن، ئەم پرۆسەیە پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد نییە و بۆ مەبەستێکی دیکە دەستیپێکردووە، هاوکات بەشێک لە سیاسییەکان سەرنج دەخەنە سەر ئەوە کە هێشتا لایەنەکانی پڕۆسەکە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی گشتی و دەوترێت کە پرۆسەکە لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە و دەبێت هەموو لایەنەکان وریا بن.

لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2024دا پرۆسەیەکی نوێ بە بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، کە دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتدارانی تورک ناوی پڕۆسەکەیان ناوە “تورکیای بێ تیرۆر” و پارتی دەمیش کە پەیوەندیی بە دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکەوە، هەیە بە پرۆسەی بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک ناوی دەبەن.

هەرچەندە ئاگربەست جێبەجێکراوە و پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا چەکەکانی سووتاند و کۆمیسیۆنێک دروستکراوە و یاسایەک دەرچووە، بەڵام بەشێک لە ئەکادیمیستەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پرۆسەکە بۆ مەبەستێکی جیاواز ئەنجام دەدرێت.

ڤەدات کۆچال، ئەکادیمیست لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی دیجلە لەم بارەیەوە دەڵێ: “پرۆسەکە بۆ گۆڕینی ڕێژیم بەکاردەهێنرێت، بەهێزترین نیشانەی ئەوەیە کە بۆ یەکەمجارە کە جێبەجێکرانی یاسایەک بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییەوە دەبەسترێتەوە، واتە دامەزراوەی هەڵبژێردراو بەستراوەتەوە بە دامەزراوەی دەستنیشانکراو”.

ڤەدات کۆچال هەروەها ڕایگەیاند: “پرۆسەکە لەسەر سێ خاڵی ئۆجەلان، باخچەلی و دەم پارتی بەڕێوەدەچێت و لەسەر ئەم سێ خاڵەش، زانیاریەکان وەک باران دەبارن. دەم پارتی بەکار دەهێندرێت، پارلمانتارانی دەم پارتییش بۆ ئەوەی سوود لە دەرفەتەکانی پەرلەمانتاری وەربگرن، پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن”.

ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە: “تورکیا بەرەو میلیتاریزم هەنگاو دەنێت، باوەڕم بەوە نییە کە پەکەکە بگەڕێتەوە، لە خۆیدا پەکەکە هێشتا چەکی دانەناوە، هیچ نیشانەیەکی چارەسەرکردنی پرسی کورد دیار نییە، تەنانەت باسی زمانیش ناکەن و باسی ناسنامەش ناکەن”.

هەروەها سیاسەتمەدارانی کورد سەبارەت بە پرۆسەکە دەڵێن، هیوایان ئەوەیە کە چەکەکان بۆ هەمیشە بێدەنگ بکرێن و پرسی کورد چارەسەر بکرێت، بەڵام لە کاتێکدا کە سەیری ئەو پێشهاتانە دەکەیەن کە هەتا ئێستا ڕوویانداوە، هیچ نیشانەیەکی بەهێز لە چارەسەرکردنی پرسی کورد نابیندرێت.

هەروەها ئەحمەد کایا، سەرۆکی پارتی ئینسان و ئازادی دەڵێ: “لایەنە کێشەدارەکەی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە کورد خۆی هیوای بۆ خۆی دروست کردووە ئەمە لەحاڵێکدایە کە خودی دەوڵەتی تورک پرۆسەکە بە پرۆسەی ‘تورکیای بێ تیرۆر’ ناو دەبات. لایەنێک دەڵێت ئشووتی و لایەنێکیش دەڵێت سێو، لایەنی کوردی باس لە بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکات، لە هەلومەرجێکی وەهادا چۆن کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک بنیات دەنرێت؟”.

ئەکادیمیستەکان دەڵێن، دەوڵەت و دەسەڵاتی تورکیا لەڕێگەی پرۆسەکەوە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەپارێزن. سیاسەتمەداران باسی پرۆسەکە دەکەن، لایەنێک باسی تورکیای بێ تیرۆر دەکات و لایەکی دیکەش باسی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکات و پرسی کورد پەراوێز و پشتگوێ دەخرێت.

Share