ئۆجەلان یەک بە یەک ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ دەکات کە بە دەوڵەتی تورکی داون: شنگالیش لە کوردستان جیا دەکرێتەوە…

ئۆجەلان یەک بە یەک ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ دەکات کە بە دەوڵەتی تورکی داون: شنگالیش لە کوردستان جیا دەکرێتەوە...

پەکەکە، باکوور و ڕۆژئاڤای کوردستانی بە تەواوی ڕادەستی داگیرکەرانی کوردستان کردووە و تەنها باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوە کە ئۆجەلان لە هەوڵدایە ئەو دووبەشەش تەسلیم بە داگیرکەران بکات.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 30ی ئەیلولی 2026دا پەیامێکی نووسراوی بۆ ئێزدییەکان نارد. تەوەری سەرەکی پەیامەکەی ئۆجەلان ئەمە بوو: “دەبێ یەبەشە تێکەڵ بە سوپای عێراق بکرێت”. ئۆجەلان هەروەها داوای جێبەجێکردنی “مۆدێلی تورکیا”ی بۆ شنگال کرد.

قسەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشنیار نییە، بەڵکوو فەرمانە بۆ پەکەکە. بۆیە هەڵە نییە ئەگەر پەیامەکەی ئۆجەلان وەک فەرمانێک بۆ “ڕادەستکردنی شنگال بە دەوڵەتی عێراق” دابنرێت. هەروەها لە فەرمانەکەدا ئەوەش هاتووە کە پێویستە ڕادەستکردنەکە بەپێی “مۆدێلی تورکیا” ئەنجام بدرێت. کەواتە “مۆدێلی تورکیا” چییە؟

“مۆدێلی تورکیا” کە ئۆجەلان پێشنیاری دەکات چییە؟

دەوڵەتی تورکیا 102 ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە. لە ماوەی ئەم 102 ساڵەدا، هیچ مۆدێلێک پەرەی پێنەدراوە کە پێکهاتەکانی تری ئایینی و ئەتنیکی و نەتەوەیی بتوانن پێکەوە بژین. بەپێچەوانەوە، لە ڕێگای ئەوەی کە پێی دەگوترێت “مۆدێلی تورکیا”، ئەو ئەرمەنیانەی کە لە کۆمەڵکوژیی ساڵی 1915دا ڕزگاریان ببوو، لەناوچوون، ڕۆمەکان قڕکران، ئاشوورییەکان تووشی ستەمێکی گەورە هاتن و ناچار بوون خاکەکەیان بەجێبهێڵن و لە ئەوروپا نیشتەجێ بن. لازەکان ئاسمیلە کران. عەلەوییەکان هەم قەڵوعام کران و هەم ئاسمیلە بوون. کورد کەوتە بەر کۆمەڵکوژییەکی گەورەی وەک ئەوەی لە دێرسیم و دۆڵی زیلان ئەنجامدارن و ئاسیمیلاسیۆنی بەسەردا سەپێندرا. بەهۆی ئەو زوڵمەی کە بەسەریاندا هات، کوردانی ئێزدی لە ساڵانی 190 بەملاوە، ناچاربوون بەرەو ئەوروپا هەڵبێن. ئەمڕۆکە ئیدی دەکرێ بوترێ کە هیچ ئێزدییەک لە باکووری کوردستاندا ناژیت.

بە کورتی، تورکیای ئەمڕۆ نزیکە لە گۆڕستانێکی پێکهاتەکان. مۆدێلی مێژوویی دەوڵەتی نەتەوەیی تورکیا لەسەر بنەمای دانپێدانان بە ناسنامەی جیاوازی پێکهاتەکانی نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای تواندنەوەی پێکهاتە جیاوازەکان لەناو دەوڵەتی نەتەوەیی تورکدا دامەزراوە. لەو چوارچێوەیەدا، بەیاننامەی “ئێزدییەکان بە پێی مۆدێلی تورکیا تێکەڵ (ئەنتەگرە) بە عێراق بکرێن”، هیچ بنەمایەکی تیۆری و پراکتیکی لە ئاستی سیاسیدا نییە. لە ڕاستیدا ئەوەی ئۆجەلان هەوڵی پێناسەکردنی دەدات و دەیڵێت ئەوەیە: “پێویستە ئێزدییەکان بە شێوەیەک ڕادەستی عێراق بکرێن کە لەگەڵ بەرژەوەندی و داواکارییەکانی تورکیادا بگونجێت”.

بۆچی پەکەکە لەباتی ئەوەی کە شنگال بە کوردستان بسپێرێت، ڕادەستی عێراق دەکات؟

بۆ ئەوەی کە پەکەکە شنگال و خەڵکە ئێزدییەکەی لەباتی ئەوەی بە کوردستانی بسپێرێت، ڕادەستی عێراقی دەکات، هیچ شرۆڤەیەکی مەعقول، نە ڕووی نەتەوەییەوە، نە لە ڕووی ئابوورییەوە و نە لە ڕووی مێژووییەوە بوونی نییە.

لە وەڵامی ڕەخنەکانی ڕادەستکردنی ڕۆژئاڤا بە دیمەشق، ئەندامانی پەکەکە بەرگری لە خۆیان دەکەن و دەڵێن “بارودۆخەکە وەها بوو کە هیچ ڕێگایەکی دیکە نەبوو؛ خەڵک کۆمەڵکوژ دەکرا؛ نەیاندەتوانی بە تەنها خۆیان بەرگری لە خۆیان بکەن؛ دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان ئەمەیان دەویست”. ئەم پاساوانەی کە پەکەکە بۆ بەرگری لە سیاسەتەکانی خۆی لە ڕۆژئاڤای کوردستان بەکاریان دەهێنێت، شنگال ناگرێتەوە. پەکەکە دەیتوانی بە ئاسانی شنگال بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بسپێرێت. ئەوان دەیانتوانی باس لەوە بکەن کە یەبەشە و دامەزراوەکانی دیکە بخرێنە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام نەیانکرد.

جگە لەوەش دەوڵەتی عێراق، خاوەن عەقڵیەتێکی هاوبەش نییە بۆ ئەوەی کە ئێزدییەکان لە ئامێز بگرێت. بە پلەی یەکەم بەرپرسە لەو کۆمەڵکوژییانەی کە لە ساڵی 2014دا دەرحەق بە کوردانی ئێزدی ئەنجامدارن. جگە لەوەش عێراق لە ساڵی 2021دا، دوای هەرێمی کوردستان و تەنانەت چەند وڵاتێکی دیکەی جیهان، تەنیا بەشێوەی زارەکی دانی بە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکاندا ناوە. عێراق سەبارەت بەو کۆمەڵکوژییەی کە ساڵی 2014 دەرحەق بە ئێزدییەکان لە شنگال ئەنجامدرا، هیچ هەنگاوی بەرچاوی نەناوە. بە سەدان پێشمەرگەی کوردستان لە پێناو ڕزگارکردنی شنگالدا گیانی خۆیان بەخت کرد، بەڵام عێراق یەک دڵۆپ خوێنی بۆ شنگال نەڕژاوە. عێراق هیچ بوودجەیەکی بۆ شنگال خەرج نەکرد. هەروەها عێراق هیچ پڕۆژەیەکی بۆ گەیاندنی پرسی ئێزدیەکان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێبەجێ نەکرد. شنگال و ئێزدییەکان لە سایەی پاڵپشتی هەرێمی کوردستاندا لە سەر پێی خۆیان دەمێننەوە.

هۆکاری ڕادەستکردنی شنگال لەلایەن پەکەکەوە بە عێراق نە سیاسییە و نە لە بەرژەوەندی ئێزدییەکانیشدایە؛ بەڵکوو تەنها یەک هۆکار هەیە: پەیوەندیی بە فەرمانەکانی دەوڵەتی تورک بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەرکی خیانەتکارانەی ئاپۆ و پەکەکەوە هەیە…

بۆچی شنگال؟

مەسەلەی شنگال تەنیا ئەو بابەتە نییە کە کوردانی ئێزدی بە کام دەسەڵاتەوە گرێ دەدرێن. ئەوەی لە شنگال ڕوویدا، بەشێکە لە پلانەکانی دروستکردنی ڕێگاوبان و هێڵی نوێی گواستنەوەی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆیە ئەو زلهێزانەی دەستوەردان لە شنگال دەکەن، خەمی چارەنووسی ئێزدییەکان یان ئاسایش و ئازادیی گەلی ئێزدییان نییە، بەڵکوو بە هۆی هەڵکەوتە ستراتژییەکەیەوە گرنگیی پێدەدەن.

بۆ نەتەوەی کورد شنگال سێگۆشەیەکی گرنگە لە کۆریدۆری نێوان کورداندا کە لە سەر چارەنووسی هەموو نەتەوەی کورد لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕۆڵ و کاریگەریی هەیە. شنگال هەروەها هەرێمێکە کەوا ئەو هێزانەی کە هەوڵی تێکدانی یەکپارچەیی جوگرافیای کوردستان دەدەن، بە پلەی یەکەم عێراق و تورکیا، هەوڵدەدەن کە ئەم کۆریدۆر و ڕیڕەوەی کوردان تێکبشکێنن.

ئەرکی 12 ساڵەی پەکەکە لە شنگال

ئۆجەلان ئاماژەی بەوەشکرد، وادەی ڕادەستکردنی شنگال بە عێراق 30ی ئەیلولی 2026 دەبێت، بەڵام بڕیاری پەکەکە بۆ جیاکردنەوەی شنگال لە کوردستان لە 3ی ئابی 2014ـەوە دەستیپێکردووە. حزووری پەکەکە لە شنگال بەهۆی ئەرکێکی نیشتمانپەروەرانەوە نەبووە، بەڵکوو پەکەکە لەسەر ئەرکێک کە دەوڵەتانی ئێران و عێراق پێیان ئەسپاردبوو، لە شنگال جێگیر کرا. هەموومان لەبیرمانە کە پەکەکە چۆناوچۆن بە ناردنی چەند ژن و منداڵێک بۆ سەر شەقامەکان، ڕێگریی لە ڕۆیشتنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ناو شنگال کرد. پەکەکە بۆ ڕزگارکردنی ئێزدییەکان نەچووە شنگال، بەڵکوو بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە و بۆ ئەوە چووە ناو شنگال تا ئەو ناوچەیە لە کوردستان داببڕیت.

پەکەکە لە 9ی تشرینی یەکەمی 2020دا، ڕێککەوتنی شنگالی نێوان هەولێر و بەغدای بە پرۆژەیەکی خیانەتکارانە وەسف کرد، کەچی ئێستاکە لەژێر هەلومەرجێکی زۆر خراپدا، شنگال ڕادەستی عێراق دەکات. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دژایەتی پەکەکە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق نەبووە، بەڵکو تەنیا دژایەتی لەگەڵ کورد و کوردستان بووە.

ئەو ڕاگەیاندراوانە کە سەرکردەکانی کەجەکە-پەکەکە لە ساڵی 2015 بەملاوە بڵاویان کردۆتەوە، بەسن بۆ ئەوەی کە لە هەڵوێستی پەکەکە لەم بارەیەوە تێبگەین. لە مانگی تەمموزی 2019دا، بەسێ هۆزات وتی “شنگال بەشێکە لە عێراق”، کە میر حازم تەحسین بەگ وەڵامی دایەوە و گوتی “شنگال بەشێکە لە هەرێمی کوردستان”. لەو کاتەوە پەکەکە بە هەموو توانایەوە دوژمنایەتی میر تەحسین بەگ دەکات.

لەو کاتەوە پەکەکە ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات بۆ ئەوەی کە شنگال لە کوردستان داببڕێت و بیخاتە ژێر دەسەڵاتی عێراق، تا بەمشێوەیە سوود بە دەوڵەتی تورکیا بگەیەنێت.

جیاکردنەوەی ئێزدییەکان لە کورد و کوردستان، گەورەترین خیانەتە کە بەرامبەر بە کورد دەکرێت. ئەمە لێدوانێکی سۆزداری نییە؛ بەڵکوو بەپێچەوانەوە، بەپێی تیۆری سیاسی و یاسای نەتەوەیی، لە هەموو ڕوانگەیەکەوە ئەوەی کە لە شنگال ڕوویدا، دەریدەخات و دەیسەلمێنێت کە لەسەر دەستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پرۆژەیەکی خیانەتکارانەیە بەڕێوەچووە. لە بنەڕەتدا پەکەکە لە شنگالدا ڕۆڵی پارێزەری پڕۆژەی پەیمانی لۆزانێکی قووڵتر و پاسەوانی کردن لە هێزە داگیرکەرەکان دەگێڕێت.

وادەردەکەوێت کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە دڵسۆزێکی سوێندخواردووی دەوڵەتی تورکیایە، بڕیاریداوە کوردستان لە دەست کورد دەربهێنێت. لە ساڵی 2019 بەملاوە تا ئێستا، پەکەکە پارچە پارچە هەرێمی کوردستان ڕادەستی دەوڵەتی تورک دەکات. پەکەکە باکووری کوردستانی بەتەواوی ڕادەست کرد؛ ڕۆژئاڤای کوردستانی تەسلیمی سووریا و حکوومەتی دیمەشق کرد و ئێستاش شنگال ڕادەست بە عێراقییەکان دەکات. تەنها ڕۆژهەڵات و باشوور ماون و ئۆجەلان هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی ئەو دووبەشەش ڕادەست بکات و لەم ڕۆژانەدا وتەبێژی کەجەکە باسی لەوە کردووە کە ئەنتەگرەبوونی کورد لەگەڵ دەوڵەتی ئێرانیدا، باشترین ڕێگاچارەیە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.

تەنها دەتوانین بڵێین: خوای گەورە کورد و کوردستان لە خیانەتی ئاپۆ و ئاپۆچییەکان بپارێزێت.