هەنگاوێکی تری خیانەتکارانەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان: فەرمانی لکاندنی شنگال بە عێراقەوە…

هەنگاوێکی تری خیانەتکارانەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان: فەرمانی لکاندنی شنگال بە عێراقەوە...

ئۆجەلان: پێویستە مۆدێلێکی هاوشێوەی مۆدێلی تورکیا بۆ شنگال پەیڕەو بکرێت، بۆیە من بەربەستی پەکەکەم لابرد و چیتر پەکەکە بەربەست نییە لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەکاندا.

سیاسەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ لکاندنی پارچە پارچەی کوردستان بە دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە بێ وەستان بەردەوامە. ئەمجارەیان فەرمانی دا کە ئێزدییەکانی شنگال ببنە بەشێک لە عێراق. عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی بۆ ئێزدییەکان بڵاوکردەوە و تیایدا وشەیەکی بەکارهێناوە کە بەواتای گواستنەوەی خاکی شنگال بۆ سەر عێراق بوو. سەبارەت بە هێزی چەکداری پەکەکە لە شنگال (یەبەشە) کە بەشێکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سەر بە عێراقە، ئۆجەلان دەڵێ: “بەپێی ئەو لێدوانانەی کە دراون، دانوستان لە نێوان یەبەشە و حکومەتی عێراقدا هەیە، لەڕاستیدا بەڵگەنامەیەکی ڕێککەوتن ئامادەکراوە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە واژۆ نەکراوە. دەوترێت دەوڵەتی تورکیا ڕێگری لە ڕێککەوتنەکە دەکات دەوڵەتی تورکیا نابێت ڕێگری لەم کارە بکات، چونکە ئێزدییەکان باسی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی ناکەن، ئەوان داوای دیموکراسیی خۆجێی دەکەن. ئێمە هەموو ئەمانە لەگەڵ لیژنەی باڵا تاوتوێ دەکەین. من پێشبینی دەکەم کە داخوازییەکانی ئێمە بە ئاسانی قبووڵ بکرێن”. ئۆجەلان جارێکی دیکە پارتی دێموکراتی کوردستان (پەدەکە)ی کردۆتە ئامانج.

لە پەیامەکەیدا عەبدوڵا ئۆجەلان کە داوای لکاندنی شنگال بە حکومەتی ناوەندیی عێراقەوە دەکات، جارێکی دیکە پارتی دیموکراتی کوردستانی کردۆتە ئامانج و ئەم ئیفادەیەی بەکارهێناوە: “دەبێت یەبەشە لە شنگالدا بمێنێتەوە، ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، نە بارزانی و نە عەرەب مافی ژیانیان پێنادەن. ئەگەر یەبەشە بخرێتە ناو سوپای عێراقەوە، دەبێت لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە. بڕیارێک دراوە کە ئەوان وەدەر بنرێن، بەدڵنیاییەوە ئێزدییەکان دەبێت هێزی پاراستنی خۆیانیان هەبێت. گەلی ئێزدی لە ئێستادا بە پرۆسەیەکی قڕکردندا تێدەپەڕن وئەو گەلە لەلایەن یاساوە ناپارێزرێن”.

ئۆجەلان پەدەکە و سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردۆتە ئامانج بۆ ئەوەی شنگال وەک بەشێک لە کوردستان بکاتە ئامانج و دەڵێ: “ئەوە پەدەکەیە کە خوازیاری جیاکاری و دابەشکردنە، ئێمە لە کۆبوونەوەی لیژنەکەماندا ئەم باسانە تاوتوێ دەکەین”.

مۆدێلی تورکیایی لە شنگال

ئۆجەلان ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە مۆدێلێکی تورکیایی لە شنگال ڕەچاو بکرێت و وتی: “پێویستە مۆدێلێکی هاوشێوەی مۆدێلی تورکیا بۆ شنگال پەیڕەو بکرێت، بۆیە من بەربەستی پەکەکەم لابرد. چیتر پەکەکە بەربەست نییە لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەکاندا، بە واتایەکی تر پەکەکە ئامانجی خۆی بەدیهێناوە و ڕۆڵی خۆی گێڕاوە، بەڵام ئەگەر ئێمە بەگوێرەی ئەو واقیعە مامەڵە نەکەین، ئەم پرۆسەیە ئیفلیج دەبێت. لە کۆتاییدا، من بڕیارم دا کە پەکەکە هەڵبوەشێنمەوە و بەرپرسایەتییەکەسی وەئەستۆ دەگرم. ڕەنگە من کەموکووڕیم هەبێت، بەڵام ئەمە ڕوانگەیەکی ڕاست و دروستە”.

ئۆجەلان ئیدیعای ئەوەی کرد کە سیستەمی تورکیا پێشکەوتووترە لە سیستەمی عێراق و داوای لە تورکیا کرد کە گرنگی بە شنگال بدات. ئۆجەلان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، عێراق ئەمەی قبووڵ کردووە، ئەمە شتێکی باشە. هێشتا دیار نییە کە کێ لە پشت داعشەوەیە. ناسیۆنالیزمی عەرەب بەهێزە، ئەگەرچی ئەو ناسیۆنالیزمە لاوازیش بێت، کاتێک کە دەرفەتیان هەبێت گەلی ئێزدی لەناو دەبەن. ناسیۆنالیزمی عەرەبی بووە هۆی کۆمەڵکوژیی تورکمانەکان لە کەرکووک. ئاسایشی هەرێمی گرینگە بۆ ئەوەی ئەمە دووبارە نەبێتەوە. ئەم دۆخە نزیکەی سەرجەم هۆزەکانی عێراق دەگرێتەوە. ئەو سیستەمەی لە تورکیادا هەیە، لە عێراقدا بوونی نییە. پاراستنێکی لەمشیوەیە بۆ تورکمانەکان و ئێزدیەکانیش پێویستە. هەروەها دەبێت کێشەی ئێزدییەکان چارەسەر بکرێن. پێویستە پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ شنگالدا دروست بکرێت”.

Share