دوژمن لە ژووری نوستندا؛ لەناوبردنی هاوژینەکان وەک “سیخوڕ” لە بزووتنەوە چەکدارییە رادیکاڵەکان و سیستەمە دیکتاتۆریەکاندا

لە گۆڕەپانی توندوتیژی شۆڕشگێڕانە و تۆتالیتاریزمی ڕەهادا، هاوسەرەکان “دوژمنی ناوخۆیی” شاراوەن و دەکرێ لە هەر ساتێکدا بکوژرێن.
پێشەکی
دەسەڵاتی سیاسی تا ئەو ڕادەیە بەرەو ڕەهابوون (موتڵەق بوون) دەڕوات، کە بۆ پاراستنی ڕەوایەتیی خۆی پێویستی بە تێڕوانینێکی بەردەوامی هەڕەشە هەیە. ئەم تێڕوانینە بۆ هەڕەشە زۆرجار لە ڕێگای فیگەری “خیانەتکاری ناوخۆیی” لە ڕژێمە پاوانخوازەکان و بزووتنەوە چەکدارییە شۆڕشگێڕەکاندا پێناسە دەکرێت. بەڵام وەرچەرخانی پارادۆکسیکاڵترین و کارەساتبارتر لە مێژووی سیاسیدا کاتێک ڕوودەدات کە ئەم مۆری “خیانەت”ـە لەسەر نزیکترین کەسانی سەرکردەکان، واتە هاوسەرەکانیان دەدرێت. ئەم دیاردەیە کە لە جۆزێف ستالینەوە تا مائۆ تسەتۆنگ و لە ئۆجەلانەوە بگرە هەتا بیرۆکراسییەتی ڤێتنام لە سەردەمی “هوچ مێه”دا درێژ دەبێتەوە، بەرهەمی پارانۆیای کلینیکی و شەڕی باڵەکان لەناو ڕێکخراوەکاندا و گەڕان بەدوای گوێڕایەڵی و ئیتاعەتی ڕەها و موتڵەقدایە. ئەم نووسینە بە کەڵک وەرگرتن لە نموونەی مێژووییەکان، لە میکانیزمەکانی تاوانبارکردن و لەناوبردنی هاوسەرەکان وەک “سیخوڕ” لە ناو سیستەمە دیکتاتۆرییەکان، ڕێکخراوە نهێنییەکان و بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان دەکۆڵێتەوە کە بوونەتە دەوڵەت و بەدەسەڵات گەیشتوون.
1ـ پارانۆیای کلینیکی و پێویستیی بە بزنی گوناهبار لە دیکتاتۆریەتی ڕێکخراوەییدا
زۆرجار تۆمەتبارکردنی هاوسەرەکان یان کەسە نزیکەکانی دیکتاتۆرەکان کە دەسەڵات دەگرنە دەست، بە سیخوڕی کردن، لە ترسی لەدەستدانی دەسەڵات کە دەگاتە ئاستێک وەک نەخۆشی دەروونی (پارانۆیای کلینیکی) ڕاڤە دەکرێت.
ـ یەکێتی سۆڤیەت: جۆزێف ستالین و بازنەی سیخوڕی
هەرچەندە جۆزێف ستالین ڕاستەوخۆ ژنەکەی نەخستە بەردەم دادگا، بەڵام بەدرێژایی دەسەڵاتەکەی، نزیکترین ژنەکان و ئەندامانی خێزانەکەی وەک بەشێک لە بازنەیەکی سیخوڕی سیستماتیک دەبینی. دوای خۆکوشتنی هاوسەری دووەمی (نادەژدا ئالویەڤا)، لە ساڵی 1932دا، گومانەکانی ستالین گەیشتە ئاستێکی پاتۆلۆژیک. لە ساڵانی دواتردا ستالین هەموو کەسوکاری هاوسەرە مردووەکەی بە ئەندامی تۆڕە سیخوڕیەکانی دژە سۆڤیەت تۆمەتبار کرد. “ئاننا” خوشکی هاوسەرەکەی و “ژەنیا”ی دشی بە تۆمەتی “پەیوەندیکردن لەگەڵ سیخوڕە بیانییەکان” ڕەوانەی کەمپەکانی گولاک کران. ئەم پارانۆیایە تەنیا لە خێزانەکەی خۆیدا سنووردار نەبوو؛ ئەو سەرجەم ئەو ژنانەی تۆمەتبار کرد کە نزیکترین هاوڕێی ئەو بوون. ستالین ڕاستەوخۆ هاوسەری وەزیری ناوخۆ”پۆلنا زهەمچووزینا”ی جوو “ڤیاچەسلاڤ مۆلۆتۆڤ”ی بە “سیخوڕی زایۆنیستی” تۆمەتبار کرد و ڕەوانەی سرگوونی کرد. مۆلۆتۆڤ لە بەرامبەر کەشی تیرۆری ڕێژیمدا بەرەوڕوو بوو، هەر بۆیە ناچار بوو بە بێدەنگی بێسەروشوێن کردنی هاوسەرەکەی قبووڵ بکات.
ـ چین: ماو تسی تۆنگ و ژانگ چینگ
“ژانگ چینگ”، یەکێک لە کەسایەتییە بەهێز و کاریگەرەکانی شۆڕشی ڕۆشنبیری چین، بووە قوربانی ئەو گومانە قووڵانەی کە هاوسەرەکەی واتە (ماو تسی تۆنگ)، لە دوایین ساڵەکانیدا پێشیخستبوون. پەیوەندییەکانی ژانگ چینگ لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوایی و مێژوونووسی ئەمریکی “رۆکسانە وتکە”دا، لەلایەن ڕیژیم و شەخسی ماو تسی تۆنگەوە بە “درکاندنی نهێنییەکانی دەوڵەت بۆ سیخوڕە بیانییەکان” دانرا. ئەم پرۆسەیە کە بە تەجریدی سیاسی هاوسەرەکەی لە لایەن ماوەوە دەستی پێکرد، بە فەرمی بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی ژانگ چینگ بە تۆمەتی خیانەت و سیخوڕیکردن دژ بە شۆڕش، لە دوای مردنی سەرۆک کۆتایی هات.
ـ ئەلبانیا: ئەنوەر خۆجە و فیقرەتە شەهو
ئەنوەر خۆجە، یەکێک لە سەرکردە هەرە پارانۆیاییەکانی مێژوو، بەردەوام لەدژی دوژمنە خەیاڵییەکان لە دەوروبەری دەکرد. خۆجە کە لە لایەن مەهمەت شەهو، سەرۆک وەزیرانەوە بە “سیخوڕی ئەمریکی، سۆڤیەت و یوگۆسلاڤی” ناسێندرا، کە لە ساڵی 1981دا بەشیوەیەکی گوماناوی مرد. ئەم گومانەی بۆ فقرەتا شەهو، هاوسەری شەهو درێژکردەوە. فقرەتا شەهو بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ چالاکییە سیخوڕییەکانی هاوسەرەکەی ڕەوانەی کەمپێکی دیلەکان کرا و لەوێ گیانی لەدەست دا.
2ـ دەسەڵاتی ناوخۆیی لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە ڕادیکاڵەکاندا و نموونەی کەسیرە یڵدرم
لە بزووتنەوە ڕادیکاڵەکاندا کە هێشتا بە دەسەڵات نەگەیشتوون و بە شێوەیەکی نایاسایی یان لە شێوەی گەریلایی (پارتیزانی)دا شەڕ دەکەن، دۆخەکە لە دەوری “ئاسایشی شانەیی” و “بنیاتنانی کولتووری سەرکردایەتی” داڕێژراوە. دیارترین نموونەی ئەو پێکهاتانە پەکەکە و بەسەرهاتی کەسیرە یڵدرمە.
کەسیرە یڵدرم، کە یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری پەکەکە بوو و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا هاوسەرگیریی کردبوو، لە مشتومڕەکان سەبارەت بە ڕێباز و ئایدۆلۆژیای ناو ڕێکخراوەکەدا، هێڵی ئۆپۆزسیۆنی گرتەبەر. ئۆجەلان، بەگوێرەی بانگەشەکان سەبارەت بە بنەماڵەی یڵدرم (ئیدیعاکان سەبارەت بە پەیوەندیی باوکی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا)، کەسیرەی وەک “ئەسپی ترۆوا کە لە لایەن دەوڵەتی قووڵی توکیاوە ناردرابێتە ناو ڕێکخراوەکەوە” ناوی بردووە. ئەم تۆمەتبارکردنە ڕێگەی بە ئۆجەلان دا کە دەسەڵاتی ڕەهای خۆی لەناو ڕێکخراوەکەدا بەهێزتر بکات. لە ڕاستیدا، لە بزووتنەوە گەریلاییەکاندا ژنی سەرۆک، یەکسانە لەگەڵ سەرۆک، بەجۆرێک کە بتوانێت لەگەڵ سەرۆکدا هاوسەنگ بێت. کاتێک ئەم دۆخە زنجیری پیرۆزیایەتی سەرۆک تێکدەدات، بە دڵنیاییەوە پێناسەکردنی هاوژین وەک “سیخوڕێک”، دەبێتە میکانیزمێکی کۆنترۆڵکردنی ناوخۆیی، لەناو ڕێکخراوەکەدا. کەسیرە یڵدرم دەستگیرکرا و بە خیانەت تۆمەتبارکرا و لە ساڵی 1988دا بە هەڵهاتنی بۆ ئەوروپا، توانی گیانی دەرباز بکات. ژیانی هاوشیوەی “کەڕ و لاڵ”ـەکان بەسەر کەسیرەدا سەپێندرا.
3ـ ئەمریکای لاتین و نموونەی کمەر: لادانی ئیدئۆلۆژیک و تەندروستیی فیکری
ـ پیرۆ: ڕێگای ڕۆنی و ئاوگۆستا لا تۆرە
ئاوگوستا لا تۆرێ (هاوڕێ نۆراهـ)، هاوسەری ئابمایل گوزمان، سەرۆکی ڕێگای ڕۆنی کە تیرۆری مائۆئیستیی لە پیرۆ بڵاوکردەوە، دووەمین کەسایەتیی گرنگی ناو بزووتنەوەکە بوو. دوای مردنی گوماناوی ئەو لە ساڵی 1988دا، گوزمان بیرۆکەکانی هاوسەرەکەی خۆی وەک “ریڤیزیۆنیست و خیانەتکار” ناو برد.
لە لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژنامەنووس ئومبەرتۆ ژارا دەریدەخات کە لا تۆرێ لەلایەن سەرکردایەتییەوە ژەهراوی کراوە و لەناو براوە، چونکە ڕەخنەی لە شێوازەکانی گوزمان بۆ کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی مەدەنی گرتووە. گوزمان کە هاوسەرەکەی بە “خائین” ناوبرد، بە سوتاندنی جەستەی هاوسەرەکەی کۆتایی بە هەموو ململانێ ناوخۆییەکانی ناو ڕێکخراوەکە هێنا.
ـ کەمبۆدیا: پۆل پۆت و خییۆ پۆنناری
دۆسیەی خییۆ پۆنناری، هاوسەری پۆڵ پۆت، سەرۆکی خمێرە سوورەکان، خاوەن ڕێچکەیەکی کلینیکی تراژیکە. پۆنناری کە تووشی شیزۆفرەنیا و پارانۆیایەکی توند هاتبوو، دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر کەسانی دەوروبەری و ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە “سیخوڕی ڤیەتنامی لە هەموو شوێنێک هەن”. هەرچەندە پۆل پۆت بە فەرمی لە دادگادا هاوسەرەکەی بە سیخوڕی تۆمەتبار نەکرد، بەڵام دۆخی ژنەکەی وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی دەبینی و لە ژوورە داخراوەکاندا ئیزۆلەی کرد و گۆڕانی بۆ مردوویەکی زیندوو.
4ـ نموونەی ڤێتنام: بیرۆکراسی ئەمنیی سیستماتیک و ژنانی نەبینراو
شۆڕشی ڤێتنام مۆدێلێکی جیاوازی نیشان دا، مۆدێلێک نەبوو کە سەرۆک بۆخۆی هاوسەرەکەی تۆمەتبار بکات، بەڵکوو مۆدێلێک بوو کە “بیرۆکراسیی حیزبی ژنەکانی سەرۆکی وەک سیخوڕ/هەڕەشەی ئەمنی دەبینی” و لە مەیدان وەدری دەنان.
“هۆ چ منهـ” لە چاوی ڕای گشتیدا وەک “ڕێبەرێکی تاقانە و پیرۆز کە هاوسەرگیری لەگەڵ میللەتدا کردووە” (ئاپێ هۆ) پێشکەشکرا. بۆ پاراستنی ئەم پیرۆزییە، نامە و داواکاری بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ زانگ خومینگ، ئەو ژنە چینییەی کە لە ساڵی 1926دا “هۆ چ منهـ” هاوسەرگیریی لەگەڵدا کردبوو، لەلایەن مەکتەبی سیاسی ڤێتنام (بەتایبەتی لێ دوان)ـەوە ڕێگریی لێکرا. هەبوونی ژنێکی چینی بە بیانووی ئەوەی کە “گومانی سیخوڕیی لەناو بنکەی ناسیۆنالیستیدا دروست کردووە”، قەدەغە کرا و سانسۆر کرا.
ڕەوشی نۆنگ تاخوان لەوەش کارەساتبارترە کە پەیوەندییەکی نهێنی لەگەڵ هۆ چ منهـ هەبووە و لە ساڵی 1955دا منداڵێکی لێی هەبووە. ئەو ژنە جوانە، کە دەیهەویست پەیوەندییەکە فەرمی بکات، لەلایەن بیرۆکراسی ئاسایشی حیزبیەوە وەک “هەڕەشەیەکی ئەمنی کە دەتوانێت نهێنی دەوڵەت بخاتە مەترسییەوە” ناسێنرا و لە ساڵی 1957دا لە کردەوەیەکی کوشتنی گوماناویدا، تەسفیە کرا. هۆ چ منهـ، بە ناوی بەرژەوەندییە شۆڕشگێڕانەکانەوە، بێدەنگەی لەم تەسفیەکردنە کرد.
ئەنجام
کاتێک کە بە دانە مێژوویەکان لێکۆڵینە دەکرێت، تاوانبارکردن بە سیخوڕی لەلایەن ڕێبەرانی دیکتاتۆر یان سەرکردەی بزووتنەوە ڕادیکاڵەکانەوە، وەک پێویستیەکی سیستماتیکی دەردەکەوێت نەک هێرشێکی شەخسی. لە پێکهاتەی شانەیی و نهێنیدا، میکانیزمی “خائین” زۆر نەرمە؛ گومانکردن لە دەسەڵاتی سەرکردە، وەستاندن، یان داوای ئاشتی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە سیخوڕیەوە هەیە.
سەرۆک بە لەناوبردنی هاوژینەکانی خۆی کە لاوازییە مرۆیی و سرەکانی ئەوان باشتر دەزانن، هەم باڵادەستبوونی خۆی بەسەر زانیارییەکاندا دەپارێزێت و هەم ئەم پەیامە بێبەزەییانە بۆ ئەندامەکانی خۆی دەنێرێت: “من لە پێناو دۆزەکەدا، ژنەکەی خۆمم لە ژووری نوستنەکە لەناوبرد، من هەرگیز بەزەییم بە ئێوەدا نایەتەوە”. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لە گۆڕەپانی توندوتیژی شۆڕشگێڕانە و تۆتالیتاریزمی ڕەهادا، هاوسەرەکان “دوژمنی ناوخۆیی” شاراوە (پۆتانسیەڵ)ـن و ئامادەن کە لە هەر ساتێکدا بکوژرێن.
ژێدەر:
- Alia, R. (1988). Our Enver. Tirana: 8 Nëntori Publishing House. (Enver Hoca dönemi Arnavutluk iç tasfiyelerine dair resmi anlatılar ve politik arka plan).
- Brocheux, P. (2007). Ho Chi Minh: A Biography. Cambridge University Press. (Ho Chi Minh’in Zeng Xueming ve siyasi sansür mekanizmalarıyla olan ilişkisini inceleyen biyografik çalışma).
- Chang, J. & Halliday, J. (2005). Mao: The Unknown Story. New York: Knopf. (Jiang Qing’in yabancı misyonlarla ilişkisi ve Mao’nun son yıllarındaki paranoyasının analizi).
- Jara, U. (2007). Morir lo Justo: Abimael Guzmán y el Sendero Luminoso. Lima: Planeta. (Augusta La Torre’nin şüpheli ölümü ve Aydınlık Yol içindeki tasfiyelerin adli raporlara dayanan analizi).
- Montefiore, S. S. (2003). Stalin: The Court of the Red Tsar. London: Weidenfeld & Nicolson. (Nadejda Alliluyeva’nın intiharı sonrası Alliluyeva ailesinin ve Polina Zhemchuzhina’nın casusluk iddiasıyla Gulag’a gönderilme süreçleri).
- Öcalan, A. (1994). PKK’ya Dayatılan Tasfiyecilik ve Tasfiyeciliğin Tasfiyesi. İstanbul: Memsis Yayınları. (Kesire Yıldırım ve örgüt içi muhalif kliklerin “devlet ajanı/sabotajcı” olarak kodlandığı ideolojik metin).
- Short, P. (2004). Pol Pot: Anatomy of a Nightmare. New York: Henry Holt and Company. (Khieu Ponnary’nin psikolojik çöküşü, Kızıl Kmer rejimi altındaki izolasyonu ve S-21 iç infaz mekanizmaları).
- Quinn-Judge, S. (2002). Ho Chi Minh: The Missing Years 1919-1941. University of California Press. (Vietnam Devrimi’nin erken dönem liderlik kültü inşası ve özel hayatın devlet sırrına dönüştürülmesi süreçleri




