یەڵدز: نزیکەی 2800 کەس لە یاسای چوارچێوە سوودمەند دەبن، بەڵام یاساکە نزیکەی 230 کەس لە کادیرانی بەڕێوەبەریی پەکەکە ناگرێتەوە.
فەتی یەڵدز جێگری سەرۆکی مەهەپە و حوسێن یایمان جێگری سەرۆکی ئاکەپە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس یاڤوز دۆنات وردەکاری نوێیان سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی و یاسای چوارچێوە ئاشکرا کرد.
فەتی یەڵدز ڕایگەیاند، بڕیار دراوە تا کۆتایی مانگی مژدار ئەنجامێکی بەرجەستە دەربکەوێت و دواتر قۆناغی جێبەجێکردنی یاساکە بۆ زیندانییەکان دەست پێدەکات. یەڵدز ئاماژەی بەوەدا کە نزیکەی 2800 کەس لەم یاسایە نوێیە سوودمەند دەبن، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە کادیرانی بەڕیوەبەریی پەکەکە (کە نزیکەی 230 کەس دەبن) لەم دەرفەتە بێبەش دەبن. ناوبراو سەرنجی خستە سەر پەسەندکردنی یاساکە لە پارلمانی تورکیا بە 467 دەنگ و بە “نیشانەی یەکلاکردنەوەی ئیرادەی نەتەوەیی” ناوی برد. یەڵدز هەروەها هێڵی سووری چوار خاڵی یەکەمی دەستووری بنەڕەتی تورکیاسی وەبیرهێنایەوە.
لای خۆیەوە حوسێن یایمان ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە سیاسەتێکی هاوبەشی دەوڵەت و میللەتە کە بە هەماهەنگییەکی بێدەنگ بەڕێوەدەبرێت. یایمان جەختی لە مەرجە سەرەکییەکانی دەوڵەتی تورکیا کردەوە، کە بریتین لە چەکدانانی پەکەکە و چۆڵکردنی ئەشکەوتەکان لە زووترین کاتدا و ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای پاڵپشتی گشتیی لە پەرلەماندا، ئەرکی هەموو لایەنەکانە کە پشتگیری لەم ڕێگاچارەسەرە بکەن.