باکرهان: بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی چاودێر یان ئاسانکارێکی زۆر کارا بگێڕێت.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، پەکەکە بە فەرمی هێزەکانی خۆی لە خاکی تورکیا کشاندووەتەوە و پرۆسەی ئاشتی لە کۆتایی قۆناخی یەکەمدایە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵی چاودێر و ئاسانکار لە پرۆسەی چەکداناندا بگێڕێت.
ڕۆژی دووشەممە 12/10/2026، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان24ی باشووری کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی مێری لە هەولێر، سەرنجی خستە سەر دواپێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، قۆناغەکانی دانوستان، رۆڵی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان و بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان.
سەبارەت بە دۆخی سەربازیی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، باکرهان ئاشکرای کرد: دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، هێزەکانی پەکەکە لە خاکی تورکیا کشاونەتەوە، وەک ئەوەی موراد قەرەیلانیش رایگەیاند. ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە و نیشانەی جددییەتە، ئێستاش کاتی ئەوەیە دەسەڵاتی تورکیا بە هەمان دڵسۆزی هەنگاو بنێت.”
لەبارەی چۆنییەتی و شوێنی دانانی چەک، باکرهان گوتی: پەکەکە بڕیاری خۆی داوە و رێگەی خەباتی دیموکراسی و یاسایی هەڵبژاردووە. بۆ پرۆسەی چەکدانانیش، هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی چاودێر یان ئاسانکارێکی زۆر کارا بگێڕێت بۆ ئەوەی زەمینەی گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆ ناو زێدی خۆیان و بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و مەدەنیدا دەستەبەر بکرێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆسەی چارەسەری بە رێڕەوێکی باشدا تێپەڕیوە و گوتی: “ئێستا لە قۆناخی یەکەمی پرۆسەکەداین و نزیکین لە کۆتایی ئەم قۆناخە. ئەگەر بە سەرکەوتوویی تێپەڕین، لە قۆناخی دووەمدا گفتوگۆ لەسەر ماف و ئازادییە دیموکراسییەکانی کورد دەکرێت لە زەمینەیەکدا کە چەک بێدەنگ بێت و سیاسەت و یاسا بدوێن.”
باکرهان پێشمەرجەکانی چوونی بۆ قۆناخی دووەم خستەڕوو و رایگەیاند، پێویستە دەسەڵات لە تورکیا پێگە و رۆڵی یاسایی ئۆجەلان روون بکاتەوە، قەیوومەکان لەسەر شارەوانییەکان لابدات و هاوسەرۆکە هەڵبژێردراوەکان بگەڕێنێتەوە، زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکات، و دەرفەتی گەڕانەوە بۆ ئەو کوردانە بڕەخسێنێت کە لە هەولێر، سلێمانی و وڵاتانی دەرەوە لە تاراوگەدان. جەختیشی کردەوە، دەبێت دەستوورێکی نوێ و دیموکراتی دابڕێژرێت تا مافەکانی 25 ملیۆن کورد گەرەنتی بکرێن.
تونجەر باکرهان ستایشی رۆڵی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی کرد لە پرۆسەی ئاشتیدا و گوتی: لە ماوەی رابردوودا سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان رۆڵێکی بنیاتنەرانەیان گێڕاوە و دەتوانن بەردەوامیش بن.”
باکرهان ئاشکراشی کرد کە لە دوا دیداریاندا لە ئیمراڵی: ئۆجەلان سڵاوی تایبەتی خۆی بۆ هەموو سەرکردەکان باشووری کوردستان و سەرجەم حزب و رێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان ناردووە. ئێمە لە سنووری جیاوازدا دەژین، بەڵام خاوەن یەک دڵ و چارەنووسین و پێویستە پشتیوانی یەکتر بین.
سەبارەت بە بارودۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند: تاقیکردنەوەی گەورەی سووریای نوێ، مامەڵەکردنە لەگەڵ مافی خوێندن بە زمانی دایک و دابینکردنی مافەکانی کورد. پێویستە تورکیاش رۆڵێکی ئەرێنی لە رۆژئاوا بگێڕێت تا وێنەی لەلای کورد باشتر بێت.
هاوکات ئیدانەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی حەسەکەی کرد و داوای لە دەسەڵاتی دیمەشق و هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد رێگری لە گرووپە دژە کوردەکان بکەن و نەهێڵن ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە تێکبدەن.
باکرهان گەشبینیی خۆی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، شەڕی پەنجا ساڵەی رابردوو هیچ سوودێکی بۆ تورکیا نەبووە و تەنیا بووەتە هۆی داڕمانی ئابووری، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە مافەکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی دیموکراسیانە چارەسەر بکرێن.