یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی چەکدانان، هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی پەکەکە لە خاک و سنوورەکانی تورکیا.
لیژنەی چەکدانانی پەکەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ئیمرالی بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە کۆدەبێتەوە و دەوڵەتی باخچەلی سەرۆکی مەهەپەش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی “Halktv”، یەکێک لەو لیژنانەی کە لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە بۆ درێژەدان بە پرۆسەکە پێکهاتووە، لیژنەی چەکدانانە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی لیژنەکەیە.
وەک ڕاگەیەندراوە، لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم لیژنەیە لە ئیمرالی و بە دیاریکراوی لەو ڤێلایەی کە بۆ ئۆجەلان دروستکراوە، کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی “Halktv”، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەش لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبێت.
دیاریکردنی کات و شوێنی کۆبوونەوەی لیژنەی چەکدانانی پەکەکە، هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی پەکەکە لە خاک و سنوورەکانی تورکیا، کە پەکەکە بۆخۆی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا لە 8ی ئۆکتۆبەر ڕایگەیاند.
بۆ پرۆسەی ئاشتی، کە تورکیا بە “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات، 4 لیژنە لەلایەن پەرلەمانەوە دامەزراون، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاش ئەرکی جێبەجێکردنی کار و چالاکییەکانی ئەو لیژنانەی گرتۆتەئەستۆ.
لیژنەی چەکدانان لەلایەن ئۆجەلانەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی لە ئیمرالی ئەنجام دەدات.