بارەگای بارزانی: دیداری مێری هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە

بارەگای بارزانی: دیداری مێری هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە

لە دیدارێکی ئاوا گرنگدا، پێویست بوو نوێنەرایەتیی دۆزی گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بە شێوەیەکی فراوان و بە بەشداریی سەرجەم لایەنەکان رەنگ بداتەوە.

بارەگای بارزانی، رەخنەی لە شێوازی بەڕێوەچوونی “دیداری مێری 2026” گرت و رایگەیاند: جێگەی داخە کە ئەم کۆڕبەندە ئەمساڵ نەیتوانیوە بە شایستەیی لە بانگهێشتکردنی میوانان و پەنێڵەکانیدا رەچاوی فرەلایەنیی سیاسی و بەشداریی لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بکات.

ڕۆژی سێشەممە، 13/10/2026، بارەگای بارزانی، راگەیاندراوێکی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی “دیداری مێری 2026” لە شاری هەولێر بڵاو کردەوە و تێیدا رەخنەی لە شێوازی رێکخستنی کۆڕبەندەکە گرت.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، جێگەی داخە کە ئەم کۆڕبەندە ئەمساڵ نەیتوانیوە بە شایستەیی لە بانگهێشتکردنی میوانان و رێکخستنی پانێڵەکانیدا رەچاوی فرەلایەنیی سیاسی و بەشداریی لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بکات.

لە راگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، لە دیدارێکی ئاوا گرنگدا، پێویست بوو نوێنەرایەتیی دۆزی گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بە شێوەیەکی فراوان و بە بەشداریی سەرجەم لایەنەکان رەنگ بداتەوە.

بارەگای بارزانی لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا هۆشداریی داوە و دەڵێت: ئەم جۆرە مامەڵەکردنە نیگەرانیی خەڵکی تێکۆشەر و رەسەنی بەشەکانی دیکەی کوردستانی لێکەوتووەتەوە و دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی پەرتەوازەیی و دووبەرەکی لە نێوان رۆڵەکانی گەلی کوردستاندا.

بارەگای بارزانی هەڵوێستی کۆتایی و یەکلاکەرەوەی خۆی ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، “هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە دیداری مێری 2026 هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە”.