ئۆجەلان و سەرکردایەتی پەکەکە 50 هەزار ڕۆڵەی کوردیان بەکوشتن دا و دواجار بۆخۆیان نەک هەر تەسلیم بوون، بەڵکوو لەبەر دەوڵەتی تورک دەپاڕێنەوە کە عەفوویان بکات!!.
پەکەکە ناسنامەی ژمارەیەکی زۆر لەو گەریلایانەی خۆی ڕادەگەیەنێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە و هەتا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی شاردبۆوە.
ڕۆژی سێشەممە 20/10/2026، موراد قەرەیلان، سەرکردەیەکی پەکەکەی هەڵوەشاوە ڕایگەیاند، لە چەند مانگی داهاتوودا ناسنامەی سەدان گەریلای دیکەی تەڤگەرەکە ڕادەگەیەنرێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە و گوتی:
“شەهیدانی دیکەی تێکۆشانی ئازادی ڕادەگەیەنرێت، ئەو خەباتەی کە بە پێشەنگایەتی شەهیدە قارەمانەکان بەڕێوەچوو، دەستکەوتی گەورەی لە کوردستان خوڵقاند”!!.
موراد قەرەیلان کە بە جەمال ناسراوەم دەڵێت: “هەر شەهیدێک حەماسەتێکی خوڵقاند و گەیشتە شەهادەت”.
قەرەیلان چەند بیانوویەکی بێ بنەما و بێ مانای بۆ دواکەوتنی ڕاگەیاندنی ناوی شەهیدانی پەکەکە هێنایەوە و وتی:
“وەک دەزانن پێشتر بیرهێنانەوەی 749 هەڤاڵمان لە باکووری کوردستان ڕاگەیاند و پرسە لە باکوور دانرا و لەلایەن گەلەکەمانەوە بەبیرهێنرانەوە، ئەم هەڤاڵانە لە شەڕی گەرمدا لە بەرواری جۆراوجۆردا شەهید بوون، لە کاتی خۆیدا زۆر شەهیدمان ڕاگەیاند، بەڵام نەمانتوانی هەموویان ڕاگەیەنین، لەبەر سەلامەتی هەڤاڵان ڕاگیرا، زانیاری درەنگ هات، لەلایەک شەڕ بەردەوام بوو، هەمیشە شەهیدی نوێ هەبوو، هەندێک شەهید بەو شێوەیە مانەوە، لەو کاتەدا ڕانەگەیەندرا، هۆکارەکەشی دۆخی ئەمنی بوو، بۆیە ئێستا ئەم شەهیدانە ڕادەگەیەنین کە لە کاتی خۆیدا ڕانەگەیەندرابوون”.
قەریلان سەبارەت بەو شەهیدانەش کە هێشتا ناسنامەکەیان ڕانەگەیندراوە گوتی: “هەروەک گوتم، هەموو باکوورییەکانمان ڕاگەیاندووە، ئێستا دەمانەوێت بەشەکانی دیکەش ڕابگەیەنین کە بریتین لە ڕۆژئاوا، باشوور، شنگال، ڕۆژهەلات، لە ڕۆژئاواوە 19 هەڤاڵ لە دێرک، گرکێ لەگێ ڕاگەیەندراوە، ئێستا هێشتا 57 هەڤاڵ ماوە، ئەمانەش خەڵکی ناوچەکانی ترن”.
قەرەیلان ئاسکرای کرد کە “لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێن، هەشت قارەمانمان هەیە لە شنگال، لە باشووری کوردستانەوە 21 و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە 78 شەهیدی قارەمانمان هەیە، لە ماوەی ئەم مانگە و مانگەکانی داهاتوودا هەموو ئەمانە ڕادەگەیەنین و بۆ ڕای گشتیدا بڵاویان دەکەینەوە”.
ڕێکخراوی پەکەکە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ناوی ئەو گەریلایانەی خۆی بە شاراوەیی هێشتۆتەوە کە ئاراستەی مەرگی کردوون و دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ ئەوسا دەهات و دەیگوت ئێمە ئەوەندە هەڤاڵی ئاپۆییمان لەدەست داون.
جەمال ئەمڕۆ هاتووە و قسە لەسەر قارەمانێتی شەهیدان دەکات و دەیهەوێت هۆکارە بێ بنەماکانی خۆی بۆ دواکەوتنی ڕاگەیاندنی ناسنامەی شەهیدەکان بە بنەماڵە هەژارەکانیان بقەبووڵێنێت.
موراد قەرەیلان دەڵێت: هەر شەهیدێک حەماسەتێکی خوڵقاند و داستانێکی تۆمار کرد، بەڵێ جەمال ڕاست دەکات، شەهیدەکان حەماسەتیان خوڵقاند و داستانیان تۆمار کرد، بەڵام تەنها خۆی و سەرکردایەتی پەکەکە و سەرۆکە تەسلیمبووەکەیان ماون کە هیچ حەماسەت و داستانێکیان نەخوڵقاندووە.
ئەوان خۆیانیان لە پشت منداڵ، کچ و کوڕی کورداندا شاردۆتەوە، ئەوان زیاتر لە 50 هەزار ڕۆڵەی کوردیان ڕەوانەی مەرگ کرد و دواجار بۆخۆیان تەسلیم بوون، نەک هەر تەسلیم بوون، بەڵکوو لەبەر دەوڵەتی تورک دەپاڕێنەوە کە عەفوویان بکات!!.
ئەو ستەم و ناعەدالەتیەی کە پەکەکە بەرامبەر گەنجانی کورد کردوویەتی ئەمەیە، ئەوانی مەحکووم بە دوو شت کرد، یان لەلایەن ئەرتەشی تورکەوە بکوژرێن یان ببنە بکوژی کوردان.
جەمال ئەمڕۆکە دێت و باس لە داستان و حەماسەتی شەهیدان دەکات و بەمشێوەیە هەوڵدەدات قارەمانێتیەکەیان بۆ خۆی و سەرۆکەکە تەسلیمبووەکەی بێنێتەئەژمار، بەڵام ئیدی گەل فریو ناخوات، نەتەوەی کورد باش دەزانێت کێ شەڕی کردووە و کێ گیانی خۆی بەخت کردووە بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی دوژمن و هەروەها زۆر باش دەشزانێت کە ترسنۆک کێیە و کێ خۆی لە پشت ئەو پاڵەوانانەوە حەشارداوە. خۆی لەخۆیدا تەسلیمبوونی ئێوە و خاپۆی ڕێبەرتان، بابەتی گفتوگۆیە و لە هەموو کۆمەڵەیەک و لە هەموو شوێنێک باسی دەکرێت.