چەواشەکاریی گەورەی پەکەکە و ئۆجەلان: بێواتا کردنی خوێنی گەنجانی کورد بەردەوامە

فرتوفێڵە گەورەکەی پەکەکە و ئۆجەلان: بێمانا کردنی خوێنی گەنجانی کورد بەردەوامە

ئۆجەلان ئەم هەموو نەهامەتییەی بەسەر کورددا هێناوە بەڵام هەرگیز ئامادە نەبووە کە بە یەک وشەش داوای لێبوردن لە دایکی شەهیدان بکات.

خوێنی گەنجانی کورد هیچکات لای پەکەکە واتای خۆی نەبووە و پەکەکە بە درێژایی مێژووی خۆی و شەڕە درۆیینەکەی، کچان و کوڕانی گەنجی کوردی وەکوو ئامرازێک بەکارهێناوە و هەرکات بە پێویستی زانیبێت، فڕێی داونەتە بەردەم دوژمنی وەحشی و دڕندەی کورد و کوردستان.

ڕۆژی چوارشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2026، پەکەکەی هەڵوەشاوە ناسنامەی زیاتر لە 170 گەریلای خۆی ڕاگەیاند کە لە ساڵان و مانگەکانی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە و پەکەکە هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی لە بنەماڵەکانیان و ڕای گشتیی شاردبۆوە.

موراد قەرەیلان ئەمەی ڕاگەیاند و وتی: “زانیارییەکان درەنگ دەگەیشتنە دەستمان، بۆیە نەمانتوانی لە کاتی خۆیدا ناوەکانیان ڕابگەیەنین”!.

پەکەکە ئەو گەنجانەی فریودا، ئاراستەی مەرگی کردن و ئەمڕۆکەش هاتووە و لە وەسفیاندا دەڵێ: “ئەوان میلیتانی ئاپۆیی ئێمە بوون، بە قوربانی ئاپۆ بن”!.

هەروەها پەکەکە لە مەراسیمی یادەکردنەوەیاندا، وێنەی سەرۆکە تەسلیمبووەکەی واتە عەبدوڵا ئۆجەلانیشی لەنێو وێنەی شەهیدەکاندا داناوە، هەروەک ئەوەی کە ئۆجەلان کە شەڕی کردبێت و خوێنی دابێت و شەهید بووبێت!!

ئۆجەلان لە هەموو ژیانیدا یەک فیشەکی بە ڕووی دوژمندا نەتەقاندوە و چیاکانی کوردستان ناناسێت. ئەم زانیاریانە بە فەرمی لەلایەن بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی “پەکەکە/کەجەکە”ی هەڵوەشاوەوە ڕاگەیەندراوە، بەڵام پەکەکە هێشتاش بە دانانی وێنەکەی ئۆجەلان لە نێو وێنەی شەهیدەکاندا، بەهەمان شێوە هەوڵدەدات تەسلیمبوون و ترسنۆک بوونی ئۆجەلان بشارێتەوە.

دەبێ وێنەکەی ئۆجەلان لە تەنیشت وێنەی خیانەتکاران و بکوژانی منداڵانی کورد دابنرێت

ئەو شوێنە شایەنی وێنەی ئاپۆ نییە، دەبێ وێنەی خاپۆی کوڕی عوەیش، لە تەنیشت وێنەی خیانەتکاران و بکوژانی منداڵانی کورد دابنرێت. دەبێ وێنەکانی ئاپۆ لەو ڤێلایە دابنرێت کە دەوڵەتی تورک پێش کوشتنی ئەو گەنجانە و پێش ئەوەی دۆزی کورد بفرۆشێت، وەک خەڵات پێشکەشی کردبوو.

بە درێژایی مێژووی کورد، هیچ دەوڵەتێکی داگیرکەر و هیچکام لە دوژمنانی کورد و هیچ حیزب و بزووتنەوەیەک بە ئەندازەی پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری، کوردیان فریونەداوە و ژن و منداڵی کوردیان نەکوشتووە و کوردستانیان نەفرۆشتووە.

پەکەکە لە سەرەتای شەڕی چەکداریی خۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە 50 هەزار گەریلا و شەڕڤانی لە کچان و کوڕانی لاوی کورد بەکوشتن داوە و لە کۆتاییشدا وتی: “کوردستان، نەتەوەی کورد و دەوڵەتی کوردی هیچ مانایەکیان نییە و تەنیا ڕێگاچارەسەر ئەنتەگراسیۆن و توانەوەی کوردە لەناو دەوڵەتانی داگیرکەردا”.

ئۆجەلان 50 هەزار گەنجی کوردی بەکوشتن داوە و دوای 43 ساڵ هەستا و بە دوو قسە تەڤگەرە ئاپۆچی و دژەکوردستانییەکەی خۆی هەڵوەشاندەوە. پەکەکە هەرگیز هیچ داواکارییەکی نە بۆ کورد، نە بۆ کەسوکاری شەهیدان و نە بۆ منداڵانی کورد نەبووە و بەوپەڕی ڕووهەڵماڵراوییەوە دەڵێت: “ئامانجی من هەرگیز کوردستان نەبووە، دەمهەوێت کۆماری تورکیا بەهێز بێت”. ئۆجەلان ئەم هەموو نەهامەتییەی بەسەر کورددا هێناوە بەڵام هەرگیز ئامادە نەبووە کە بە یەک وشەش داوای لێبوردن لە دایکی شەهیدان بکات.