کوردستان پێویستی بە ستراتژییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە کە تەنها بۆ ماوەی نێوان دوو هەڵبژاردن نەبێت، بەڵکوو بۆ ئایندەی چەند دەیەیەک لەبەرچاو بگیردرێت.
سمکۆ عەبدولعەزیز
مەترسی گەورە ئەوەیە کە جیهان بە گۆڕانکاری گەورەدا تێدەپەڕێت و هەرێمی کوردستان وەک بوونەوەرێکی گێژ بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە.
لە مێژوودا: هەندێک گەل هەن کە گۆڕانکاری دروست دەکەن، هەندێک هەن کە خۆیان بۆ ئەو گۆڕانکاریانە ئامادە دەکەن و هەندێکیش هەن کە دوای ئەوەی گۆڕانکارییەکان ڕوودەدەن و جێگای خۆیان دەگرن، ئەوسا دەزانن کە چییان بەسەر هاتووە.
هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەم گۆڕانکاریانەدا جێ دەگرێت؟؟؟؟
هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان ئامادە دەکەن و بۆ مانەوە و بەهێزبوون و ناسنامەی خۆیان لەم گۆڕانکاریانەدا هەنگاو دەنێن.
(ئێران، تورکیا، ئیسرائیل، وڵاتانی کەنداو) هەریەکەیان بە جۆرێک یان شێوازێک هەوڵی پتەوکردنی پێگەی خۆیان دەدەن.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کار بۆ داڕشتنی ستراتژییەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات و هەوڵێکی جیددی دەدات بۆ ئەوەی کە ئەو ستراتژییە جێبەجێ بکات.
هەرکام لەو وڵاتانە و ئەوانەی ناویانمان نەهێناوە و بەرژەوەندییان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هەیە، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەگەر ئامادە نەبن بۆ ئەو گۆڕانکاریانە، ئەوا دەبنە تەماشاکەر و دیلی دەرئەنجامی ڕووداوەکان.
لە پرۆسەی ئەو گۆڕانکارییانەدا، هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە چ ئاستێکدان؟؟؟
ناکۆکییە سیاسییەکان گەیشتوونەتە لووتکە و دەتوانم بڵێم هەندێک لایەنی سیاسی وەک هەرزەکار مامەڵە دەکەن، بەتایبەتی (یەکێتی و ئایندە). هەروەها حکوومەتی عێرق توانیویەتی لە ڕێگای یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، قەیرانی دارایی بە گشتی و مووچەی فەرمانبەران بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستاندا دروست بکات و حکومەتی کوردیی تووشی شپرزەییەکی دژوار کردووە. عێراق لە هەوڵدان بۆ زیادکردنی کێشەکان لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوامە.
ئەمڕۆکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبری خۆئامادەکردن بۆ گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە کێشە ناوخۆییەکانیەوە سەرقاڵ کراوە. لێرەدا دەتوانین بڵێین کە داگیرکەرانی کوردستان تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوون لەم شەرنیخەدا بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی کورد هۆکاری ئەو سەرکەوتنەن.
لە ڕووداوەکانی ئێستادا، بەشێک لە سیاسەتمەداران زۆرجار هەبوونی بۆشایی ئاسمانی یان هاتنی هێزێکی چەکدار بۆ ناو هەرێم، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر هەرێم دادەنێن. ئەم بۆچوونە تا ڕادەیەکی دیاریکراو ڕاستە، بەڵام هەڕەشەیەکی ستراتژیک نییە. هەڕەشەی ستراتژیک لەسەر هەرێم ئەوەیە کە ئێمەی کورد هێشتا گوتارێکی سیاسی هاوبەشمان بۆ بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان نییە.
میللەتێک دەتوانێت لە هەمبەر نەیارێکی بەهێزدا خۆی ڕابگرێت و بەرەنگاری بکات کە یەکگرتوو بێت و مێژووی کورد پڕە لە نموونەی بەرخۆدان، بەڵام کاتێک میللەتێک بەسەر چەند بۆچوونێکی دژبەیەکدا دابەش دەبێت و ناتوانێت گوتارێکی هاوبەش دروست بکات، ئەوکات ئەو میللەتە توانای بەرخۆدان و خۆڕاگریی نامینێت و بەرگەی هیچ فشارێک ناگرێت.
(نەوت و گاز، پێگەی جوگرافیایی کوردستان، هێزی پێشمەرگە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان) دەبنە سەرچاوەی سەرەکی بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەبێ بڕیارێک سیاسیی هاوبەش و دامەزراوەی بەهێز، ئەم سەرچاوانە دەبنە هۆی زیاترکردنی ناکۆکییەکان و هەرێمی کوردستان لاواز دەکەن.
هەبوونی سامانی سروشتی لە هەر وڵاتێکدا دوو ڕێگا بۆ ئەو میللەتە دروست دەکات:
ڕێگای یەکەم: دەبنە هۆکاری بەهێزکردنی وڵات، ئەگەر یەک گوتاری سیاسیی هاوبەش بۆ دەرەوە هەبێت.
ڕێگای دووهەم: ئەگەر چەند گوتاری سیاسی دژ بەیەک ڕوو لە دەرەوە هەبن، ئەوا دەبنە هۆی لاوازبوونی وڵات.
بەداخەوە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان کەوتۆتە ناو ڕێگای دووەهەم. ئەمە نابێت بە بانگەوازێک بۆ پشتگوێخستنی جیاوازییە سیاسییەکان، هەروەها داخوازییەک بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەش نییە.
بە پێچەوانەوە جیاوازی بیروڕا دەتوانێت ببێتە هێزێکی سیاسی، ئەگەر هەموو لایەنەکان لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان ڕێکبکەون.
بەرژەوەندییە گشتییەکان کاتێک پارێزراو دەبن کە بزانین کام بڕیار لە هەموویان گرنگترە.
کوردستان پێویستی بە ستراتژییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە کە تەنها بۆ ماوەی نێوان دوو هەڵبژاردندا نەبێت، بەڵکوو بۆ ئایندەی چەند دەیەیەک لەبەرچاو بگیردرێت. ستراتژییەک کە ئاسایش، پەروەردە، ئابووری و دامەزراوەکانی دەوڵەت و مافە نەتەوەییەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
مێژوو هەمیشە دەرفەت دروست ناکات، هەندێک جار دەرفەتەکان بە هێمنی جێگەی خۆیان دەگرن.
ئەگەر میللەت خۆی بۆ ئایندە ئامادە نەکات، ئایندەیەک دروست دەبێت کە ئەو میللەتە هیچ ڕۆڵێکی لە دروستکردنیدا نەبووە. بەداخەوە لە مێژووی نەتەوەی کورددا، ئەم ڕووداوە چەندین جار دووبارە بووەتەوە.
لە کۆتاییدا ئەم پرسیارە بۆ خوێنەران جێدەهێڵم و با لە کۆمێنتەکانیاندا وەڵامی بدەنەوە:
ئەگەر وڵاتانی دەوروبەرمان پلان بۆ سی ساڵی داهاتوو دادەڕێژن، ئایا ئێمە پلان بۆ سی ڕۆژی داهاتوومان هەیە؟