یەبەشە هەڵوەشایەوە، سوپای عێراق دەچێتە ناو تونێلەکانی چیای شنگال

یەبەشە هەڵوەشایەوە، سوپای عێراق دەچێتە ناو تونێلەکانی چیای شنگال

لەسەر فەرمانی ئۆجەلان دوای هەسەدە یەبەشەش هەڵوەشێندرایەوە و پەکەکە سەرجەم پۆست و تونێلەکانی سەر سنووری باشووری کوردستان تەسلیمی سوپای تورکیا کردووە.

ئەمڕۆ بە مەراسیمێک پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی یەبەشە، لقی شنگالی پەکەکە و تێکەڵبوونی لەگەڵ سوپای عێراق بە فەرمی جێبەجێ کرا.

ئایندەی یەبەشە، لقی شنگالی پەکەکە، ماوەیەک بوو کە گفتوگۆی لەسەر دەکرا. لە ڕێکەوتی 30ی ئەیلولدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی هەنارد و داوای جێبەجێکردنی “مۆدێلی تورکیای لە شنگال” و ڕادەستکردنی شنگالی بە عێراق کردبوو.

لەسەر ڕێنمایی ئۆجەلان، پرۆسەی ڕادەستکردنی شنگال بە عێراق خێراتر بوو. ئەمڕۆ دووشەممە 26/10/2026، لە مەراسیمێکدا لە شنگال، هێزەکانی ناو شنگال بە فەرمی ڕادەستی عێراق کران.

لە مەراسیمەکەدا، کە سروودی نیشتمانی و ئاڵای عێراقی تێدا هەڵکرا، یەک تابلۆ و هێمای کوردی لێنەبوو. کچە بچووکەکان کە ئاڵای عێراقیان پێدرابوو، گوڵیان بەسەر سوپای عێراقدا بڵاوکردەوە. ڕاستەوخۆ دوای مەراسیمەکە، ئەو تونێلانەی کە ساڵانێک بوو لە چیای شنگال هەڵکەندرابوون، ڕادەستی سوپای عێراق کران. سوپای عێراق لە سەر بنکەی تونێلەکاندا ئاڵای عێراقی هەڵکرد و ڕۆژنامەنووسان و نوێنەرانی میدیاکان گەشتیان بە ناو تونێلەکاندا کرد.

مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە ڕوون نییە

لە میانی مەراسیمێکی فەرمیدا، سوپای عێراق و یەبەشە دوو بەیاننامەی جیاوازیان خوێندەوە. هەرچەندە هەردوو بەیاننامەکە باسیان لە عێراقێکی بەهێز و ڕێکخستنی مافەکانی ئێزدییەکان کردبوو، بەڵام چارەنووسی ئەو هێزە سەربازییە بە ڕوونی دیاری نەکرابوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەی یەبەشەدا ئاماژە بەوە کراوە کە چوار هەزار و 165 شەڕڤان پەیوەندییان بە سیستەمی ئەمنی فیدراڵی عێراقەوە کردووە. هەروەها لە بەیاننامەکەدا رستەی “هێزەکانمان لە ناو سیستەمی ئاسایشی فیدراڵیدا ئەنتەگرە دەکرێن و چەکەکان لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا دەبن”یشی تێدا بوو.

بەپێی میدیا عێراقییەکان، 90%ی هێزەکانی یەبەشە سەر بە میلیشیاکانی “حەشدی شەعبی” دەبن. گرێدانی یەبەشە بە حەشی شەعبی، لەکاتێکدا کە ئەمریکا فشاری خستۆتە سەر حەشدی شەعبی بۆ ئەوە هەڵبوەشێتەوە، وەک نیشانەیەک دەردەکەوێت کە پرۆسەکە بەرەو شوێنێکی تاریک دەڕوات.

خەڵکی شنگالیش لەم تێکەڵبوونە زۆر نیگەرانن. سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن کە بەشێک لە کۆمەڵگەکە کاردانەوەی نەرێنییان بەرامبەر بە پرۆسەکە هەیە، هەر بۆیەشە کە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە بە تەواوی ئاشکرا نەکراون.

بەپێی سەرچاوەکان، ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە بە تێپەڕبوونی کات کوردانی ئێزدی، بەشێوەی تاک تێکەڵ بە سوپای عێراق دەکرێن.

تورکیا و کاریگەریی ئۆجەلان

دوای ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە شوباتی 2025دا پەکەکە هەڵوەشاندەوە، پەکەکە وردە وردە هەموو چەکەکانی خۆی ڕادەستی دامەزراوە ناوەندییەکانی کرد. کاتێک هێزەکانی هەسەدە لە ڕۆژئاڤا هەڵوەشێنرانەوە و لەگەڵ دیمەشق تێکەڵ کران، لە شنگالیش پڕۆسەیەکی هاوشێوە ئەنجامدرا. جگە لەوەش پەکەکە سەرجەم پۆست و تونێلەکانی لەسەر سنووری باشووری کوردستان تەسلیمی سوپای تورکیا کردووە.