یەبەشە: ئێمە یەکەم هێز بووین کە لە دوای شکستی داعش، بۆ یەکەمجار ئاڵای عێراقمان لە شنگال هەڵکرد.
ئەمڕۆ لە مەراسیمێکی هاوبەشی نێوان سوپای عێراق و فەرماندەیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)دا، ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا بە فەرمی ڕاگەیەندرا. بەم شێوەیە کۆتایی بە پەیوەندی سەربازی سەربەخۆی یەبەشە و یەژەشە هات و چوار هەزار و 165 چەکدار بوونە بەشێک لە سیستەمی ئەمنی عێراق.
لە مەراسیمەکەدا بەیاننامە فەرمییەکان خوێندرایەوە، کە ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق و پارێزگاری نەینەوا و بەرپرسانی سەربازی و فەرماندەکانی یەبەشە ـ یەژەشە ئامادەی بوون. لە ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەیی یەبەشەدا کە لەلایەن “تیرێژ شنگال”ییەوە خوێندرایەوە، تیشک خرابووە سەر پاراستنی کەرامەتی گەلی ئێزدی کە لە مانگی ئابی 2014دا ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی داعش بوونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە یەبەشە ـ یەژەشە لە ناو ئازاری جینۆسایدەوە هەڵقوڵاون و 530 شەهیدیان بەخشیوە و یەکەم هێز بوون کە بۆ یەکەمجار لە دوای شکستی داعش، ئاڵای عێراقیان لە شنگال هەڵکرد.
سەباح نوعمان وتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لە مەراسیمەکەدا قسەی کرد و ئەم هەنگاوەی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ سەروەری دەوڵەت و کۆنترۆڵکردنی چەک وەسف کرد.
فەرماندەیی یەبەشە لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرکەوتنی ئەم ڕێککەوتنە پەیوەستە بە جێبەجێکردنی بڕگەکانییەوە بەتایبەتی چارەسەرکردنی شوێنەواری جینۆساید و ئاشکراکردنی چارەنووسی ونبووەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و بەهێزکردنی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئیدارەی خۆجێی لە شنگال.