بڕیارە لە چیای شنگال رێوڕەسمێکی تایبەت بە پرۆسەی تێکەڵکردنی چەکدارەکانی یەبەشە بە سیستەمی ئەمنی عێراق بەڕێوەبچێت.
لە چیای شنگال پرۆسەی تێکەڵکردنی چەکدارانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)، بە دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق دەست پێدەکات و چوار بۆ پێنج هەزار چەکدار دەبنە بەشێک لە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق.
بە پێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە 26/10/2026، بڕیارە لە چیای شنگال رێوڕەسمێکی تایبەتبە پرۆسەی تێکەڵکردنی چەکدارەکانی یەبەشە بە دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق بەڕێوەبچێت.
پرۆسەکە بە چەند قۆناخێک جێبەجێ دەکرێت و نزیکەی پێنج هەزار چەکدار دەبنە بەشێک لە ئەندامانی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق، بە گوێرەی میکانیزمی تێکەڵبوونیان ئەو چەکدارانەی دەبنە بەشێک لە دامەزراوەکانی فیدراڵی عێراق و هەر لە شنگال بە ناوی پاراستنی ناوچەکە دەمێننەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە رێوڕەسمەکەدا بەشێک لە بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی عێراق و یەبەشە ئامادە دەبن.
تێکەڵبوونی یەبەشە بە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق، لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی عەلی زەیدییە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی حکوومەتدا.
حەفتەیەک لەمەوبەر، هادی ئەلیاس، گوتەبێژی هێزەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) ئاشکرای کرد بوو، لە شوباتی ئەمساڵەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازیی حکوومەتی عێراق دەستیپێکردووە، بۆ ئەوەی رێککەوتنێک بۆ رێکخستن و چوونە ناو سیستەمی بەرگریی عێراق بکەن.
باسی لەوەش کردووە، درێژەکێشانی پڕۆسەی رێککەوتنەکە کارێکی ئاساییە، لەبەرئەوەی بابەتەکە پەیوەستە بە داهاتووی کۆمەڵگە، جوگرافیا، مافی ژنان و دەزگا ئەمنییەکان. هاوکات هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم پڕۆسەیە لە خزمەت سەقامگیری و سەروەریی عێراق و کۆمەڵگەی ئێزیدی دا سەر بگرێت.
یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)، هێزێکی چەکداری ئێزیدییەکانە و بە ئایدۆلۆژیایەکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دەڤەری شنگال، کە لە ساڵی 2014 پێکهێنرا.