هەر نەتەوەیەک دەوڵەتی نەبێت، داهاتووەکەی بە بێ نەخشی خودی نەتەوەکە دادەڕیژرێت

هەر نەتەوەیەک دەوڵەتی نەبێت، داهاتووەکەی بە بێ نەخشی خودی نەتەوەکە دادەڕیژرێت

ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی یەکگرتوویی لە گوتاری سیاسیدا، بووەتە شوێنی داواکردنی پێگە لە جیاتی شوێنێک بۆ دروستکردنی پێگە.

سمکۆ عەبدولعەزیز

لە مێژوودا لە ڕێگای بەکارهێنانی هێزی سەربازییەوە خاک و سەرزەمینەکان داگیر دەکران و سنوورەکان دەگۆڕدران و ئاڵای ڕاستەقینەی ئەو خاکە دەهێندرایە خوارەوە و ئاڵای داگیرکەر هەڵدەکرا.

بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا جۆرێکی نوێ لە دەسەڵات سەریهەڵداوە، کە زەوی داگیرناکات، بەڵکوو ڕێڕەوە بازرگانییەکان لەو خاکە دوور دەخەنەوە و بڕیاری ئابوورییەکان بەبێ نەخشی خاوەن زەویەکان پەسند دەکەن و ئەوان ئایندەی ئەو خاکە دەستنیشان دەکەن.

ئەم جۆرە سیاسەتە دەتوانرێت بە نەبوونی دەسەڵات وەسف بکرێت. ئەم ئیدیۆمە بەو مانایەیە کە دەسەڵات بە داگیرکردنی خاکێک بەدەست نایەت، بەڵکوو بە دوورخستنەوەی خاوەن خاکەکە لە ناوەندەکانی بڕیاردان بەجۆرێک کە خاوەن خاکەکە کاریگەریی لەسەر داهاتووی ئەو سەرزەمینە و خەڵکانی دانیشتووی ئەو سەرزەمینەدا نەمێنێت، بەدەست دێت.

لێرەدا دەبێت بپرسین ئایا دەسەڵات تەنها توانای فەرماندانی هەیە یان توانای دیاریکردنی مافی بەشداریکردنیشی هەیە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، بیرمەندانی سیاسی وەک “پیتەر باخراخ و موروتون باراتاز”، جەختیان لەسەر لایەنی دووفاقی دەسەڵات کردۆتەوە و دەڵێن دەسەڵات تەنیا لەو بڕیارانەدا نییە کە دەدرێن، بەڵکوو لەو بوارانەشدا بەدیار دەکەوێت کە ڕێگا نەدراوە بچنە ناو دانوستانەوە.

واتا میللەتێک کە لە مێزی بڕیاردان بەدەر بێت، ناتوانێت هەست بەوە بکات کە ئایندەی ئەو بەبێ حزووری ئەو دیاری کراوە؟؟

ئەم هەستپێنەکردنە لەلای بەشێک لە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی و هەرێمی کوردستانی عێراق بەتایبەتی، سەرهەڵدەدات و ئەمەش گەورەترین مەترسییە بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق.

ئەمڕۆکە حکوومەتی عێراق بە نەخشەڕێگایەک هەوڵدەدات ئەم سیاسەتە جێبەجێ بکات کە ڕێگای نوێ بۆ وزە و بازرگانی لە عێراقدا دروست بکات و هەرێمی کوردستانیش لەو نەخشە ڕێگایەدا کاریگەریی نییە. دیارە دروست نیە کە هەر بڕیارێک عێراق بیدات لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بە پیلان دابنرێت، چونکە زۆرجار (جوگرافیا، تێچوون، ئاسایش، بەرژەوەندییە ئابوورییەکان) دەبنە فاکتەری بڕیاردان.

لەبری ئەوەی ئەم نەخشەیە وەک پیلانێک ببینین، با بپرسین: ئایا هەرێمی کوردستان تواناکانی بەهێزکردنی خۆی دۆزیوەتەوە و پەرەیپێداون، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک نەتوانێت لە جێگای ئەو و بە ناوی ئەوەوە بڕیار بدات؟

ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی یەکگرتوویی لە گوتاری سیاسیدا، بووەتە شوێنی داواکردنی پێگە لە جیاتی شوێنێک بۆ دروستکردنی پێگە. جیاوازییەکی گەورە لە نێوان داواکردن و دروستکردنی پێگەدا هەیە.

ڕاستە میللەتی کورد مێژوویەکی پڕ لە قوربانیدانی هەیە، بەڵام ئەم قوربانیدانانە بەتەنها خۆیان گەرەنتیی داهاتوویەکی باش ناکەن. پێویستە ئەم قوربانیدانانە بگۆڕدرێن بۆ زانست و دامەزراوە و ئابووری و توانای بڕیاردان.

دەبینم سیاسەتی ئێستای ڕێبەری کورد (مەسعود بارزانی) خەریکە ئەو گۆڕانکاریانە دروست دەکات.

ناتوانین بڵێین کە ئەو سیاسەتەی ڕێبەری کورد پەیڕەوی دەکات، بەتەنها گەرەنتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام دەتوانم بڵێم کە سیاسەتەکەی ئەو کاریگەرترین هێزە لە زامنکردنی داهاتووی ئەم وڵاتە بەرەو مافە ڕەوا سروشتییەکان، کە ئەویش کوردستانێکی ئازادە.