دەم پارتی ئیدیعاکانی ئومیت ئۆزداگ سەبارەت بە ئازادکردنی ئۆجەلان ڕەتدەکاتەوە

دەم پارتی دی ئێم ئیدیعاکانی ئومیت ئۆزداگ سەبارەت بە ئازادکردنی ئۆجەلان ڕەتدەکاتەوە

ئۆزداگ: “ئۆجەلان وەک ئەندامی کۆمیسیۆن دەستنیشان کراوە و بەپێی یاسا هیچ کەسێکی سزادراو ناتوانێت ئەندامی کۆمیسیۆن بێت؛ بۆیە لە زینداندا نەماوە”.

گۆڕینی شوێنی حەوانەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە لە دوورگەی ئیمرالی، لە ڕۆژەڤی سیاسی تورکیادا بۆتە بابەتێکی گەرم. دەم پارتی بەرامبەر ئەو دەنگۆیانەی کە نەتەوەپەرستەکانی تورک سەبارەت ئازادکرانی ئۆجەلان بڵاویان کردبۆوە، کاردانەوەی پیشاندا و سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن ئۆجەلان ئازاد کراوە.

مشتومڕەکە دوای لێدوانەکانی میتحەد سانجار ئەندامی شاندی ئیمرالی هەڵگیرسا. سانجار لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو کە لە ئیمرالی شوێنێکی نوێ بۆ ئۆجەلان ئامادەکراوە و ئەویش بۆ درێژەدان بە کارەکانی لەوێ نیشتەجێ بووە.

لەو پەیوەندییەدا، ئومیت ئۆزداگ سەرۆکی پارتی زەفەری تورکیا، هێرشی کردە سەر بەرپرسانی حکوومەتی تورکیا و دەم پارتی و ئیدیعای ئەوەی کرد کە ئۆجەلان بە تەواوی ئازاد کراوە.

ئۆزداگ بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئۆجەلان وەک ئەندامی کۆمیسیۆن دەستنیشان کراوە و بەپێی یاسا هیچ کەسێکی سزادراو ناتوانێت ئەندامی کۆمیسیۆن بێت؛ بۆیە سزاکەی کۆتایی هاتووە و لە زینداندا نەماوە. ئۆزداگ هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئۆجەلان لەگەڵ یاریدەدەرەکانی لە ڤێلایەکی تایبەتدا دەژین کە شوێنی کارەکەیشی تێدایە و دەسەڵاتدارانیش هەوڵدەدەن ئەم دۆخە وەک شتێکی ئاسایی لە کۆمەڵگادا بخەنە ڕوو.

بوڵدان: دۆخی یاسایی ئۆجەلان نەگۆڕاوە

لە بەرامبەر ئەم دەنگۆیانەدا، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی و پەرلەمانتاری دەم پارتی، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و هەموو لێدوانەکانی ئۆزداگی ڕەتکردەوە. بوڵدان ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕینی شوێنەکە بەو مانایە نییە کە پێگەی فەرمی بە ئۆجەلان دراوە.

بوڵدان ئاماژەی بەوەدا کە ئەو شوێنەی کە باسی لێوە دەکرێت دیسانەوە ڕاستەوخۆ لە سنووری زیندانی ئیمرالیدایە و وتی: “دۆخی یاسایی بەڕێز ئۆجەلان نەگۆڕاوە و ئازاد نەکراوە؛ تەنیا بارودۆخی کارکردنی لەوێ ڕێکخراوە”.

پەروین بوڵدان هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم تۆمەتانە بە ئامانجی ناشرینکردن و زیانگەیاندن بە کەسایەتی ئۆجەلان بڵاودەکرێنەوە و بە هیچ شێوەیەک ئەم هەڵوێستەیان قبووڵ نەکردووە.