مەرال دانش بەشتاش: پرۆسەی چارەسەری تووشی بنبەستێکی جیددی هاتووە

پرۆسەی چارەسەری تووشی بنبەستێکی جیددی هاتووە

بەشتاش: “ئەگەرچی یاسای چوارچێوە و ڕاپۆرتی لیژنەی پەرلەمانی تورکیا هەیە، بەڵام لە دامەزراندنی بەستێنی یاساییدا، دواخستنێکی جیددی هەیە”.

مەرال دانش بەشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی ڕایگەیاند، بنبەستێکی بەرچاو لە پرۆسەی چارەسەرکردندا هەیە و داوای لە حکومەتی تورکیا کرد کە هەنگاوی کۆنکرێتی و یاسایی بنێت.

مەرال دانش بەشتاش قسەی لەگەڵ میدیای فەرمیی پەکەکە کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین دۆخی پرۆسەی چارەسەری کرد. بەشتاش سەرنجی خستە سەر هەڵنەگرتنی هەنگاو لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە و وتی: “بەڕای من کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ئیرادەی سیاسی وەرناگێڕدرێتە سەر هەنگاوی کۆنکرێتی و یاسایی. یاسای چوارچێوە و ڕاپۆرتی لیژنەی پەرلەمان هەیە، بەڵام لە دامەزراندنی بەستێنی یاساییدا، دواخستنێکی جیددی هەیە”.

بەشتاش ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵگە سەبارەت بە دۆخی زیندانیان و زیندانییە نەخۆشەکان و گەڕانەوەی بۆ وڵات، وەڵامی ڕوونی دەوێت و ڕەخنەی لەوە گرت کە پرۆسەکە بۆ دەستپێشخەریی بیرۆکراسی ئەمنی جێدەهێڵرێت و پەرلەمان بێ دەسەڵات دەکرێت.

بەشتاش بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە دەبێت بڕیارەکانی پەرلەمانی تورکیا جێبەجێ بکرێن، وتی: “پرسی کورد تەنیا پرسێکی ئەمنی نییە، بەڵکوو تێکۆشانە بۆ هەبوون، کێشەی ناسنامەیە، هاوڵاتیبوونی یەکسانە، پەروەردە بە زمانی دایکی و هەبوونی نوێنەرایەتی سیاسییە. کاتێک ئەم داواکاریانە پشتگوێ دەخرێن، مرۆڤ ناتوانێت باس لە ئاشتییەکی ڕاستەقینە بکات”.