نەزانینی پشت مایکرۆفۆن، کێ شنگالى بۆ بەغدا ئامادە کرد؟

نەزانینی پشت مایکرۆفۆن، کێ شنگالى بۆ بەغدا ئامادە کرد؟

تێکەڵ بوونی یەبەشە لەگەڵ دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق شتێکی نوێ نییە و بۆ زیاتر لە 10 ساڵ لەوەپێش دەگەڕێتەوە.

سمکۆ عەبدولعەزیز

نەزانین هەمیشە کەبوونی زانیارییەکان نییە، هەندێک جار دەبێتە خۆماندوونەکردن بۆ زانیاری.

بەڵام کاتێک ئەم نەزانییە دەبێتە دەنگی کەناڵێک، زیانەکانی بە ڕاگەیاندکارەوە ناوەستێت، بەڵکوو دەچێتە ناو هۆشی مرۆڤەکانەوە و ڕێگای تێگەیشتن تێکەڵ دەکات.

بابەتی شنگال، نموونەیەکی بەرچاوە:

بەشێکی زۆری میدیا کوردیەکان باسیان لە تێکەڵکردنی یەبەشە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عێراقدا کردووە، وەک ئەوەی کە پەیوەندییەکانی یەبەشە لەگەڵ بەغدا تازە دەستیان پێکردبێت. بەڵام هەرکەسێک تۆزقاڵێک ڕاوەستە بکات و ئاوڕێک لە بارودۆخی شنگال لە ساڵی 2015 بەملاوە بدات و سەرنجی لەسەر شنگال بێت، بە ئاسانی لە ڕاستییەکان تێدەگات.

بابەتی تێکەڵ بوونی یەبەشە لەگەڵ دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان لە ڕووکەشدا ڕاستە، بەڵام لە ڕووی فیکرییەوە تێگەیشتنێکی ناڕاست دروست دەکات.

ڕاستیی مەسەلەکە ئەمەیە:

لە 9ی کانونی دووەمی 2016دا،  سەعید حەسەن، فەرماندەی پێشووی یەبەشە ڕایگەیاند، هێزەکەی لە حوزەیرانی 2015ـەوە لەناو حەشدی شەعبیدا چالاکی دەکەن و بەغدا مووچەی 500 چەکدار و پاڵپشتی لۆجستیکییان بۆ دابین دەکات.

بە واتایەکی تر ئەوەی ئێستا ڕاگەیەندراوە کردەوەیەکی نوێ نییە، بەڵکو کردەوەیەکی کۆنە. لەو کاتەوە هەتا ئێستا بە تەواوییش شاراوە نەبووە.

حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق:

لە رێکەوتی 9ی تشرینی یەکەمی 2020دا، بەغدا و هەولێر “ڕێکەوتننامەی شنگال”یان واژۆ کرد، کەوا ڕێککەوتنێک بوو بۆ ڕێکخستنی کاروباری ئەمنی و ئیداری و دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت.

دواتر چی ڕوویدا:

بەڵام لە 26ی تشرینی یەکەمی 2026دا، هەواڵێک بڵاوبووەوە کە سەربەخۆیی سەربازی یەبەشە کۆتایی هاتووە و ئەندامانی یەبەشە پەیوەندییان بە دامەزراوە فەرمییەکانەوە کردووە.

بە واتایەکی تر خۆڕادەستکردنی یەبەشە و ڕێککەوتنی حکومەت یەک شت نین. تەسلیمبوونەکە هیچ ئەنجامێکی یاسایی بۆ داهاتووی شنگال نییە، بەڵام ڕێککەوتنەکە ئەگەر هاتبا و جێبەجێ کرابا، داهاتوویەکی ڕوونی هەبوو. هەر لەبەر ئەوەش بوو کە عێراق ئەو تاکتیکەی لەگەڵ یەبەشە بەکارهێنا بۆ ئەوەی کە هێزی کوردی لە شنگال لاواز بکات.

واتە: لە ڕێکەوتی 9ی حوزەیرانی 2015، تشرینی یەکەمی 2020 و 26ی تشرینی یەکەمی 2026، تەنیا ژمارە نین، بەڵکوو کلیلی تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی بابەتەکەن.

ئەگەر بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی ئەم سێ ڕێکەوتە بکەین، دەبینین کە چی ڕوویداوە و ئەنجامەکانی چی بوون و چۆن گەیشتوونەتە ئەم ڕۆژە.

وەرگرتنی مووچە و پاڵپشتی لۆجستی و چوونە ژێر فەرماندەییەکی یەکگرتوو، سێ ئاستی جیاوازن.

ئەگەر ئەم سێ بیرۆکەیە تێکەڵ بکرێت و هەریەکەیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ شرۆڤە نەکرێن، ئەوا مرۆڤ لە ڕاستی بابەتەکە تێناگات. ئەگەر تێکەڵ بکرێن و هەموویان پێکەوە لە یەک پاکەیجدا شرۆڤە بکرێن، مرۆڤ نازانێت کە چی گۆڕاوە و چی بەردەوامە.

بەداخەوە میدیای کوردی ئەم بابەتەی تێکەڵ کردوە و هەر بۆیە کورد گوتەنی “لە گوێی گادا نوستووە”.

دوای ئەوەی کە شنگال لە سەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان لە چنگ تیرۆریستانی داعش ڕزگار کرا، بەشێکی بەرچاو لە پیاوماقووڵانی شنگال چوونە خزمەتی ڕێبەری کورد (مەسعود بارزانی) و داوایان لێکرد کە ئەوان زۆر بریندارن و نایانهەوێت کە ناوچەکەیان تووشی شەڕێکی دژوار ببێت. بۆیە ڕێبەری کوردان بڕیاریدا کە هێزی پێشمەرگە بۆ دەڤەری سحێلا پاشەکشە بکەن.

پەکەکە لەژێر ناوی پاراستنی شنگالدا، نفووزی خۆی لەوێ بنیات نا و بەردەوامیی ئەو نفووزە، ڕێگای گەڕانەوەی هێزە کوردییەکانی بۆ شنگال بەرتەسک کرد و دواجار ڕادەستی حکوومەتی بەغدای کرد. لەوێدا ئەزمونی ڕۆژئاوا دووبارە دەبێتەوە: قوربانیدان بە ناوی مافەکانی کوردەوەیە، بەڵام لەسەر مێزی دانوستاندا، دەستکەوتەکان بۆ حکومەتی ناوەندیییە.

پرسیار ئەوەیە: خەباتی نەتەوەیەک کەنگێ دەبێتە موزایەدەی دانوستاندنی ڕێکخراوێک؟

وێنەی “سفرەی مریشکی سورکراوە، ئامادەیە بۆ عێراق” ڕەخنەیە لە پێشکەشکردنی ئەو سفرەیە: شوێنێک دەگیرێت، ڕێگا بۆ هێزە کوردییەکان تەسک دەکرێتەوە و دواتر دەسەڵاتی بەغدا تێیدا جێگر دەبێت. بەڵام شنگال سفرە نییە و خەڵکەکەشی خەڵات و دیاری نییە.

میدیای زانستی بەدوای ڕابردوو و بەڵگەدا دەگەڕێت.

میدیا نازانستیەکان تەنها مەراسیمەکە دەبینن.

شنگال بە گۆڕینی جلوبەرگی پاسەوانی ئازاد نابێت، بە گەڕانەوەی ماف و بڕیارەکان بۆ خەڵکەکەی ئازاد دەبێت.