ئەنەکەسە: پێویستە کۆمیتەیەکی فەرمی بۆ لێکۆڵینەوە پێکبێت، هەتا ڕاستی ڕووداوەکە ئاشکرا ببێت و تاوانباران بەپێی یاسا سزا بدرێن.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) سەبارەت بە پەلاماردانی ئەو خێزانە کوردانەی کە دوای چەندین ساڵ ئاوارەبوون گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و موڵک و زێدی خۆیان لە شاری گرێ سپی ڕؤژئاوای کوردستان، بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە و داوای لێپێچینەوە لە تاوانباران و گەرەنتی پاراستنی ئاسایش و ژیانی گەڕاوەکان دەکات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سکرتاریای گشتیی ئەنەکەسە، دوێنێ 26/10/2026، ژمارەیەک خێزانی کورد کە گەڕاونەتەوە ناوچەی گرێ سپی و گوندەارەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، تووشی لێدان و هێرشی جەستەیی و هەڕەشەی کوشتن هاتوون. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ئەم هەڕەشە و هێرشانە بە ژنان و منداڵانیش گەیشتووە و ئۆتۆمبێلەکانیان لەلایەن هێرشبەرەکانەوە سووتێنراون.
ئەنەکەسە ڕایگەیاندووە، گەڕانەوەی ئەو خێزانانە بە زانیاری و هەماهەنگی پارێزگاری ڕەققا و ئیدارەی قەزای گرێ سپی و هێزە ئەمنییەکان ئەنجامدراوە. هەروەها خێزانەکان لەسەر داوای بەڕێوەبەریی هەرێم هەموو بەڵگەنامە و پێناسە و تاپۆی پێویستیان بۆ موڵک و ماڵ و زەوی و زارەکانیان دابین کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن موڵک و ماڵە دەستبەسەرداگیراوەکانیان وەربگرنەوە.
ئەنەکەسە سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەم کارە هاوکات لەگەڵ ئەو پێشێلکاریانەی کە لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر بە خێزانە گەڕاوەکان لە سەرێکانی ڕوویاندا، بەربەستێکی جیددی لە بەردەم پرۆسەی گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەلامەت و شکۆمەندانەی ئاوارەکان دروست دەکات و گورزێکی جیددی لە ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری ناوچەکە دەدات.
ئەنەکەسە، لە بەیاننامەکەیدا داوای لە حکومەتی سووریا و پارێزگاری ڕەققا کردووە کە:
ـ کۆمیتەیەکی فەرمی بۆ لێکۆڵینەوە پێکبهێنن، هەتا ڕاستی ڕووداوەکە ئاشکرا ببێت و تاوانباران بەپێی یاسا سزا بدرێن.
ـ ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەلامەتی خێزانە گەڕاوەکان و پاراستنی موڵک و ماڵەکانیان بگیرێتەبەر.
ئەنەکەسە هاوکات بەکارهێنانی بیانووی “پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتیک” (هەسەدە) بۆ ڕێگریکردن یان هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی کورد ڕەت دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە نابێ مافە مەدەنییەکان و مافی خاوەندارێتی لە ناکۆکییە سیاسییەکاندا تێوەگلێن، هەروەها هاوڵاتیانی مەدەنی لە بڕیارەکانی دەسەڵاتە خۆجێییەکان بەرپرسیار نین.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داوا لە خەڵک کراوە کە دان بە خۆیاندا بگرن و ڕێگە بە ئیستفزازی و ئاڵۆزی نەدەن و پشت بە ئامرازە یاساییەکان ببەستن. هەروەها جەختی لەسەر بەرپرسیارێتی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پاراستنی مافەکانی سەرجەم هاوڵاتیان و پاراستنی ئاسایش و ئارامی کردۆتەوە.