سەرۆکی میت: “کورد لە وڵاتانی دیکەش پێویستی بە دیموکراتیکبوون و ئەنتەگراسیۆن هەیە”.
ئیبراهیم کالن سەرۆکی میت سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری ڕایگەیاند، کێشەکە تەنها بە چەکداماڵین چارەسەر نابێت، پێویستە یاسای نوێ بۆ پەکەکە دەربکرێت.
ئیبراهیم کالن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، بەشداری لە کۆنفرانسی “گەڕان بە دوای گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی هەرێمی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”دا کرد کە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا کالن باسی لە پرسی کورد و پرۆسەی نوێ و چەکداماڵینی پەکەکە و ڕووداوەکانی سووریا و ئەگەری شەڕ لە ناوچەکەدا کرد.
کالن ئاماژەی بەوەدا کە تەنها بە چەکدانان چارەسەر بەدەست نایەت، بەڵکوو دیموکراتیکبوونێکی قووڵیشی پیویستە و لە دریژەدا گوتی: دەبێت هەم چەکدانان و هەم چاکسازی هەبێت، بەڵام ئەمە (داماڵینی چەک) بە تەنها خۆی کێشەکە چارەسەر ناکات.
کالن ئاماژەی بەوەدا کە کاتێک چەک هەبێت یان وەک ئامرازی هەڕەشە لەئارادا بێت، ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک پێکنایەت و گوتی: کێشەکە تەنها پەیوەندیی بە سنوورەکانی تورکیاوە نییە، بەڵکوو کورد لە وڵاتانی دیکەش پێویستی بە دیموکراتیکبوون و ئەنتەگراسیۆن هەیە.
سەرۆکی میت ڕایگەیاند، دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی داماڵینی چەک، دواتر ڕەزامەندی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا وەردەگرن و یاسای نوێ بۆ ئەو ئەندامانەی پەکەکە دەردەکەن.