نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی فراکسیۆنی دەم پارتی دەکات

نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی فراکسیۆنی دەم پارتی دەکات

کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی پەرلەمان و هاوسەرۆکانی دەم پارتی، نزیکەی کاتژمێرێکی خایاندووە.

نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دامەزراندنی “لیژنەی چاودێری و بەدواداچوون”، سەردانی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)ـی لە پارلمانی تورکیا کرد.

کورتولموش لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریدا و بەمەبەستی بڕیاردان بۆ دامەزراندنی ئەو لیژنەیە کە چاوەڕوان دەکرێت لە پەرلەمان دامەزرێت، درێژە بە گەشتی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەدات.

کورتولموش لە چوارچێوەی ئەم سەردانانەدا لەگەڵ شاندێ دەم پارتی کۆبۆوە. تولای هاتیمۆغولاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، گوڵستان کلیچ کۆچیگت جێگری سەرۆکی فرکسیۆنی دەم پارتی و چەنگیز چیچەک، پەرلەمانتاری ئەو حیزبە، پیشوازییان لە شاندەکەی پەرلەمانی تورکیا کرد.

بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی پەرلەمان و هاوسەرۆکانی دەم پارتی، نزیکەی کاتژمێرێکی خایاندووە و لە کۆبوونەوەکەدا بۆچوون و پێشنیارەکان سەبارەت بە وردەکاری و ڕۆڵ و چالاکییەکانی داهاتووی دەستەی چاودێری و بەدواداچوون ئاڵوگۆڕ کراون.

بڕیارە لە هەمان چوارچێوەدا نوعمان کورتوڵموش لە دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ فراکسیۆن و لایەنەکانی دیکەی ناو پەرلەمانی تورکیا بەردەوام بێت.