شاری سلێمانی لە 14ی تشرینی دووەمی 1784 لە لایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە لە نزیک گوندی مەڵکەندی بنیات نرا.
سەرۆک بارزانی ساڵیادی بنیاتنانی شاری سلێمانی پیرۆز دەکات و دەڵێت، “شوێنی هەڵقوڵانی بیر و هەستی نەتەوەیی و رۆشنبیری و فەرهەنگ بووە و هەر دەمێنێ”.
ئەمڕۆ شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی 242 ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانی بڵاوکردەوە.
سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە: “لە یادی 242 ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانی، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی دانیشتوانی بەڕێز و خۆشەویستی ئەو شارە مێژووییەی کوردستان دەکەم”.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، “سلێمانی ئەو شارەیە، کە بووەتە بەشێکی گرنگی مێژوو، ناسنامە و خەباتی نەتەوەیی گەلی کوردستان. ئەم شارە هەردەم شوێنی هەڵقوڵانی بیر و هەستی نەتەوەیی و ڕۆشنبیری و فەرهەنگ بووە و هەر دەمێنێ”.
سەرۆک بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی، “هیوای ئارامی و ئاسوودەییەکی بەردەوام بۆ ئەو شارە ئازیزەی کوردستان دەخوازم.”
شاری سلێمانی لە 14ی تشرینی دووەمی 1784 لە لایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە لە نزیک گوندی مەڵکەندی بنیات نرا و وەک پێنجەم و دوا پایتەختی میرنشینی بابان لە دوای قەڵاچوالان ناسێنرا، هەروەها وەک رێزێک بۆ باوکی (سلێمان پاشا)، شارەکەی ناو نا سلێمانی.
سلێمانی جگە لەوەی مەڵبەندێکی گرنگی بازرگانی و رۆشنبیری بووە و زمانی خوێندن و نووسین بە شێوەزاری سۆرانی تێیدا پەرەی سەندووە، لە نێوان ساڵانی 1922 تا 1924 پایتەختی حکوومەتی کوردستان بووە لە سەردەمی شێخ مەحموودی حەفیددا و لە مێژووی کوردستانیشدا لانکەی چەندین شۆڕش و راپەڕین بووە.
ساڵانە لە 14ی تشرینی دووەمدا یادی دامەزراندنی شارەکە بە چالاکیی کولتووری و هونەری دەکرێتەوە، لە ساڵیادی 242 ساڵەی ئەمساڵیشدا چەندین چالاکیی جۆراوجۆر لە حەوشەی سەرا، گەڕەکە کۆنەکان و پارکی هەواری شار بەڕێوە دەچن، لەوانە هەڵپەڕکێ، پێشانگای فۆتۆگرافی و رواندنی 242 نەمام بۆ سەوزکردنی ژینگەی شارەکە.