ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی ڕۆژی ڕەشی لەسێدارەدانی ڕێبەری ڕاپەڕینی دێرسیم، سەید ڕەزا و 10 هاوڕێیەتی

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی ڕۆژی ڕەشی لەسێدارەدانی ڕێبەری ڕاپەڕینی دێرسیم، سەید ڕەزا، و 10 هاوڕێیەتی

لە ساڵیادی شەهیدبوونیاندا، یادی سەید ڕەزا و سەرجەم شەهیدانی دێرسیم بە ڕێزەوە بەرز رادەگرین و خەبات و تێکۆشانیان هەمیشە سەرجاوەی هیوایە بۆ ئازادیخوازان.

ئەمڕۆ 15ی نۆڤەمبەر، ساڵوەگەڕی ڕۆژی ڕەشی لەسێدارەدانی ڕێبەری ڕاپەڕینی دێرسیم، سەید ڕەزا و 10هاوڕێیەتی، کە لە ساڵی 1937دا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە لە شاری ئەلعەزیزی لە سێدارە دراون. سەید ڕەزا و هاوڕێیە بەشەرەفەکانی، بە هەڵوێستی نەتەوەیی خۆیان لەبەردەم پەتی سێدارەدا و بە قسە مێژووییەکانیان، جێگەی خۆیان لە دڵ و یادگەی نەتەوەی کورددا گرتووە.

بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، لە نێوان 15 بۆ 17ی نۆڤەمبەری 1937دا، سەید ڕەزا لەگەڵ کوڕە گەنجەکەی و هاوڕێکانی بە نهێنی لە ئەلعەزیزی لە سێدارە دراون. دوای ئەم پڕۆسەیە ناوچەی دێرسیم کەوتە بەر ئۆپەراسیۆنی دڕندانەی تورکیا و لە ئەنجامدا دەیان هەزار کورد کوژران و سەدان هەزار کەسیش ئاوارەبوون. ئەم ڕووداوە بە یەکێک لە پەیجە پڕ ئازارەکانی مێژووی گەلی کورد ناسراوە.

بیرەوەرییەکانی چاگلایانگل و قسە مێژووییەکانی سەید ڕەزا

بیرەوەرییەکانی ئیحسان سەبری چاگلایانگیل، وەزیری پێشووی دەرەوەی تورکیا، جارێکی دیکە دڕندەیی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی تورکیا و هەڵوێستی جێی ستایشی سەید ڕەزا ئاشکرا دەکەن. چاگلایانگل لە بیرەوەرییەکانیدا باسی لە سێدارەدانەکە کردووە و باس لەوە دەکات کە سەید ڕەزا بە سەربەرزییەوەە بەرەو پەتی سێدارە ڕۆیشتووە و بە گوتارە بەناوبانگەکەی کاردانەوەی بەرامبەر بەو نادادپەروەرییە پیشانداوە.

وەزیری دەرەوەی پێشووی تورکیا دەڵێت: “سەید ڕەزامان هێنایە گۆڕەپانەکە، هەوا سارد بوو و کەس لە دەوروبەری نەبوو، بەڵام سەید ڕەزا، وەک ئەوەی گۆڕەپانەکە پڕ بووبێت لە خەڵک، بە دەنگێکی بەرز قسەی کرد و گوتی: ‘ئێمە منداڵی کەربەلاین. ئێمە بێتاوانین. شەرمە، زوڵمە و جینایەتە’. مووەکانی سەر جەستەم سیخ بوون، ئەو پیاوە بەتەمەنە بە هەنگاوە خێرا و بە هەیبەتەکانی ڕۆیشت و پاڵی بە جەلادەکەوە نا و بۆخۆی پەتەکەی خستە ملی خۆیەوە و بە پێی خۆی لە کورسیەکەی دا و لە سێدارەدانی خۆی ئەنجامدا.

سەید ڕەزا هەروەها وتی: ‘دەزانم کە تۆ لە ئەنقەرەوە هاتوویت بۆ لەسێدارەدانم. کە دەگەڕێیتەوە ئەوە بڵێ کە؛ من نەمتوانی بە فێڵبازی و شەڕ شکستت پێبهێنم، ئەمە بۆ من ئازارێک بوو. تۆ وەک مێروو چەکدارت هەناردە سەر من، هێشتا سەرم لەبەردەم تۆدا نەوی نەکردووە، ئێستا بە شانازییەوە دەچمە سەر دار، با ئەمەش بۆ ئێوە ئازارێک بێت’”.

لە ساڵیادی شەهیدبوونیاندا، یادی سەید ڕەزا و سەرجەم شەهیدانی دێرسیم بە ڕێزەوە بەرز رادەگرین و خەبات و تێکۆشانیان هەمیشە سەرجاوەی هیوایە بۆ ئازادیخوازان.