دەوڵەتی تورک بەرپرس و بەڕێوەبەرانی هاوپەیمانیی نەتەوەیی کوردستانی دەستبەسەر کرد

دەوڵەتی تورک بەرپرس و بەڕێوەبەرانی هاوپەیمانیی نەتەوەیی کوردستانی دەستبەسەر کرد

هاوپەیمانیی نەتەوەیی کوردستان (هەڤبەندی) لە ڕێکەوتی 9/11/2026دا لە ئامەد دامەزراوە و داوای مافی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد دەکات.

بە فەرمانی داواکاری گشتیی کۆماری لە شاری “ئامەد”ی باکووری کوردستان، هەڵمەتێکی دەستبەسەرکردن دژی ئەندامانی ئەنجوومەنی هاوپەیمانیی نەتەوەیی کوردستان (هەڤبەندی) دەستی پێکردووە و تا ئێستا 7 کەس دەستبەسەر کراون.

هەڵمەتەکە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 17/11/2026، واتە تەنها 8 ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی «هاوپەیمانیی نەتەوەیی کوردستان»، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیەی دەوڵەتی تورک لە شاری “ئامەد”ی باکووری کوردستان ئەنجام دراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هەریەک لە بایرام بۆزیەل، سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان و حەسەن داغتەکین، جێگری سەرۆکی گشتیی پارتەکە لە ئەنقەرە دەستبەسەر کراون؛ هاوکات سیاسەتمەدار فوئاد ئۆنەن، سەرۆکی پێڵکورد لە دێرک دەستبەسەر کراوە. هەروەها جانۆ ئامەدی لە پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان و عەلی ئۆنجو، کەسایەتیی سەربەخۆی باکووری کوردستان کە هەموویان ئەندامی ئەنجوومەنی هاوپەیمانێتییەکەن، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستبەسەر کراون.

ڕاگەیاندراوی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) کە یەکێکە لە لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانێتیی هەڤبەندی، لە راگەیەندراوێکدا ناوی حەوت دەستبەسەرکراوی ئاشکرا کرد و رایگەیاند “بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە دەستمان، تا ئێستا هەریەک لە بایرام بۆزیەل، فوئاد ئۆنەن، محەممەد جان ئازبای، رۆژبین بوکون، عەلی ئۆنجو، حەسەن داغتەکین و عەلی چەڤەن دەستبەسەر کراون؛ ئێمە ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم ئۆپەراسیۆنە دەردەبڕین”.

هاوپەیمانیی نەتەوەیی کوردستان (هەڤبەندی)

هاوپەیمانیی نەتەوەیی کوردستان (هەڤبەندی) یەکگرتنی حیزب و بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی باکووری کوردستانە کە بە ئامانجی بنیاتنانی یەکێتیی نەتەوەیی، پرنسیپی هاوبەش و دروستکردنی میکانیزمێکی هەمیشەیی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کورددا دامەزراوە.

کۆنفرانسی «هەڤبەندی» لە ڕێکەوتی 7ی نۆڤەمبەری 2026 لە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان بەڕێوەچوو و لە 9ی نۆڤەمبەریشدا ئەنجامنامەکەی بڵاوکرایەوە و هاوپەیمانییەکە بە شێوەیەکی فەرمی ڕاگەیەندرا. لە دەرەنجامی کۆنفرانسەکەدا، ئەنجوومەنێکی 51 کەسی لە نوێنەرانی پارت و بزووتنەوەکان هەڵبژێردرا و لە ئەنجامنامەکەشدا داوای مافە ڕەواکانی گەلی کورد کرا.

بەهۆی ئەوەی کە هاوپەیمانەتییەکە داوای مافی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد دەکات؛ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەلایەن نەژادپەرستانی تورکەوە هێرشی توندیان کرایە سەر و دواتریش داواکاریی گشتی هاتە سەر هێڵ.