مستەفا ئۆزچەلیک بانگەوازی لە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیران کرد کە خاوەندارێتی لە «هەڤبەندی» بکەن

مستەفا ئۆزچەلیک بانگەوازی لە سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیران کرد کە خاوەندارێتی لە «هەڤبەندی» بکەن

ئۆزچەلیک: “هەڤبەندی بە مەبەستی ساڕێژکردنی برینی پێکنەهێنانی یەکڕیزیی سیاسی لە باکووری کوردستان، دامەزراوە”.

مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، ئەمڕۆ دووشەممە (23ی تشرینی دووەمی 2026) لە ڕاگەیاندراوێکدا بانگەوازی لە سیاسەتمەدار، ڕۆشنبیر و ڕای گشتیی وڵاتپەروەری کوردستان کرد کە کۆتایی بەو مشتومڕ و تۆمەتانە بهێنن کە زیان بە یەکڕیزی دەگەیەنن و پشتگیری لە «هاوپەیمانیی نەتەوەیی کوردستان (هەڤبەندی)» بکەن.

ئۆزچەلیک ئاماژەی بەوە دا کە هەڤبەندی بە مەبەستی ساڕێژکردنی برینی پێکنەهێنانی یەکڕیزیی سیاسی لە باکووری کوردستان، لە کۆنفرانسی 7ی تشرینی دووەمدا لە ئامەد دامەزراوە و هیواکانی گەل سەرلەنوێ دەگەشێنێتەوە.

ئۆزچەلیک ڕایگەیاند کە دوای ڕاگەیاندنی هەڤبەندی لە 9ی تشرینی دووەمدا، لە کوردستان، تورکیا و دیاسپۆرا جۆشوخرۆش و پشتگیرییەکی بەهێز سەری هەڵداوە، بەڵام هەڤبەندی ڕووبەڕووی هێرشی لایەنە نەژادپەرست و فاشیستەکان و ئۆپەراسیۆنی پۆلیس بووەتەوە.

ناوبراو جەختی کردەوە کە خاوەندارێتیکردنی خەڵک بووەتە هۆی ئەوەی پشتگیرییەکان بۆ هەڤبەندی چەند هێندە زیاد بکەن و ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی هەڤبەندی کە دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن داواکاری گشتییەوە ئازاد بکرێن.

هۆشداری سەبارەت بە مشتومڕە ناوخۆییەکان و کۆبوونەوەی 28ی تشرینی دووەم

سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان ڕوونی کردەوە کە نیگەرانیی هێزە باڵادەستەکان و لایەنگرانی ئەنتەگراسیۆن لە ڕۆڵی هەڤبەندی جێگەی تێگەیشتنە، بەڵام ئەو مشتومڕ و گفتوگۆیانەی ناو بازنە وڵاتپەروەرەکانی کوردستان کە زیان بە هەستی یەکڕیزی دەگەیەنن، قبووڵکراو نین.

ئۆزچەلیک بانگەوازی لە هەموو پێکهاتەکانی هەڤبەندیش کرد کە خۆیان لەو لێدوان و هەڵوێستانە بەدوور بگرن کە زیان بە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ دەگەیەنن و جەختی کردەوە کە پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان بەپێی ئەم هەستیارییانە هەڵسوکەوت دەکات.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەنجوومەنی هەڤبەندی لە 28ی تشرینی دووەمی 2026 لە ئامەد کۆدەبێتەوە و بەپێی بڕیارەکانی پێشوو، شێوازی کۆتایی بەرنامە، پەیڕەوی ناوخۆ و نەخشەڕێگاکانی بۆ خەبات دیاری دەکات. ئۆزچەلیک جارێکی دیکە بانگەوازی لە هەموو لایەنە وڵاتپەروەرەکان کرد کە کۆتایی بەو گوتارانە بهێنن کە دەبنە هۆی دوژمنایەتی و پێکەوە گەشە بە هەڤبەندی بدەن و بەهێزی بکەن.