شاندی ئیمرالی: “ئۆجەلان گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ و ئەو هەنگاوە پێشکەوتنێکی ئەرێنییە لە رووی هەلومەرجی ژیان و کارکردنەوە”.
شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ رێبەری بەندکراوی پەکەکە بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد، لە نێو زینداندا گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی شاندی ئیمرالی، ئۆجەلان دەستنیشانی کردووە کە ئەنتەگراسیۆنی کوردان لە ناو کۆماری تورکیادا تەنها بە دامەزراندنی زەمینەیەکی دیموکراتیک و ئارام پێکدێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2026، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمرالی، پێکهاتوو لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، میدحەت سانجار، پەرلەمانتار و ئۆزگور فایق ئەرۆڵ، پارێزەر، لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوێنێ یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەم، لە دوورگەی ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندکراوی پەکەکە کۆبوونەتەوە.
داوای پێکهێنانی بناخەی یاسایی
شاندەکە ئاماژەی بەوە دا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە نێو زینداندا گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ و ئەو هەنگاوەیان بە پێشکەوتنێکی ئەرێنی لە رووی هەلومەرجی ژیان و کارکردنەوە ناو بردووە.
داواشی کرد، دەرفەتی پەیوەندیکردن بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی خۆی کارە دوو ساڵییەکەی لەبارەی “یەکێتیی مێژوویی و ئاشتیی نێوان تورک و کورد” بۆ دەزگاکانی راگەیاندن و بیروڕای گشتی بخاتەروو، هەروەها لە قۆناخی ئێستای پڕۆسەکەدا دەستە و کۆمیسیۆنەکان لە چوارچێوەی یاسایەکی گشتگیردا کارا بکرێن و زەمینەی یاساییان بۆ دابین بکرێت.
بە گوێرەی راگەیاندراوی شاندەکە، ئۆجەلان لەم قۆناخەدا وەک “رێکخەری ئاشتی و بەسیاسیکردن” پێداگرە لەسەر قووڵکردنەوە و درێژەدان بە کارەکانی.
هۆشداریی سەبارەت بە چەقبەستوویی سیاسەت
لە راگەیەنراوەکەی شاندی ئیمرالیدا پوختەی بۆچوون و هەڵسەنگاندنەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا خراوەتەروو و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە بەردەم قۆناغێکی وەرچەرخاندا وەستاون لە مێژووی کۆماری تورکیادا، تێپەڕاندنیشی پێویستی بە کارکردنی هەمەلایەنە و ئاگاداربوون لە مەترسییەکان هەیە.
پێشی وابووە، نابێت سیاسەت لە تورکیا لە نێو هاوکێشەی “گوشار، هاندان و کاردانەوە”دا سنووردار بکرێت، چونکە داخستنی گۆڕەپانی سیاسی رێگە بۆ جووڵەی هێزە نادیموکراتییەکان خۆش دەکات، ئەوانەی ئامانجیان کورد و هێزەکانی ئاشتی و دیموکراسییە.
روونیشی کردووەتەوە، بەهۆی ئەو توانای گۆڕانکارییەی پڕۆسەکە بۆ وڵات و ناوچەکە هەیەتی، هەمیشە هەوڵی تێکدەرانە لە لایەن ناوەندە جیاوازەکانەوە دەبێت و جەختی کردووەتەوە، “کاریگەرترین رێکار بەرانبەر ئەمانە، بەهێزکردنی پڕۆسەکەیە لە رێگەی یاسای دیموکراتی و سیاسەتی ئازادەوە”.
بەپێی راگەیاندراوەکە، ئۆجەلان پرسی کوردی وەک “پرسی دیموکراسی” هەڵسەنگاندووە و ئەوەی خستووەتەروو، چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیادایە و دژی هزری رەگەزپەرستی و هەوڵە کودەتاچییەکانە. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، سیاسەتی دیموکراتی پێویستی بە بەرنامەیەکی جێگیری بنەماکان هەیە نەک پشتبەستن بە رووداوە رۆژانەکان.
“کۆماری دیموکراتیک” و دۆخی زیندانەکان
سەبارەت بە کۆمار و مافی گەلان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان روونی کردووەتەوە، دادپەروەری، یاسا و دیموکراسی داواکاریی هەموو گەلی تورکیایە و کورد خوازیاری ئاشتی و خاوەندارێتیکردنی کۆمارە لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتیی گەرەنتیکراودا تاکوو دان بە هەموو ناسنامەکاندا بنرێت. هەروەها رەخنەی لەو تێڕوانینە گرتووە کە کۆمار سنووردار دەکات و گوتوویەتی، “کۆماری دیموکراتیک تورکیا گەورە دەکات و دەیکاتە نموونە”.
لە بەشێکی دیکەی هەڵسەنگاندنەکانیدا، ئۆجەلان نیگەرانیی خۆی لە دۆخی ئێستای زیندانەکان دەربڕیوە و رایگەیاندووە، گیانلەدەستدان لە زیندانەکان، هەڵوەشاندنەوەی ئازادکردنی مەرجدار و پەیڕەوکردنی رەفتاری جیاواز لە زیندانەکاندا، هیچ پاساوێکیان نییە و هاندان دژی پڕۆسەکە لەخۆ دەگرن
ئەم دیدارەی شاندی ئیمرالی لە کاتێکدایە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دوایین سەردانیاندا لە 13ی ئەیلوولی 2026، لە چەند رۆژی رابردوودا جموجووڵەکان پەیوەست بە پڕۆسەی ئاشتی چڕتر بوونەتەوە.
لە 20ی تشرینی دووەمی 2026، وەزیری ناوخۆی تورکیا لەگەڵ پارێزگارانی هەشت پارێزگا تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەری کۆبووەوە، هاوکات پێنج پسپۆڕی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکی شەش لاپەڕەییدا داوایان لە ئەنقەرە کرد گەرەنتیی دادوەری و چاودێریی سەربەخۆ لە یاسای تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتیدا بەهێزتر بکات.