ئاپۆ بەزمەکەی دیمەشقی گواستۆتەوە بۆ ئیمرالی؛ لە ڤێلاکەدا 4 ژن لەگەڵ ئۆجەلان دەژین

ئاپۆ بەزمەکەی دیمەشقی گواستۆتەوە بۆ ئیمرالی؛ لە ڤێلاکەدا 4 ژن لەگەڵ ئۆجەلان دەژین

ئۆجەلان لە نهۆمی دووەمی ڤێلایەکدا لە ناوچەی «مەززە»ی دیمەشق، لەگەڵ ژناندا دەژیا، کە ناوچەیەکی پڕ لە باڵەخانەی لوکس بوو و ئەسەد و دەوروبەرەکەشی لەوێ دەژیان.

لەسەر داواکاریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکەی هەڵوەشاوە، 4 ژنی نێو ڕێکخراوەکە براونەتە نێو نووسینگەکەی لە ڤێلا نوێیەکەیدا؛ ئۆجەلان ساڵانێک بوو داوای دەکرد ژنان سەردانی بکەن و ئەم داواکارییەی جێبەجێ کرا.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە ساڵانێکە داوا دەکات لە هەموو پرۆسەیەکی ئاشتی و ئاگربەستدا ژنان لە ئیمرالی سەردانی بکەن، داواکارییەکەی جێبەجێ کراوە.

زانراوە کە 4 ژنی ئەندامی پەکەکە براونەتە ناو سکرتاریەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پەکەکەی هەڵوەشاوە، کە لە ڤێلا نوێیەکەیدا لە ئیمرالی بۆی دروست کراوە.

بەپێی ڕۆژنامەی «نەفەس»ی تورکیا، 4 ژنی نێو ڕێکخراوەکە بە تیمی سکرتاریەتە 4 کەسییەکەی ئۆجەلان لە ئیمرالی زیاد کراون. لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە یەکێک لەو ژنانەی چووەتە نێو تیمەکە، برازای ئۆجەلانە.

لە ئێستادا “زەکی بایهان، عومەر خەیری کۆنار، حامیل یڵدرم و ئەرگین ئاتابەی” وەک ئەندامانی سکرتاریەتی ئۆجەلان لە ئیمرالی دەمێننەوە و 4 کەسی دیکەش بۆ ئەم تیمە زیاد کراون.

ئۆجەلان و برازاکەی ئێستا لەو ڤێلایەدا دەمێننەوە. خانووەکە دوو نهۆمە؛ لە نهۆمی سەرەوە ژووری خوێندنەوە و کتێبخانەیەکی لێیە و نهۆمی خوارەوەش چەندین ژووری تێدایە.

بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەیەکی نزیکدا 3 زیندانیی دیکەی ژنیش دەگوازرێنەوە ڤێلاکەی ئۆجەلان. هەروەها، لە باخچەی ڤێلاکەدا، خانوو و باڵەخانەی نوێ بۆ ئەندامە پیاوەکانی سکرتاریەتەکەی ئۆجەلان دروست دەکرێن.

سیستەمەکەی دیمەشق گەیشتووەتە ئیمرالی

بە زیادکردنی ژنان بۆ نێو تیمی سکرتاریەتی ئۆجەلان، ئەو سیستەمەی کە لە ڤێلاکەی خۆی لە دیمەشقی سووریا دایمەزراندبوو، گواستوویەتییەوە بۆ ئیمرالی. لە سووریا، ئۆجەلان لە ڤێلایەکدا لە ناوچەی «مەززە»ی دیمەشقی پایتەختدا دەژیا، کە ناوچەیەکی پڕ لە باڵەخانەی لوکس بوو و ئەسەد و دەوروبەرەکەشی لەوێ دەژیان.

وەک دەزانرێت، ڤێلاکەی مەززەش دوو نهۆم بوو، لە باخچەکەیدا مەلەوانگەیەکی هەبوو و ئۆجەلان لە نهۆمی دووەم لەگەڵ ژناندا دەژیا. شۆفێرە پیاوەکانی، کە کاروبارە پراکتیکییەکانی ئەویان بەڕێوە دەبرد، لەگەڵ برازاکەیدا لە نهۆمی خوارەوە دەژیان. کاتێک بەراوردی دەکەین، دەردەکەوێت کە ئۆجەلان شێوازی ژیانی ڤێلاکەی لە مەززەی دیمەشقەوە گواستووەتەوە بۆ ئیمرالی.