بێدەنگی ژێردەستەییە!

بێدەنگی ژێردەستەییە!

“دەبێ بە هەڵوێستێکی کوردستانی و نەتەوەیی، وا بکەین کە داگیرکەران و بەکرێگیراوەکانیان پاشەکشە بکەن”.

بووبێ ئەسەر

ئێمەی کورد بە سایەی تێکۆشان و بەرخودانی گەلەکەمان، بە قارەمانێتیی پێشمەرگەکان، بە خوێنی ڕژاوی گەلی کورد و بە ڕێ و ڕێبازی بارزانییە مەزنەکان، لە باشووری کوردستان بە ئازادیی خۆمان گەیشتین. بەڵام ئەم ئازادییە هەمیشە لە دڵی داگیرکەراندا وەک پشکۆیەکی ئاگر بووە و ئازاری داون.

داگیرکەران بەردەوام لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەو پشکۆی ئاگرە نەیان سووتێنێت و بە پێچەوانەوە وەک زۆربەی جارەکان گەلەکەمان و هەبوونی کورد بسووتێنێت. لە ڕۆژی ئازادبوونی باشووری کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، داگیرکەرانمان پێکەوە کاریان کردووە بۆ ئەوەی ئەو ئازادییە لەناو ببەن، تاکوو ئەو ئاگرەی ناخیانی دەسووتاند، بکوژێتەوە. زۆر جار بۆ ئەم مەبەستە هەوڵی نامرۆڤانەیان داوە، بەڵام هەموو هەوڵەکانیان بەر ئەو دیوارە کەوتووە کە پێشمەرگە بە خوێنی خۆیان بنیاتیان ناوە و گەڕاوەتەوە.

داگیرکەرانمان باش دەزانن ئەگەر کورد یەکگرتوو نەبن، ئەوان دەتوانن ناکۆکییەکانی نێوانیان قووڵتر بکەنەوە تاکوو هەرگیز یەک نەگرن. نایەکگرتوویی گەلی کوردیش لە بەرژەوەندیی داگیرکەراندایە؛ دڵنیا بن ئەوان لە ئێمە باشتر لەم ڕاستییە تێدەگەن. بەڵام ئێمە چەندە ئەمە بزانین و بیهێنینە سەر زمان، هێشتا ناتوانین بە شێوەیەکی گشتی یەکێتی و یەکڕیزیی گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بهێنینە دی؛ چونکە داگیرکەران تا ناو ماڵەکانمان هاتوون و بۆ ئەوەی ئێمە نەبینە یەک، هەرچییەکیان لە دەست بێت کردوویانە و دەشیکەن.

ئەگەر لە باشووری کوردستان یەکێتی و یەکڕیزی هەبووایە، نە دوێنێ، نە ئەمڕۆ و نە سبەینێش داگیرکەران نەیاندەتوانی هەڕەشە لە کورد بکەن. تا ئەو کاتەی دەستمان لە بەردەم ئەواندا پان بکەینەوە و داوای مووچەکانمانیان لێ بکەین، بێگومان ئەوانیش کۆسپ و تەگەرەمان بۆ دروست دەکەن. ئەگەر لە باکووری کوردستانیش یەکێتی و یەکڕیزیمان هەبووایە، بڕوا بکەن داگیرکەرانمان بەو ئاسانییە نەیاندەتوانی دەستدرێژی بکەنە سەر قەوارە و ئیدارەی باشووری کوردستان.

بە واتایەکی دیکە، ئێمە وەک گەلی کورد لە سەرانسەری جیهاندا لە یەکتر دوور و پەرتەوازەین و ناتوانین یەکڕیزیی ناوماڵی خۆمان لەسەر بنەما و هێڵی نەتەوەیی دابمەزرێنین. تا لە هەر چوار پارچەکە بەم شێوەیە پەرتەوازە بین، دڵنیا بن لەم جیهانەدا، واتە لە هیچ پارچەیەکی کوردستاندا، بە مافە ڕەواکانمان ناگەین.

پێویستە هەموو کوردێک ئەم ڕاستییە باش بزانێت و تێبگات کە تێکچوونی باشووری کوردستان، بە واتای لەناوچوونی هەموو کوردە لە جیهاندا. خۆی لە بنەڕەتدا گرنگترین خاڵی پەیماننامەی لۆزانی ساڵی 1923 ئەوە بوو کە داگیرکەرانمان لە ماوەی سەد ساڵدا کوردەکانی ناو سنوورەکانیان بسڕنەوە، ئەگەرنا خۆیان دەکەونە مەترسیی لەناوچوونەوە.

هەر بۆیە ئەمڕۆ دەبینین دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا، داگیرکەرانمان هەریەکە و لە لای خۆیەوە کەوتوونەتە کارکردن بۆ سڕینەوەی گەلەکەمان؛ هەندێک جار وێکڕا و هەندێ جاریش بە تەنیا لە دژی کورد دەجووڵێنەوە.

ئێمەی کوردیش بەردەوام ئەمە دەبینین و تەماشا دەکەین کە چۆن ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو توانەوە دەچین. لە باکووری کوردستان شتێکی ئەوتۆ نەماوە کە مرۆڤ دەستی پێوە بگرێت؛ کاتێک زمان، دابونەریت و کوردبوون نەمێنن، بزانن کە کورد بەرەو کۆتایی دەچێت.

سەرەڕای هەموو ئەم دۆخەش، هێشتا ئەو یەکگرتوویی و یەکڕیزییەی لەم گێژاوە ڕزگارمان دەکات لە هیچ پارچەیەک دروست نەبووە و وا دیارە دروستبوونیشی ئەستەمە. ئەی بۆ بەدیهێنانی ئەمە پێویستە چی بکەین؟

پێویستە پێش هەموو شتێک بەرژەوەندیی حیزبی بخەینە لاوە، پێکەوە لەژێر چەترێکی نەتەوەییدا بە یەک دەنگ و دروشم و هاوار، پشتیوانی لە باشووری کوردستان بکەین. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی سەر باشووری کوردستان دەست بخەینە ناو دەستی یەکتر و لە دەوری ئەو پارچە ئازادە، بە مرۆڤە نیشتمانپەروەرەکانمان شوورەیەکی پۆڵایین هەڵبچنین؛ دیوارێک دروست بکەین کە تانک و تۆپی دوژمن نەتوانن بیبەزێنن. دەبێت ناکۆکییەکانی ناوخۆمان لە هەر چوار پارچە وەلا بنێین، ئازار و ڕەخنەکانمان بخەینە لاوە تا بتوانین بە هەموو هێزمانەوە ببینە پاڵپشت بۆ باشووری کوردستان. بە هەڵوێستێکی کوردستانی و نەتەوەییی وەها، وا بکەین داگیرکەران و بەکرێگیراوەکانیان پاشەکشە بکەن.

خۆ ئەگەر ئەمە نەکەین و باشووری کوردستان تێک بچێت، لە هەموو جیهاندا تاقە کوردێکیش نامێنێت و ئەوانەشی دەمێننەوە، چیتر لەسەر ناسنامەی خۆیان نابن. هەر بۆیە دەڵێم: یان پێکەوە مردن، یان پێکەوە ئازادی و سەربەخۆیی.

تێبینی: پێشتر گوتبووم کە تا ماوەیەک لە فەیسبووک نانووسم، بەڵام نووسینم بۆ ماڵپەڕ و ڕۆژنامەکان لە خۆم قەدەغە نەکردووە؛ چونکە گەل پێویستی بە هەموو بیروڕا و دیدگا جیاوازەکان هەیە تا بتوانێت ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە. لەبەر ئەوەی ئێستا سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانێکی نوێم، وەک جاران لە فەیسبووک نانووسم تا ئەو کاتەی ڕۆمانە نوێیەکەم دەخەمە سەر قاڵبی خۆی…