ئەمەريكا: رۆڵی “دژە تیرۆری یەکێتی” لە کوشتنی قاسم سولەیمانیدا سەرەکی بووە

“ئەندامێکی دژە تیرۆر، کە سەر بە یەکێتییه هاوکاری پێکانی ئامانجەکەی لە نزیکەوە کردووە”
میدیایەکی ئەمەریکی باس لە رۆڵی سەرەکی دژە تیرۆری یەکێتی لە کوشتنی “قاسم سولەیمانی” دەکات.
ماڵپەڕی Yahoo Newsی ئەمەریکی، چەند نهێنییەکی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی حەشدی شەعبی ئاشکرا دەکات و ئاماژە بە رۆڵی دژە تیرۆری یەکێتی لە ئۆپەراسیۆنەکە دەکات.
لە راپۆرتێکدا هاتووە، سێ تیمی تایبەتی ئەمەریکا، کە بە ”هێزەکانی دەلتا” ناسراون لە ئۆپەراسیۆنەکە بەشداربوون. چەند ئەندامێکیان، خۆیان وەک کارمەندی فڕۆکەخانە ناساندووە و لە چەند شوێنێکی نزیک لەو شەقامەی قاسمی تێدا کوژرا، جێگیر کرابوون.
لە کاتی ئەو ئۆپەراسیۆنە، بە حکومەتی عێراق گوتراوە، بەشی باشووری رۆژهەڵاتی فڕۆکەخانەکە دادەخەن، بەهۆی راهێنانێکی سەربازیی ئەمەریکا، دواتر سێ نیشانەشکێن (قەناس بەدەست) لە دووری 600 بۆ 900 یارد (550 بۆ 850 مەتر) دوور لە شوێنی کوشتنی سولەیمانی جێگیرکراون، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، لە رێگای دووربینی یەکێک لە نیشانە شکێنەکان، کە کامێرای پێوە پەیوەستکراوە، ئاگاداریی جمووجۆڵ و کارەکان بووە.
لە راپۆرتەکەی Yahoo Newsدا ئاماژە بەوەکراوە، هێزەکانی دەلتا تەنیا پشتیان بە پێشبینیکردن نەبەستووە، بەڵکو ئەندامێکی دژە تیرۆر لە باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان) بە ناوی (سی تی جی CTG) کە سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانه، هاوکاری پێکانی ئامانجەکەی لە نزیکەوە کردووە.
هەروەها ئەوەش ئاشکرا کراوە، کاتێک قاسم سولەیمانی لە سووریاوە هاتووەتەوە عێراق و لە فڕۆکەخانەی بەغدا دابەزیووە، ئەندامەکانی دژە تیرۆر، کە خۆیان وەک کارمەندی گواستنەوەی جانتاکان نیشانداوە، لە نزیکەوە بوونی قاسمیان پشتڕاستکردووەتەوە.
Yahoo News لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی ئەوەشی ئاشکراکردووە، رۆڵی دژە تیرۆر، زۆر سەرەکی بووە، پێش رووداوەکەش ئامادەکاریی وردییان کردووە. بۆ کارەکەش، پێویستیان بە پلانی زۆر وردی ناردنی سەرباز و شارەزای سەربازیی بووە.
قاسم سولەیمانی لە 3ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2020، لە رێگای مووشەکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لەگەڵ “ئەبو مەهدی موهەندیس”، کوژران. سوپای ئەمەریکا و کابینەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، وەک سەرکەوتنێکی ئەمنی هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە.