ئامانجی سەرەکیی خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبر چی بوو؟

ئەگەرچی 4 ساڵ بەسەر خیانەتە نگریسەکەی 16ی ئۆکتۆبردا تیپەڕ دەبێت بەڵام هێشتا ئەو پیلانە هەروا بەردەوامە و ئەمجارە دەیانهەوێ بەشیوازیکی نوێ و لە رێگای هێرشە داگیرکارانەکانی تورکیەوە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان جێبەجێی بکەن.
پاش ئەوەی کە لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەڕێوەبردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان پەسند کرد، دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بەتایبەتی (ئێران، تورکیە و عیراق) هەر زوو دەستیان بە جبهەگیری دژ بەو بڕیارە مێژووییە کرد، کە لە راستیدا بڕیاری سەرجەم نەتەوەی کورد بوو. ئەو دەوڵەتانە سەرەتا لەرێگای دیپلۆماسیەوە هەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی ئەو بڕیارە دیموکراتیکەی کوردان، چڕتر کردەوە.
یەکێک لەو هەوڵانە کۆبوونەوەی بە پەلەی سەرۆک وەزیران و وەزیرانی بەرگری ئەو دەوڵەتانە بوو. پاش ئەوەی کە بە هەڕەشە کردن نەیانتوانی کوردەکان لەو بڕیارەیان پاشگەز بکەنەوە، ئەوجا پەنایان بۆ برسی کردنی خەڵکی کورد برد و بە داخستنی دەروازە سنووریەکان و فرۆکاخانەکان، ویستیان کوردەکان لە بڕیارەکەیان پاشگەز بکەنەوە. بەڵام کوردەکان بڕیاری خۆیان دابوو و لە 25/9/2017دا لە کەشێکی بەتەواوی دیموکراتیکدا ریفراندۆمیان بەڕێوەبرد و 92.73٪ی گەلی باشووری کوردستان، بە دەنگێ “ئەرێ” بڕیاریان لەسەر سەربەخۆیی کوردستان و دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردەکان دابوو.
پاش بەڕێوەچوونی ریفراندۆم، دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، مانۆڕە سیاسیەکانیان بۆ مانۆڕی نیزامیی گۆڕی و بە رێکەوتنێکی قێزەونانە لەگەڵ گرووپێک لەناو یەکیەتی نیشتمانی کوردستاندا، کە دواتر لەلایەن گەلی کوردەوە ناوی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبریان لەسەر دانرا، توانیان زیاتر لە نیوەی خاکی باشووری کوردستان داگیر بکەنەوە. ئەو رێکەوتنە بوو بە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتی عێراق بە بیانووی سەپاندنی یاسا، بە هاوکاری بەشێک لە هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاکانی حەشد و حیزبوڵڵای لوبنان، لەلای باشووری رۆژئاوای کەرکووکەوە لەکاتژمێر 2:30خولەکی شەوی 16ی ئۆکتۆبری 2017دا پەلاماری کەرکووک بدەن.
لەراستیدا عێراقیەکان لەسەرەتای هێرشەکەیاندا تێکشکان
هێزەکەی عێراق و پاسدەارەکانی ئیران و حیزبوڵڵای لوبنان لەسەرەتای هیرشەکەیاندا تێکشکان و 7 ماشێنی نیزامیی “هەمەر”ی میلیشیاکانی حەشد و ئەرتەشی عێراق تێکشکێندران و 14 چەکداری حەشد و ئەرتەشی عیراقیش کەلاکیان کەوت. ئەو هێرشە پێی سەلماندن کە هاتنە ناو کەرکووک ئاسان نیە بۆیە رێگای دووەمیان بەکارهێنا کە ئەویش چۆڵ کردنی هێندێک لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و دەرباز بوون لەو رێگایەوە بوو کە رۆژێک پێشتری واتە 15/10/2017 بەربەسەتەکانی سەر رێگا بەتایبەت لەسەر پردی مریەم بەگ لادرابوون و رێگاکەیان بۆ ئامادە کرابوو. هەربۆیە لە سایەی ئەو خیانەتە نگریسەوە ئەرتەشی عیراق و میلیشیاکانی حەشد و هاوپەیمانەکانیان بە بێ تەقە کردن هاتنە ناو کەرکووک و جارێکی دیکە شارەکەیان داگیر کردەوە و پیشمەرگەکانی ناو شارەکەیان گەمارۆ دا.
لە باشووری رۆژئاوای کەرکووکەوە پێشمەرگەکان ئاگاداری خیانەت و هاتنی ئەرتەشی داگیرکەری عێراق بۆ ناو کەرکووک نەبوون، بەداخەوە هەر بەو هۆیەوە 25 پێشمەرگە کەوتنە بۆسەیەکی میلیشیاکانی حەشد و شەهید بوون. بەوشێوەیە کەرکووک داگیر کرا و ئەرتەشی عێراق لەگەڵ ئەرباب و بەکرێگیراوەکانیدا هەوڵیاندا بەرەو هەولێر بڕۆن. بەڵام لە پردێ تووشی شکستێکی گەورە هاتن و پۆرتیان لە عەرز درا کە ئێمە دواتر لەسەر ئەو داستانە قسە دەکەین.
پاش 16ی ئۆکتۆبر، قەوارەی هەرێمی باشووری کوردستان لەژێر مەترسیدا بوو

لێرەدا باس لە ئامانجی سەرەکیی پیلانی 16ی ئۆکتۆبر دەکەین: پاش ئەوەی کە کەرکووک داگیر کرا و پیشمەرگەکانی کوردستان ناچار بوون لە سنوورەکانی (مەخموور، شنگال و زوممار) و ناوچەکانی دیکە پاشەکشە بکەن بۆ ئەوەی بتوانن ئامانجی سەرەکی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بکەنە بڵقی سەر ئاو، کە ئەویش داگیرکردنی هەولێری پایتەخت و دەستگیر کردنی مەسعوود بارزانی وەکوو سەرۆکی هەرێم و لەناوبردنی قەوارەی سیاسیی باشووری کوردستان بوو. ئەگەر ئەو پیلانە سەری گرتبا و داگیرکەرانی کوردستان بە ئامانجی سەرەکیی پیلانەکان گەیشتبان، هیچ شتێک بەناوی هەرێمی باشووری کوردستان بوونی نەدەما و حکوومەتی عێراق هاوشێوەی پاریزگاکانی دیکەی عێراق مامەلە و هەڵسوکەوتی لەگەڵ (دهۆک، هەولێر و سلێمانی) دەکرد.
لە رێکەوتی 16ی ئۆکتۆبردا، ئاراس شێخ جەنگی لە ناو هێزە داگیرکەرەکانەوە قسەی بۆ میدیاکانی خۆیان کرد و رایگەیاند ئەرتەش بەرەو هەولێر دەڕوات. لە راستیشدا هەروا بوو، بەڵام لە پردێ پێشمەرگەکانی کوردستان رێگایان لە ئەرتەشی عێراق گرت و توانیان هێرشەکانیان تێکبشکێنن. ئێران و عێراق چاوەڕێی ئەوە بوون کە هێزی پێشمەرگە لە پردی تێکبشکێت و ئەوسا ئەوان ئەو هێزە ئیرانیانەی کە بە چاوساغی هێندێک کوردی خائین لە هیران و نازەنین مۆل درابوون، لەوێیەوە پەلاماری هەولێری پایتەخت بدەن و کۆتایی بە قەوارەی سیاسیی باشووری کوردستان بهێنن. ئامانجی سەرەکی دەوڵەتەکانی تاران و بەغدا ئەوە بوو.
ئامانجی تورکیە لە بەشداری کردن لەو پیلانەدا چی بوو؟
لە راستیدا تورکیە دوو ئامانجی سەرەکیی هەبوو:
یەکەم: وەدەرنانی هێزەکانی پەکەکە لە کەرکووک و رێگری کردن لە گەڕانەوەیان بۆ کەرکووک.
دووەم: دابڕاندنی رۆژئاوای کوردستان لە باشووری کوردستان. لەبەر ئەوەی تورکیە سەرجەم رێگاکانی رۆژئاوای داخستبوون و تاکە رێگای هەناسەدانی رۆژئاوای کوردستان دەروازەی سنووریی سمێلکا بوو کە دەکەوتە حەوزەی دەسەڵاتداریی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستانەوە.
ئەگەرچی 4 ساڵ بەسەر خیانەتە نگریسەکەی 16ی ئۆکتۆبردا تیپەڕ دەبێت بەڵام هێشتا ئەو پیلانە هەروا بەردەوامە بەڵام ئەمجارە بەشیوازیکی نوێ و لە ریگای هێرشە داگیرکارانەکانی تورکیە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەیانهەوێ جێبەجێی بکەن.