ئایا ئۆجەلان و پەکەکە هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گۆڕیوە، یان سیاسەتی “تەقییە” پەیڕەو دەکەن؟

پێویستە سیاسەتی تەقیەی پەکەکە هەڵبوەشێتەوە، ئەگەر تەقیەی پەکەکە هەڵبوەشێتەوە، دەوڵەتی تورکیش هەڵدەوەشێتەوە.

ئەو پڕۆسەیەی کە بە بانگەوازەکەی 27ی شوباتی 2025ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکدارانە، دەستی پێکرد، کۆتایی بە پێکدادانەکانی نێوان هێزە چەکدارەکانی تورکیا و پەکەکە هێنا.

لەو پێکدادانانەدا خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی بادینان زیانێکی زۆریان بەرکەوت. ئەم ناوچەیە لە ساڵی 1991 بەملاوە ناوەندی سەرەکی پێکدادانەکانی نێوان پەکەکە و هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی تورک بووە. لە دوای ساڵی 1992، پەکەکە بە شێوەیەکی هەماهەنگ و پلانمەند، شەڕەکەی بۆ ناوچەی بادینان گواستەوە. ئەم دۆخە تا ساڵی 1999 بەردەوام بوو.

لە ساڵی 1999دا، ئۆجەلان لە ئیمرالیەوە شەڕی وەستاند. خەڵکی باشووری کوردستان پێیان وابوو شەڕ کۆتایی هاتووە و ئیدی دەتوانن بە ئارامی بژین. بەڵام بە پێی ستراتژییەک، گەریلاکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان کۆبوونەوە یان کۆکرانەوە. هەرچەندە هەموو شتێک ئاسایی دەرکەوت و هیوای ئەوە دەخوازرا کە چارەسەرێک بۆ گەریلاکان بدۆزرێتەوە، بەڵام پەکەکە چەمکی “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا”ی دروستکرد و لەڕاستیدا خۆی لە ستراتژیکترین شوێنەکاندا و بەتایبەتی لە بادینان کە بڕبڕەی پشتی باشووری کوردستانە، جێگیرکرد. بە جۆرێک ئەم ناوچانە داگیرکران و  ڕێگری لە هاتوچۆی خەڵک بۆ گوندەکان کرا. حزووری ئیداری و سیاسی و سەربازی هەرێمی کوردستان لەو ناوچانە ڕاگیرا. مەیدانی نفووزی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەم کرایەوە. بیروڕای کوردیش هێشتا وا بیری دەکردەوە کە “هەرچییەک بێت، پەکەکەش کوردە و ئەو ناوچانە لە دەستی کورداندا دەمێننەوە”. بەڵام دواتر لە ساڵی 2019 بەملاوە، پەکەکە وردە وردە ئەو ناوچانەی ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کرد.

لە ئێستادا بەدرێژایی 370 کم لە سەر سنوور لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کۆنترۆڵکراوە. خەڵکی باشووری کوردستان بە باوەڕی ئەوەی کە پەکەکە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە و پێکدادانەکان کۆتاییان پێهاتووە، دەگەڕێنەوە ناو گوندەکانی خۆیان. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەندێک بواردا پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکات. بۆ یەکەمجار لە دوای 2000ـەکانەوە خەڵکی ناوچەی ڕێکان و نێروێ، پلان بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانی خۆیان دادەڕێژن. بەڵام بەپێی داتای فەرمی قایمقامی قەزای ئامێدی، 160 گوند وێران و کاول بوون. پێدەچێت تا حکومەتی هەرێم دەسەڵاتێک لەو ناوچانەدا دانەمەزرێنێت، ئەم سەردانانە وەک گەشت و سەیران دەبن.

کەواتە ئایا دەوڵەتی تورک و پەکەکە لەو خاکانەی هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە کە داگیریان کردوون؟

هەم سوپای تورک و هەمیش پەکەکە حزووری خۆیان لە ناوچەکەدا قووڵتر دەکەنەوە

لەوەتەی لە 27ی شوباتی 2025ـەوە پێکدادانەکان کۆتاییان پێهاتووە و پەکەکە لە 7ی گوڵاندا هەڵوەشانەوەی خۆی ڕاگەیاندوە، نە دەوڵەتی تورک و نە پەکەکە لەو خاکانەی هەرێمی کوردستان نەکشاونەتەوە کە داگیریان کردبوو. تەنانەت بە پێچەوانەشەوە دەوڵەتی تورکیا بنکەی هەمیشەیی دادەمەزرێنێت. هەروەها پەکەکەش تونێلی نوێ دروست دەکات و هەوڵدەدات لەڕێگەی خاڵەکانی پشکنینەوە سەروەری خۆی بەسەر ناوچەکەدا جێگیر بکات.

سەرچاوەکانی پەکەکەش پشتڕاستی دەکەنەوە کە پەکەکە بە دوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت تا حزووری هەمیشەیی خۆی بەتایبەتی لە هەرێمی گارەدا، مسۆگەر بکات و هەوڵدەدات کە بەرگری بکات و نایهەوێ دەستبەرداری ئەو دەڤەرە ببێت.

هەروەها راستیی ئەوەی کە دەوڵەتی تورک دەیهەوێت پەکەکە بە تەواوی لەو ناوچانە بکشێتەوە، جێگای مشتومڕە. پێویستە ئەم ڕاستییە قبووڵ بکرێت کە حزووری پەکەکە لە باشوور نە بە ڕێکەوت بووە و نە لەبەر زەروورەتێکیش بووە، بەڵکوو بەهۆی پلانێکی ستراتژیکی دەوڵەتی تورکیاوە لەوێیە.

پەکەکە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام ئایا پیلانی داگیرکردنی هەولێریش هەڵوەشاوەتەوە؟

بۆ ئەوەی هەردوولا لە باشووری کوردستان بکشێنەوە، پێویستە ئەو ڕێککەوتن و پلانەی کە لە ساڵی 1999دا لە نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکدا کرابوو، کە بە ‘پلانی هەولێر’ ناسراوە و ئامانجی چەسپاندنی دەسەڵاتی تورکیایە لە هەرێمی کوردستان، هەڵبوەشیتەوە. بە واتایەکی تر ڕێگای سەرەکی بۆ گەڕانەوەی ئەو خەڵکە بۆ زێدی خۆیان تەنها بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەوە بەند نیە، بەڵکو دەبێت پلانی هەولێری نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک هەڵبوەشێتەوە.

پلانی هاوبەشی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی هەولێر، نە ئەفسانەیە و نە تەنها قسەیەکیشە، بەڵکوو ڕاستەقینەی ڕاستەقینەیە. گفتوگۆکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەگەڵ “حەسەن ئاتیلا ئوگوور” ئەفسەری تورکیا لە ئیمرالی بە ڤیدیۆ بەڵگەمەند کراوە. ئۆجەلان داوا لە دەوڵەتی تورک دەکات و دەڵێ، “بە نهێنی پاڵپشتیمان بکەن، ئێمە پێکەوە هەولێر پێکەوە دەبەیندەگرین”. لە دوای ساڵی 1999 ئەم ڕێککەوتنە وردە وردە جێبەجێ کرا. تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەم پلانە هەڵوەشابێتەوە.

ئۆجەلان تا ئێستاش لەسەر بنەمای دوژمنایەتی بارزانی خۆی لە بازاڕی سیاسەتدا دەفرۆشێت و پلانی هەولێریش هەموار دەکرێتەوە

لە ڕاستیدا ئەو مانیفێستەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشکەشی کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد و نۆتەکانی کۆبوونەوەی 30ی ئایار، کاریگەرییەکی خراپی لێدەکەوێتەوە. لێدوانەکانی ئۆجەلان دژی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی سەد ساڵەی ڕێبازی بارزانی جێگای داخە. ئەو لێدوانانەی ئۆجەلان ڕەخنە نین، بەڵکوو دوژمنایەتی ڕاستەوخۆن. لێدوانەکانی وەک “چەک هەڵدەگرم و دژی بارزانی دەجەنگم”، ئاستی دوژمنایەتیی ئۆجەلان لەگەڵ ڕێبازی بارزانی دەردەخات، پێویستە بە باشی لەم ڕاستییە تێبگەین.

ئۆجەلان لە نۆتەکانی دوایین کۆبوونەوەیدا ڕایگەیاندووە، “ئێمە لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا ناکشێینەوە”. تەنانەت مەبەستی خۆی بە ڕوونی ڕاگەیاندووە، ئەگەر ئێمە بکشێینەوە، بارزانی ئەو گوندانە وێران دەکات کە ئێمە لێیان کشاوینەتەوە”. هەروەها وتی “ئێمە هەرگیز ئەو ناوچانە بەجێناهێڵین”.

ئەم هەڕەشانە لەلایەن ئۆجەلانەوە مانای چییە؟ واتە ئۆجەلان بانگەوازێک بۆ دوژمنانی کورد دەکات و پێیان دەڵێت: “ئێوە دەتوانن من بەکاری بهێنن بۆ ئەوەی کە بزووتنەوەی سیاسی بارزانی تێکبدەم، ئێوە دەتوانن من لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەکار بهێنن”.

بە چاوخشاندنێکی وردتر لە لقوپۆپەکانی ئێستای پەکەکە بۆمان دەردەکەوێت کە پەکەکە نەک هیچ ستراتژییەکی بۆ کشانەوە لە باشوور نیە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی بە شێوەی جۆراوجۆر پێگەی خۆی لە شاخ و شارەکانی باشووردا بە شێوەیەکی هەمیشەیی جێگیر بکات.

لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین ئێستا پەکەکە هەڵسەنگاندن بۆ پلانی پێشووی خۆی بۆ هەولێر دەکات و سەرکەنوێ دەیهەوێ جێبەجێی بکات.

ڕۆژ گراسون، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی ڕاوەست، لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی ڕوداو، ڕایگەیاند: “هەڵوێستی ئۆجەلان لە هەمبەر هەرێمی کوردستان گۆڕاوە”. ئەم هەڵسەنگاندنە لە واقیعدا هیچ بنەمایەکی نییە. سەرەتا نە ئۆجەلان و نە پەکەکە هەرگیز سوپاسی هەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ هەڵوێست و پشتیوانییەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان و هەروەها هیچ لێدوانێکی ئەرێنیشیان نەداوە. ئۆجەلان لە بری گۆڕینی هەڵوێستی خۆی، ڕایگەیاندووە، “واز لە شەڕکردن لەگەڵ دەوڵەتی تورک دەهێنم و لە دژی بارزانییەکان دەجەنگم”. ئایا دەکرێ ئەم قسەیەی ئۆجەلان پشتگوێ بخەین؟ بێگومان نەخێر.

بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین شەڕی نێوان پەکەکە و هێزە چەکدارەکانی تورکیا کۆتایی هاتووە، بەڵام شەڕی پەکەکە لە دژی پەدەکە کۆتایی نەهاتووە.

بارودۆخی بەرچاو لە مەیداندا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هێزەکانی پەکەکە کە بەردەوام هێرشیان کراوەتە سەر، خەریکن بە ئارامی هەناسەیەک هەڵدەمژن و بنکەکانیان لە باشووری کوردستان پتەوتر دەکەن و بەرەو قووڵایی باشووری کوردستان دەچن. دەیانهەوێ حزووری سەربازیی خۆیان لەژێر دەمامکی کولتووری و کۆمەڵایەتیدا بپارێزن. ئەوان سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە بە بێدەنگی پەیڕەو دەکەن و دەیانەوێت فشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیمتیاز لە دەسەڵاتداران وەربگرن.

پەکەکە سیاسەتی “تەقیە” پەیڕەو دەکات

تەقیە واتە «التقیة» چەمکێکی سەرەکییە لە سیاسەتی پەکەکەدا. تەقیە کاتێکە کە موسڵمان ئینکاری ئیسلام دەکات و خۆی وەک غەیرە موسڵمان نیشان دەدات بۆ ئەوەی خۆی لە دۆخێکی سەخت ڕزگار بکات. ئەمەش لە سورەتی “النحل”دا هاتووە و ڕێگە بە موسڵمانان دەدات کە ئەو کارە بکەن. ئێستا چەمکی تەقیە لە ئایین و ئیسلام تێپەڕیوە، بۆ شاردنەوەی مەبەستەکەی و بەشداریکردن لە پلانە شاراوەکانی تردا بەکاردێت. لە ئێستادا پەکەکە تەقیە لە دژی کورد و بەتایبەت هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات. بە واتایەکی تر “مەبەست جیاوازە و وشەکان جیاوازن”.

بەو پێیەی ئۆجەلان و پەکەکە لە ئێستادا لە قۆناغێکی قەیراناویدان، پێویستیان بە پشتیوانی بارزانییەکان هەیە ـ وەک هەمیشە ـ هەر بۆیەش بەدوای سیاسەتی تەقیەدا دەگەڕێن. ئۆجەلان بە ئاشکرا خواستی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆک بارزانی ڕادەگەیەنێت، لە هەمان کاتدا بە دەسەڵاتدارانی دەوڵەت دەڵێت “من ڕێگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکەم؛ دژی ئەوان دەجەنگم”. هەمان ئۆجەلان بۆخۆی دەڵێت، پێویستە نێچیرڤان بارزانی لە پرۆسە ڕاگیراوەکەدا ئەرکێکی هەبێت. هەروەها سواڵکەریش دەکات و دەڵێت “با لە حکومەتی هەرێمدا جێگایەکمان پێبدەن”. ئەمە ڕێک “تەقیە”یە. ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی کە لەژێر ناوی یەکڕیزی و یەکیەتیی نەتەوەییدا، دەکەوتەکانی باشووری کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو ببەن و هەڵیبوەشێننەوە.

ئەم سیاسەتەی تەقیە دەبێت هەڵبوەشێندرێتەوە. ئەگەر تەقیەی پەکەکە لەناوبچێت، دەوڵەتی تورکیاش لەناو دەچێت.

گەلی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی ئەوەن کە پەکەکە لە ڕاستای ئەو 4 خاڵەدا هەنگاو بنێت:

1- پێویستە ئۆجەلان بە ڕوونی بڵێت من کۆتاییم بە پلانی هەولێر هێناوە.

2-پێویستە پەکەکە ڕایبگەیەنێت کە ناوچە سەربازییەکەی خۆی بەناوی “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا”ی هەڵوەشاندۆتەوە.

3- پێویستە پەکەکە سەرجەم سەنگەرەکانی لەناو هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دەڤەری گارە، ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات. پێویستە پێشمەرگە ئارامی گشتی لەو ناوچانە بپارێزێت.

4- پێویستە گەریلاکانی باکووری پەکەکە ڕازی بن کە هەتا ئەو کاتەی ڕێککەوتنێک لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا پێکدێت، لە پێگە ناچالاکەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدا بمێننەوە.

ئەگەر پەکەکە ئەم چوار خاڵە جێبەجێ بکات، ئەوا دەڵێین کە ئێمە بە هەڵە پێشبینیمان کردووە و بە دەنگی بەرز ڕایدەگەیەنین کە پەکەکە تەقیەی نەکردوە. بەڵام ئەگەر پەکەکە پابەندی ئەو داواکاریانە نەبێت، ئەوا ئیدی حاشاهەڵنەگرە کەوا پەکەکە تەقیە دەکات.

Share

پوستێن ھەمان بەش