شرۆڤەیەک دەربارەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق

شرۆڤەیەک دەربارەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق

گرنگترین خاڵی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ئەوەیە کە پۆست و پلە موڵکی هیچ کەسێک نییە، بەڵکوو ئەرکێکە بۆ خزمەتکردنی وێنە گەورە نەتەوەییەکە.

سمکۆ عەبدولعەزیز

ناسنامەی نەتەوەیی تەنیا ئەو شتە نییە کە مرۆڤ بە شێوەیەکی سروشتی لەگەڵیدا لەدایک دەبێت، بەڵکوو ئەو پرۆسەیەیە کاتێک کە ئێمە دەست بە نووسینی چیرۆکی خۆمان وەک نەتەوەیەک دەکەین بۆ ئەوەی کە خۆمان بناسێنین، نەک بەوشێوەیە کە مرۆڤەکان بەپێی ئارەزووی خۆیان پێناسەمان بکەن.

نەتەوە تەنها بە کۆبوونەوەی ڕووداوەکان دروست نابێت، بەڵکو بە تێگەیشتن دروست دەبێت.

پەیامەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی، تەنها لێدوانێکی سیاسی نەبوو لەسەر بەدەستهێنانی پۆستێک، بەڵکوو سەرەتایەک بوو بۆ ئەو قۆناغە کە ئێمە تێیدا بڵێین: ئێمە بوونمان هەیە و خاوەن بڕیارین. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەبێت بە ئاشتیانە و بە متمانەوە لە قۆناغی گلەییکردنەوە دەربازی قۆناغی سەپاندنی هەبوونی خۆمان ببین.

لە دونیادا کەس ڕێز لەو کەسانە ناگرێت کە ڕێز لە خۆیان ناگرن.

تا دان بە گەورەیی خۆماندا نەنێین، ناتوانین چاوەڕێی ئەوە بین کە بەغدا دانمان پێدا بنێت. بۆیە سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا داوای لە بەغدا ناکات، بەڵکوو داوا لە ئێمەی کورد دەکات تا لەناو خۆماندا لەسەر ئەوە ڕێکبکەوین کە ئێمە دەمانهەوێت چۆناوچۆن دەرکەوین.

ئەمە بانگەوازێکە بۆ هۆشیاریی نەتەوەیی، بۆ ئەوەی بتوانین لەو دووبەرەکییە ڕزگارمان بێت کە وێنەی ئێمە لە چاوی خەڵکدا لاواز دەکات.

مەرج نیە کە هەموو کەس وەکوو یەک بیربکاتەوە، بەڵام دەبێ چیرۆکی نەتەوەیی ئێمە یەکێک بێت.

ئەم پەیامە بە بێدەنگی دەڵێت: هەر میللەتێک نەتوانێت بە یەکدەنگی باس لە خۆی بکات، دەبێتە بەشێکی بچووک لە گەمەی خەڵکی دیکەدا.

کاتێک حزبێک بەتەنها دەست بەسەر سیمبولە نەتەوەییەکاندا دەگرێت، مەترسی دروست دەبێت، چونکە ئەوکات دۆزی نەتەوەیی دەبێتە دۆزی حزبی و بچووک دەکرێتەوە.

بەڵام کاتێک دۆزەکە دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنی ڕاستەقینەی خۆی، کە خەڵکە، لەو کاتەدا ئیدی ڕێککەوتن و یەکگرتوویی لاوازی نییە، بەڵکو گەورەترین هێزە. هێزی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە بە زۆر خۆ بسەپێنی، بەڵکوو ئەوەیە کە هەمووان بە دڵسۆزی لەسەری کۆک بن.

کوردایەتی تەنها دروشمێک نیە بۆ کۆکردنەوەی خەڵک، بەڵکوو ئەو ژێرخانەیە کە دەبێ سیاسەتی لەسەر بنیات بنرێت.

کوردایەتی زمانی ناساندنی ئێمەیە لە جیهاندا. کاتێک دەزانین کێین و چیمان دەوێت، دونیا ناچارە وەکوو خۆمان و وەکوو ئەوەی کە هەین تەعاموڵمان لەگەڵدا بکات، نەک وەکوو ئەوەی کە ئەوان دەیانهەوێت.

گرنگترین خاڵی ئەم پەیامەی سەرۆک بارزانی ئەوەیە کە فێرمان دەکات: پۆست و پلە موڵکی هیچ کەسێک نییە، بەڵکوو ئەرکێکە بۆ خزمەتکردنی وێنە گەورە نەتەوەییەکە.

ناکۆکییەکان تەنیا دەبێ جیاوازی بیروڕا بن لەناو بنەماڵەی کورددا، نەوەک شەڕ بێت لەسەر ڕفاندنی موڵک و ماڵ.

بە کورتی ئەم دەقە گواستنەوەیە لە پێگەیشتنی سیاسییەوە بۆ پێگەیشتنی نەتەوەیی. فێرمان دەکات کە ئیدی بەسە ئێمە هەر خۆمان وەک قوربانی بناسێنین، کاتی ئەوە هاتووە خۆمان وەک مرۆڤی خاوەن بڕیار و ئیرادە بناسێنین.

بەهای ئەم وتارە لەوەدا زیاتر دەردەکەوێت کە دەڵێت:

وەرن با لە کرداردا نیشان بدەین کێین، پێش ئەوەی تەنها داوای مافەکانمان بکەین.

وەرن با مەرجەکانی خۆمان دروست بکەین، پاشان بە هێمنی ئەو مەرجانە بکەین بە بەشێک لە واقیعی سیاسی.

ئەمە ئەو داڕشتنەیە کە خزمەت بە تێگەیشتنی کوردی دەکات، زمانێک کە لە کاردانەوە ڕزگارمان دەکات و دەمانکاتە شوناسێکی سەربەخۆ.

Share

پوستێن ھەمان بەش