خوێندنەوەیەکی بنەڕەتی بۆ ئایندەی دۆزی کورد

خوێندنەوەیەکی بنەڕەتی بۆ ئایندەی دۆزی کورد

تاکە هیوا بۆ ئایندە ئەو ئاراستەیە کە ئامانجی بنیاتنانی سەروەرییە، نەک وازهێنان لە سەروەری یان تەسلیمبوون بە چارەنووسی دەوڵەتانی داگیرکەر.

سمکۆ عەبدولعەزیز

ئەمڕۆکە پرسی کورد لە قەبارەی ململانێی نەتەوەیی نەریتی تێپەڕیوە و چووەتە ناو تۆڕێکی ئاڵۆزی ئابووری سیاسی نێودەوڵەتی و پێوەرەکانی شەرعیەتی یاسایی و سیستەمی دانپێدانانی دامەزراوەییەوە.

لە دونیای هاوچەرخدا مەرجی سەرەکی دانپێدانان بە هەر قەوارەیەکی سیاسیدا، گواستنەوەیە لە لۆژیکی شوناسەوە بۆ لۆژیکی کاریگەریی دامەزراوەیی.

لەم هاوکێشەیەدا دامەزراوە داراییە جیهانییەکان ـ وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) ـ تەنیا دامەزراوەی تەکنیکی نین، بەڵکوو بۆخۆیان بڕیاردەری شەرعیەتن.

ئەم دامەزراوانە سنوورێک لە نێوان ئەو لایەنانەدا دادەڕێژن کە دەتوانرێت ئیدارە بکرێن و ئەوانەی کە وەک سەرچاوەی مەترسی سەیر دەکرێن.

بەم شێوەیە ڕۆڵیان تەنها وەسفکردنی ڕاستییەکان نییە، بەڵکوو سەپاندنی مەرجەکانی سەقامگیری و حوکمڕانی و دیسیپلینی داراییە، کە دەبێتە هۆی دروستکردنی ڕیالیزم و واقیعبینی.

دۆزی کورد لە چەقی ئەم ئاڵۆزییە بنەڕەتییەدایە.

گەلێکی خاوەن ناسنامە و مێژوو و خاک و یادەوەرییەکی هاوبەشن، بەڵام سەروەری یاسایی و ئابوورییان نییە کە بتوانن وەك ئەکتەرێکی سەربەخۆ لەسەر مێزی نێودەوڵەتی ڕۆڵ بگێڕن.

بۆیە کورد لەبری ئەوەی ببێتە خوەن نوێنەرایەتییەکی سیاسی ڕاستەوخۆ، زۆرجار وەک کارتێکی ئەمنی و سیاسی لەلایەن دەوڵەتانی دیکەوە یاریی پێدەکرێت.

بۆیە پرسی ئاراستەی سیاسی کورد پرسیارێکی چارەنووسسازە. نەک تەنها وەک هەڵبژاردنێکی ئایدیۆلۆژی، بەڵکوو وەک ستراتژییەک بۆ جێگرتن لەسەر نەخشەی جیهاندا.

لێرەدا سێ ئاراستەی جیاواز دەردەکەون:

یەکەم: ئاراستەی بنیاتنانی کیانێکی دامەزراوەیی

ئەم ئاراستەیە کە بە کردەوە لە پرۆژەی مەسعود بارزانی ڕێبەری گەلی کورد لە هەرێمی کوردستاندا بەرجەستە دەبێت، لەوەوە دەست پێدەکات کە دەوڵەت ـ سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکانی ـ تاکە ئامرازێکە کە سیستەمی نێودەوڵەتی وەک هەڵگری سەروەری یاسایی دانی پێدا ناوە.

ئەم ڕێبازە هەوڵ دەدات شوناس بە دامەزراوەیی بکات و مێژوو بکاتە یاسا و بیردانک بکاتە سیاسەتی گشتی.

ئامانج لێی گواستنەوەی دۆزی کوردە لە قۆناغی ناڕازیبوونەوە بۆ قۆناغی بنیاتنانی بەرە ـ بەرەی کاریگەریی سیاسی.

دووەم: ئاراستەی ڕەخنەگرتن لە دەوڵەت

ئەم ئاراستەیە کە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزرێنەری پەکەکەوە پەرەی پێدەدرێت، ڕەخنە لە چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی دەگرێت و دیموکراسی کۆمەڵایەتیی بێسنوور وەکوو جێگرەوە پێشنیار دەکات.

ئەگەرچی ئەم ڕوانگەیە بەهایەکی فیکری و ئەخلاقیی هەیە، بەڵام لە پراکتیکدا ناتوانێ جێگرەوەیەکی ئدامەزراوەیی دروست بکات کەوا ببێتە سەرچاوەی ڕەوایەتی یاسایی یان ئابووری بۆ نەتەوەی کورد.

بەم شێوەیە کورد لە دۆخێکی بەیناوبەینی (نە دەوڵەت، نە دانپێدانان، نە پاراستن)دا دەمێنێتەوە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا درێژەپێدەری دۆخی نەبوونی کارەکتەری سیاسییە.

سێهەم: ئاراستەی بەڕێوەبردنی مافەکان

ئەم ئاڕاستەیە، کە لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە)ـەوە نوێنەرایەتیی دەکرێت، کار بۆ بەدەستهێنانی مافەکان دەکات، بەڵام لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا.

هەرچەند ئەمە ڕەنگە ئاشتییەکی کاتیی بهێنێتە ئاراوە، بەڵام ئاسۆی دۆزی کورد بەرتەسک و لێڵ دەکات و ئایندە دەکاتە قوربانیی هاوسەنگییە ناوخۆییەکانی عێراق.

لێرەدا مافەکان دەبنە بابەتی مامەڵە و بەبازاڕکردن نەوەک بنەمای سەروەرییەکی مسۆگەر.

هەقێقەتی ئابووری/سیاسی

بەپێی پێوەرەکانی ئابووری سیاسی جیهانی خەڵات بۆ دادپەروەرانەترین گوتار نییە، بەڵکو بۆ ئەو کیانەیە کە بە باشترین شێوە تەعاموڵی لەگەڵدا دەکرێت.

دانپێدانان بە ئەخلاقیترینەکان ناکرێت، بەڵکوو بە سەقامگیرترینەکان دەکرێت.

تەنیا ئەم ئاراستەیە دەتوانێت دۆزی کورد لە کەیسێکەوە بۆ ئەکتەرێکی فەرمی بگۆڕێت کە کار بۆ بنیاتنانی دامەزراوەی خاوەن سەروەری دەکات تا بتوانێت دیسیپلینی ئابووری و پێشبینیکردنی سیاسی دابین بکات.

ئەگەرچی ئەم ڕێبازە بێ باج و سەختی نییە، بەڵام تاکە ڕێگایە کە لەگەڵ واقیعی جیهاندا (وەک ئەوەی کە هەیە، نەک وەک ئەوەی کە ئێمە دەمانهەوێت)، دەگونجێت.

دەرەنجام

لەسەر بنەمای ئەم شیکارییە بنەڕەتییە، ئایندەی دۆزی کورد لە بواری جوگرافی یان بە گوتاری حەماسی یەکلایی ناکرێتەوە، بەڵکوو لە توانای دروستکردنی قەوارەیەکی سیاسی-ئابووریی تەواودا دیاری دەکرێت.

لە هەر سێ مۆدێلەکە، ڕوونە کە پڕۆژەی مەسعود بارزانی، ڕێبەری کورد، تاکە ڕێبازە کە پەیڕەوی لە لۆژیکی سیستەمی جیهانی دەکات.

ئەم پرۆژەیە دەرگا بەرەو کیانێکی کوردی دەکاتەوە. چونکە ئەم پڕۆژەیە کار لەسەر بنیاتنانی سەروەری قابیلی دانپێداناندا دەکات و دۆزی کورد لە کەیسەوە بۆ دامەزراوەیی دەگۆڕێت.

لە لایەکی ترەوە پڕۆژەکەی ئۆجەلان چەمکی کیانی سیاسی هەڵدەوەشێنێتەوە و بێدەوڵەتی دووبارە دەکاتەوە.

پڕۆژەکەی تاڵەبانیش تەنها بۆ ڕازیبوونە بە بەڕێوەبردنی دۆخەکە لە ژێر سایەی دەوڵەتێکی تردا.

بۆیە تاکە هیوا بۆ ئایندە ئەو ئاراستەیە کە ئامانجی بنیاتنانی سەروەرییە، نەک دەربازبوون لە سەروەری یان تەسلیمبوون بە چارەنووسی دەوڵەتانی داگیرکەر.

ئەمە حەزێکی ئیدئۆلۆژیک نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی خوێندنەوەیەکی واقیعییە بۆ مەرجەکانی مانەوە لە سیستەمی جیهانیدا.

Share

پوستێن ھەمان بەش