ئەو پرسیارەی کە دەبێت بکرێت: ئایا عەبدوڵڵا ئۆجەلان سیخوڕە؟

ئەو پرسیارەی کە دەبێت بکرێت: ئایا عەبدوڵڵا ئۆجەلان سیخوڕە؟

ئۆجەلان لە سیخوڕێک زیاتر زیانی بە کورد گەیاندووە، پرسی ئۆجەلان پرسی تاکەکەسێک نییە، بەڵکو پرسی فۆرمێکی ڕەهای تەسلیمبوونە.

لەگەڵ هەڵوەشانەوەی پەکەکە لە 7ی ئایاردا، پێویستە مێژووی ئەم دواییەی کورد، سەرلەنوێ شرۆڤە بکرێتەوە. بەتایبەت لە باکووری کوردستان مێژووی ئەم دواییەی کورد بەهۆی ئێش و ئازار، مەرگ و چەوسانەوە و ستەم، بە تەم و مژێک داپۆشراوە و هەر بۆیەش نڕوونە و نابیندرێت. مێژووی ئەم دواییانەی باکوری کووردستان، بە هۆی پڕوپاگەندە و حەماسەتەوە بە ڕاستی و بە دروستی نازانرێت.

لە باکووری کوردستان دۆخێکی وەها خوڵقاوە، کە هێنانەئارای هەندێ پرسیار و نیقاش و گفتوگۆکردن دەربارەی شتی نوێ بە “خیانەت” دادەنرێت. پرسیاری ئەوەی کە “ئایا عەبدوڵا ئۆجەلان سیخوڕە یان نا؟” یەکێک لەو بابەتە قەدەغەکراوانەیە.

ئۆجەلان لە ساڵانی 1980 بەملاوە، وردە وردە بووەتە ڕێبەرێکی دەستبۆنەبراو، بێ هەڤاڵ و شەریک، کە هەموو شتێک دەزانێت. پیرۆز کرا، بەڵام واقیعی سیاسی پیرۆزایەتی ناناسێت. ئەگەر پراکتیک و دەرئەنجام و ڕۆڵی مێژوویی سەرکردەیەک بە بەردەوامی دژ بە بەرژەوەندیی گەل بێت، ئەم پرسیارە نەک هەر ڕەوا بەڵکو پێویست و گرنگیشە.

ئەوانەی کە لە ناو پەکەکەدا ڕەخنەیان لە ئۆجەلان دەگرت، بە خائین و تەسفیەکار ناوزەد دەکران و ئەوانەش کە لە دەرەوەی پەکەکە ڕەخنەیان لە ئۆجەلان دەگرت بە سیخوڕ یان کەسانی سەر بە دەوڵەتی تورک ناوزەد دەکران. بەڵام ئەمڕۆکە، لە ڕای گشتیی کوردستاندا، ئەو گومانە زیاتر و زیاتر بەرجەستە دەبێت: بەردەوامییەک هەیە کەوا ڕاڤەکردنی زەحمەتە، بەرگرییەکی سەیروسەمەرە هەیە و زنجیرەیەک ئەنجام کە لە هەر قۆناخێکی گرینگدا لە دژی کورد کار دەکات. لە چەق و ناوەندی ئەو زنجیرەیەشدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوونی هەیە. ئایا ئەمە ئاساییە؟ ئایا ئۆجەلان هەر لەسەرەتاوە “کەسێک بووە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئاراستە کراوە؟”

دوای پەیامەکەی ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025دا و دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، پێویستە ئەرک و ڕۆڵی ئۆجەلان لە پرۆژەکاندا زۆر زیاتر و وردتر بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

ئایا بەڕاستی ئۆجەلان سیخوڕ بوو؟

با مێژووی ڕووداوەکان، ڕاستییەکان و ئەو پرۆسانەی کە بنەمای ئەم پرسیارە پێکدەهێنن، لە 3 قۆناغی سەرەکیدا بەکورتی باس بکەین:

ساڵانی 1970: لەدایکبوونی کەسایەتییەکی دەست لێنەدراو

لە ساڵانی 1970دا تورکیا بۆ بزاڤە کوردستانییەکان و چەپگەراکان، کوشتارگە بوو. کادیرەکان دەکوژران، ڕێکخراوەکان سەرکوت دەکران، سەرکردەکانیان یان دەکوژران یانیش بۆ ساڵانێکی زۆر زیندانی دەکران. بەڵام سەرهەڵدانی ئۆجەلان لەم قۆناغە زۆر ئاڵۆزەدا بە ئاسانییەکی بەرچاو و “بەبێ کێشە” ڕوویدا. ئۆجەلان لە تەمەنی گەنجیدا لەگەڵ دامەزراوە ناسیونالیستیەکانی تورکیا کاری دەکرد. ناوبراو بە هۆی بەشداریکردن لە ڕێپێوانی بزووتنەوە چەپگراکاندا، دەستبەسەر کرا، بەڵام بە فەرمانی دەوڵەتی تورک ئازاد کرا.

هاوسەرگیری لەگەڵ کچی بەرپرسێکی MIT (دەزگای هەواڵگریی تورکیا) کرد و لەگەل کەسێک بە ناوی پیلۆت (نەجاتی کایا) هاوڕێیەتی دەکرد کە بە فەرمی کاری بۆ “میت” (MIT) دەکرد. لە بارودۆخێکی زۆر مەترسیداردا، بەبێ ئەوەی بە هاوڕێکانی بڵێت، بە تەنیا خۆی و بە دزیکی ئەوانەوە، ڕۆیشتە سووریا و خۆی دەرباز کرد… لەناو ئەم هەموو ئاڵۆزییانەدا، دەربازبوون و پەڕینەوەیەکی وەها بێ گرفت و ئاسان، زۆر سەرنجڕاکێش بوو…

لەم پوختەیەدا ئەم پرسیارانەی خوارەوە ڕەوایە: بۆچی دەوڵەتی تورک لەبری ئەوەی هەر لە سەرەتاوە سەرۆکی بزاڤێکی چەکدارانەی کوردی لەناو ببات، ڕێگەی پێدا کە گەشە بکات و گەورە ببێت؟ ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە کە دەوڵەتەکان هەمیشە بژاردە بەسوودەکان هەڵدەبژێرن نەوەک بژاردە هەرە مەترسیدارەکان. ئۆجەلان هەوڵێکی تایبەتی دا بۆ ئەوەی خۆی وەک ڕێبەرێکی ژیر پیشان بدات کە گۆیا “دەوڵەتی بۆ دامەزراندنی بزاڤێکی شۆڕشگێڕانە بەکارهێناوە”. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، چەندین لایەنی جیاواز لە پەیوەندی نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیا ئاشکرابوون.

ساڵانی 1980: دەستێکی شاراوە ئۆجەلان دەپارێزێت

لە ساڵانی 1980دا دەوڵەتی تورک دەستی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سەرجەم بزووتنەوە سیاسییەکانی تورکیا کرد. ئەو کەسایەتییانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا نەبوون، نەک تەنیا لە ڕێکخراوە چەپگراکان، بەڵکوو لە ڕێکخراوە ڕاستڕەوەکانیشدا لەناو بران. دەوڵەتی تورک تەنیا “کەسە کۆنتڕۆڵکراوە بێ زیانەکان”ی هێشتنەوە.

هەموو کادیرە پێشەنگەکانی ڕێکخراوی “ئاسالا”ی ئەرمەنییەکان لە هێرشەکانی دەرەوەی وڵاتدا کوژران. بەڵام ئەم پلاننانەی سەرلەنوێ داڕشتنەوەیەی ساڵانی 1980، هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ئۆجەلان نەبوو. بەڵکوو لە هەمان کاتدا بە ئاسانی و تەنها لەگەڵ کەسێک یان دوو کەسدا و بەبێ پاراستن، دەیتوانی لە نێوان لوبنان و دیمەشقدا گەشت بکات. لە ڕاستیدا لە ساڵی 1987 بەملاوە، ئۆجەلان لە ناو ئاپارتمانێکدا دەژیا کە هاوکات کە بەرپرسێکی باڵای سەربازیی دەوڵەتی تورکی تێدا دەژیا.

جگە لەوەش ئەوانەی دەیانتوانی ڕێگری لە پێگەی ئۆجەلان بکەن بۆ ئەوەی نەتوانێ وەک ڕێبەری تاقانە بێ مشتومڕی پەکەکە خۆی بسەپێنێت، لەو قۆناخەدا یەک بە یەک بە شێوەیەکی سیستماتیک لەناوبران. هەرچەندە هەندێکیان لەلایەن خودی ئۆجەلانەوە کوژران، بەڵام دەوڵەتی تورکیش کەسایەتییە بەهێزەکانی وەک مەزڵووم دۆغان، خەیری دورموش و کەمال پیری لەناوبرد. ئەم کەسایەتیانە ئۆجەلانیان وەک “هەڤاڵ عەلی” دەبینی و هاوشێوەی هەموو ئەندامانی دیکە، تەنها وەک “ئەندامێکی حیزبەکە” قبووڵیان بوو، نە زیاتر.

لەڕاستیدا ساڵانی 1980، ئەو قۆناغە بوو کە سەرۆکبوونی ئۆجەلان لە کورکبوون تێپەڕی و هێدی هێدی گەورە بوو.

ساڵانی 1990: ئەو سەرۆکەی کە نابێ تەسفیەبکرێت

ساڵانی 1990 ئەو قۆناغە بوو کە دەوڵەتی تورک دڕندەترین میتۆدەکانی خۆی لە دژی بزووتنەوە و گەلی کورد بەکارهێنا. گوندەکان سووتێنران، سیاسەتمەداران لەسێدارەدران، ڕۆژنامەنووسان بێسەروشوێن کران. سەرەڕای ئەمەش ئۆجەلان توانی بۆ ماوەی ساڵانێک بە ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەشت بکات. ساڵانێک لە نێوان بەیروت و دیمەشق و حەلەب و لازقیە بەبێ ئەوەی هەرگیز چەک هەڵبگرێت و بە تەنها خۆی لەگەڵ شۆفێرەکەیدا گەشتی دەکرد.

ئەم تابلۆیە، پەیوەندیی ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا هێندەی دیکە گوماناویتر دەکات و تیشک دەخاتە سەر ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی کە نێوانیاندا هەیە: سەرۆکێک کە لە چوارچێوەی هەندێک سنووری دیاریکراودا وەک بەسوود سەیر دەکرێت، کۆنترۆڵ دەکرێت و بەڕێوەدەبرێت.

هەتا ئەم ساڵانەی دوایی، کورد زۆر شتی لەبارەی ئۆجەلانەوە نەدەزانی. لەبری ئاپۆ، ناوەکانی وەک مەهمەت شەنەر، ساکینە جانسز، مەزڵووم دۆغان ناسراو بوون کە لە زیندانی “ئامەد”دا بەرخۆدانیان کردبوو. دەوڵەت لە ساڵانی 1990دا ئەم دۆخەی گۆڕی. میدیاکانی تورکیا ڕۆژانە وێنەی ئۆجەلانیان بڵاودەکردەوە. هەمیشە وەک کەسێک وێنایان دەکرد کە دەوڵەتی تورک دەیهەوێت بیکووژێت، هەمیشە دەیانگوت “ئێمە دەیکوژین”.

لێرەدا، دەبێ ڕاوەستەیەک بکەین و بیر لەوە بکەینەوە: ئەگەر ئۆجەلان “دوژمنێکی ڕەها”ی دەوڵەت بوو، بۆچی نەیانکوشت؟ دەوڵەتی تورک کەوا بەبێ دوودڵی دەیان سیاسەتمەداری کوردی کوشتووە بۆچی کەسایەتییە باڵاکانی تەڤگەری پەکەکە هەمیشە بە زیندووی ماونەتەوە؟ بۆچی لە ساڵی 1996دا، ئۆجەلان لەلایەن بریکارێکی دەوڵەتی تورکەوە سەبارەت بە هەوڵێکی پلانداڕێژراو بۆ تیرۆرکردنی ئاگادارکرایەوە؟ لەو سەردەمەدا دەوڵەت و بەتایبەت چەپگەراکانی تورکیا ڕۆڵێکی زۆر کاریگەریان دەگێڕا. لە لایەکی دیکەوە لە میدیاکانی خۆیاندا ئۆجالانیان وەک “سەرۆک” پێشکەش بە کۆمەڵگە کرد. هەروەها ئەوان بەردەوامیی بێ پچڕانی پەیوەندییەکەی ئۆجەلانیان لەگەڵ دەوڵەتدا مسۆگەر کرد و ئەو پەیوەندییەیان وەک “دانوستانێکی ڕۆشنبیری”ی ئاسایی پیشاندا.

لە ساڵانی 1990دا، ئۆجەلان وردە وردە ئامانجە نەتەوەییەکانی کوردی بەرەو نەرمبوونەوەیەک برد و سنووری هێڵە سوورەکانی دەوڵەتی تورکی تێنەپەڕاند و دژایەتیی نەکرد. ئەو کەسانەی کە بە خولیای دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردییەوە دەڕۆیشتن، ئۆجەلان لە ڕێگەی چەمکەکانی وەک خۆشەویستی، ژن، ژیانی کۆمەڵایەتی، پەیوەندیی ئازاد و ژن وەک خوداوەند و هتد… بە جۆرێک دەیپەرتاوتن.

سەردەمی ئیمرالی: سەرۆکایەتییەکی بێ داخوازی

گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ ئیمرالی و ئەوانەی دواتر ڕوویاندا، زۆر سەرنجڕاکێشن. شەڕی باکووری کوردستان لە ڕاستیدا لە ساڵی 1999دا تێکشکا. دەوڵەتی تورک ئەگەر بیویستایە دەیتوانی بە ئاسانی پەکەکە لەناو ببات. بەڵام نەک هەر ئۆجەلان و پەکەکەی لەناونەبرد، بەڵکوو بە پێچەوانەشەوە، ئۆجەلان سەرلەنوێ لەلایەن دەوڵەتەوە دروستکرایەوە. دەوڵەتی تورک سەرلەنوێ ئۆجەلانی خوڵقاند و ئۆجەلانیش سەرلەنوێ پەکەکەی دروست کردەوە و پەکەکەش ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی باکووری لە سەر بنەمای ئەو بێ ئامانجییە، سەرلەنوێ دروست کردەوە.

لەم دۆخی سەرلەنوێ خوڵقاندنە بەردەوامەدا، ئیتر “نەسەربەخۆیی، نە ستاتۆیەکی بەرجەستە و نە دەستکەوتی سیاسی” هیچیان بوونیان نەما و هەموو شتێک بە پیلان دواخرا و ئاڵۆز کرا و لە کۆتاییدا پووچ کرا و لەناوبرا. لە شەڕەکاندا تێکشکان ڕوودەدەن، پاشەکشە و کشانەوەش ئاساییە کە بکرێت، بەڵام دۆخی پەکەکە لە ئەنجامی شکستهێنان لە شەرەکاندا نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە بەتاڵکردنەوەی خەبات لە “ناوەڕۆک”ـەکەیەوە هەیە. گەورەترین “داخوازە نەتەوەییەکانی کورد” لە باکوور بوونەتە وێرانە. لەوەش گرنگتر، چۆن دەتوانی ئەوە ڕاڤە بکەین کە کورد لە ناو ئەو بادانەوەیەی ئۆجەلاندا کە  هیچ داخوازییەکی نیە، ئازادی خۆیان لەگەڵ ئازادی ئەودا بە هاوبەش دەزانن؟

با بگەڕێینەوە بۆ سەردێڕی دەقەکە و هەمان پرسیار بکەین: “ئایا ئۆجالان سیخوڕە؟”

ئەوانەی لە سەردەم و قۆناغەکانی ئەم مێژووە تێدەگەن، چیتر ئەم پرسیارە ناکەن، بەڵکوو ئەم لێکدانەوەیە پێشکەش دەکەن: “ئۆجەلان لە سیخوڕێک زیاتر زیانی بە کورد گەیاندووە”. بۆیە لە واقیعدا مشتومڕ لەسەر ئەوەی کە ئایا ئۆجەلان سیخوڕە یان نا، شتێکی زەحمەت نیە، چونکە پرسی ئۆجەلان پرسی تاکەکەسێک نییە، بەڵکو پرسی سەردەمێکە، پرسی ڕێبازێکە، پرسی ڕەگەزێکی بەردەوام یان فۆرمێکی ڕەهای تەسلیمبوونە.

Share

پوستێن ھەمان بەش