نە لەیلا زانا شەخسێکە و نە سووکایەتییەکانیش شەخسی بوون: سووکایەتییەکە بە نەتەوەی کورد کرا

ئەوە توڕەیییەکی کاتی نەبوو… و قەتیش هەڵچوون و تووڕەیی گرووپێک نەبوو…

لە کاتی یاریی بورساسپۆر و سۆماسپۆردا، لە ناو یاریگاکەدا سووکایەتی و قسەی ناشرین بە لەیلا زانا کرا. دوای ئەم سووکایەتییە، هەموو کەس، هەر لە پەرلەمانتارانی کوردی ناو ئاکەپەوە بگرە هەتا پەرلەمانتارانی مەهەپە، ئەو ڕووداوەیان شەرمەزار کرد. تەنانەت مەرال ئاکشەنەریش، کە یەکێکە لە کەسایەتییە نەتەوەپەرستەکانی سیاسەتی تورکیا، چووە پال لەیلا زانا و وتی کە من “پشتیوانیی لێدەکەم”…

بەڵام ئەم زمانە تازە نەبوو…

ئەم عەقڵیەتەش تازە نەبوو…

ئەم سووکایەتییە تەنها لەسەر لەیلا زانا نەبوو…

ئەو سووکایەتیی و بێحورمەتییانە بە ناسنامەی کورد کران.

ناوی لەیلا زانا لێرەدا هێمایەکە. ئەو لەیلا زانایەیە کەوا لە پەرلەمانی تورکیادا بە زمانی کوردی سوێندی خواردووە و بووەتە ڕەمزی قسەکردن بە زمانی کوردی و سیاسەتکردن بە شوناسی کوردییەوە. بەهۆی ئەم ڕاستییانەی زاناوە، بە سووکایەتیکردن بەو، پەیامێک بۆ کورد نێردرا…

ئەم عەقڵیەتە، عەقڵیەتی کۆمەڵێک هاندەری تۆپی پێ یان گرووپێکی سیاسی ناو حزبێک نییە کە دژی پڕۆسەی ئاشتی بن؛ ئەمە ئەو عەقڵیەتەیە کە کۆماری تورکیا 100 ساڵە لە دژی کورد پراکتیزەی دەکات.

ئێستا ئەو سیاسەتمەدارە تورکانەی کە ئیدانەی ئەو بێڕێزییەی بەرامبەر لەیلا زانا دەکەن، ئەگەر پرۆسەی بەناو “چارەسەری” لەئارادا نەبووایە، دەنگیان لێوە نەدەهات، چونکە ئەو لایەنانە هەرگیز دژایەتی کوشتنی کوردیان نەکردووە.

ئەوان لایەنگر نین، ئەوان بەرپرسیاری ئەو عەقڵیەتەن کە ئینکاری کورد دەکات.

بەداخەوە بەشێک لە لایەنە کوردییەکان، هەوڵدەدەن لە پێناو پڕۆسەی ئاشتیدا، کێشەکە نەرم بکەنەوە و هاوشیوەی سیاسەتوانانی تورک، ڕووی ڕاستەقینەی بابەتەکە ئاشکرا ناکەن.

بۆ نموونە دەم پارتی کە ئیدیعای نوێنەرایەتیکردنی کوردانی باکووری کوردستان دەکات، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە بەڵام نەیوێرا بڵێ “ئەوە هێرشێک بوو کە دژ بە نەتەوەی کورد ئەنجامدرا”، ئەوان تەنانەت ئامادەنەبوون کە وشەی “کورد”یش بەکار بهێنن.

بە هەمان شێوە، تەڤگەری ژنانی پەکەکە (KJB)، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕووداوەکەی بە هێرشکردنە سەر ژنان وەسف کرد. تەڤگەرەکانی دیکەی ژنانی سەر بەوانیش، لێدوانی هاوشێوەیان بڵاوکردەوە. ئەوان هەوڵیان دا تا مەسەلەکە وەک کێشەیەکی فێمینیستی وێنا بکەن.

نەخێر، ئەمە نە کیشەی ژنانە و نە کێشەیەکی وەرزشیشە؛ ئەوە هێرشێکە بۆ سەر بەهاکانی نەتەوەی کورد.

هەروەها لە 23ی جووتمانگیشدا لایەنگرانی یانەی فەنەرباخچە سووکایەتییان بە یاریزانی کورد دەنیز ئونداڤ کرد، تەنها لەبەر ئەوەی کە کورد بوو. ئەوکاتیش دەم پارتی بێدەنگ بوو. ئەگەر ئەوکات دەنگیان بەرز بکردایەتەوە و گوتبایان ئەمە سوکایەتییە بە کورد، دەوڵەتی تورک دەترسا و هیچ سووکایەتییەک بە لەیلا زاناش نەدەکرا.

ئەگەر دەم پارتی بە ڕوونی ئەو سووکایەتییە سیستماتیکانەی کە بەرامبەر بە لەیلا زانا کراون وەک سووکایەتی بە هەموو کورد دەستنیشان نەکات و هەڵوێستیی جیددی لە دژی نەبێت، سبەی ـ دووسبەی ناتوانێت ڕێگری لە هێرشەکانی دیکە بکات. بۆ ئەوەی پرۆسەکە پەک نەخرێت، نابێت چاومان لە سەر ئەم هێرشانە دابخەین. بۆ ئەمەش دەبێت ئەم دوژمنایەتییە بەرامبەر بە کورد ئاشکرا بکرێت و بێگومان دەبێت ڕێگەی یاسایی پەیڕەو بکرێت.

کورد دەبێت لە فیفا سکاڵا تۆمار بکات بۆ ئەوەی ئەو یانانە لەسەر ئەو لێدوانە “ڕەگەزپەرستی و دژە کورد”ـانەیە سزا بدرێن. هەروەها بەرهەمەکانی ئولوداگ کە سپۆنسەری بورساسپۆرە، دەبێت بایکۆت بکرێت.

Share

پوستێن ھەمان بەش