ئەوەی لە ڕۆژئاڤادا ڕوویدا دەریخست؛ ڕێبەری کورد کێیە؟

ڕووداوەکانی ڕۆژئاڤا کە بچووکترین بەشی کوردستانە، لە ڕێکەوتی 7 هەتا 30 ژانیڤەری، چەندین پرسیاریان لە مێشکی کورددا هێناوەتە ئاراوە و زۆر ڕاستییان ئاشکرا کردووە. ئەو 23 ڕۆژە شتگەلێکی ئاشکرا کرد کە بۆ ماوەی 26 ساڵ شاراوە بوون. ئێستا کورد دەپرسێت: عەبدوڵڵا ئۆجەلان کێیە و ئامانجی چییە؟ ئایا بیرۆکەکانی ئۆجەلان نوێنەرایەتی هەقێقەتی کورد دەکەن؟

کوردان دیتیان کە کاتێک کورد و کوردستان تووشی کێشە دەبن، کێ پێشەنگ و ڕێبەر دەبێت.

ڕۆژئاڤا لەم شەڕە 23 ڕۆژەدا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. بە ڕێککەوتنی 30ی ژانیڤەری کە لە نێوان هەسەدە و سووریا واژۆ کرا، بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا 42٪ی خاکی خۆی لەدەستدا. دەکرێ بگوترێ هەموو بیرە نەوتەکانی لەدەستدا. ڕژێمی سووریا دەچێتە ناو شارەکانی کوردستانەوە. تاکە لایەنی ئەرێنی ڕێککەوتنەکە ئەوەیە کە نەیهێشت شەڕەکە بگاتە شارە کوردنشینەکانی وەک قامیشلۆ و دێرک و عاموودا و بەمەش خەڵکی لە کۆمەڵکوژیی ڕزگار کرد. بە واتایەکی تر لە ڕۆژئاڤا مەرگ نیشانی کورد درا بۆ ئەوەی بە نەخۆشی ستەم ڕازی بێت.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەو پیڤاژۆیەی کەوا ڕۆژئاڤای لە کۆمەڵکوژیی ڕزگار کرد و کاتی بۆ بەڕیوەبەریی ڕۆژئاڤا بەدەستهێنا، یەکگرتوویی گەلی کورد بوو. نەتەوەی کورد شان بە شانی یەکتر، سەنگەری پاراستنی بەدەوری ڕۆژئاڤادا دروست کرد. بەتایبەتی باشووری کوردستان بەردی بناغەی ئەم سەنگەر و قەڵخانە بوو. بێگومان هەڵوێستی سەرۆک بارزانی لە دژی هەوڵەکان بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاڤا، هێزی مەعنەوی ـ مۆراڵی پشت کورد بوو بۆ ئەوەی کە بتوانن ئەو سەنگەر و قەڵخانە دروست بکەن. نەک هەر لە ڕووی مەحنەوییەوە، سەرۆک بارزانی بە هەوڵی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری و هاوکاری گشتییش ڕێگریی لە پەلاماردانی ڕۆژئاڤا کرد. بەم شێوەیە هەموو ئەو لیدوان و دەستەواژانەی کە پەکەکە لە ساڵانی 1990 بەملاوە لە دژی بارزانییەکان بەکاریان دەهێنێت، لە چاوی خەڵکدا فڕێدرانە ناو زبلدانی مێژووەوە.

لە ئێستادا کورد بۆخۆی گومانی لە ئەرکی عەبدوڵڵا ئۆجالان و ڕێکخراوەکەی هەیە و لێیان بە شکن. ئۆجەلان کە ساڵانێکە وەک “بەندکراوێک لە دەستی دەوڵەتی تورکدایە”، دەناسرێت و بەو هۆیەشەوە لە ڕووی سۆزدارییەوە لەلایەن خەڵکەوە پاڵپشتی دەکرێت، ئیدی ئۆجەلان لە چاوی ڕای گشتیی کورد کۆتایی هاتووە. ئەوە ڕوون بووەتەوە کە ڕۆڵی ئۆجەلان لە ڕۆڵی حەسەن خەیریش خراپترە کە لە دانوستانەکانی لۆزاندا کوردی لە ژێر ڕەحمەتی تورکیادا جێهێشت. خەونە ئایدیۆلۆژییەکانی ئۆجەلان لە واقیعی سیاسیدا وەکوو بڵقێک تەقیەوە و دەستکەوتە سەربازییەکانیشی لەناوبرد.

تێکچوونی ئەرکی ڕێبەرتی ـ بوتپەرەستیی ئۆجەلان لە نێو گەلی کورددا، لە هەمووان زیاتر دەوڵەتی تورکی ترساندووە. چونکە تورکیا لە ڕێگەی ئۆجەلانەوە کورد کۆنتڕۆڵ دەکات. ئێستا باخچەلی لە پێناو پاراستنی ناوبانگی ئۆجەلاندا کەوتوەتە هەوڵدان و هەڕەشە لەو کوردانە دەکات کە گوێڕایەڵی ئۆجەلان نابن. دەوڵەتی تورک کە لە خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیکردن لە ڕۆژئاڤا، بە شێوەیەکی دڕندانە خەڵکی باکووری کوردستان ئەشکەنجە دەدات، دوای واژۆکردنی ڕێکەوتننامەکە، ئیزن بە خۆپیشاندان دەدات. واتە، لە تورکیا وشەی “بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاڤا” قەدەغەیە، بەڵام گوتنی “بژی سەرۆک ئاپۆ” ئازادە.

ئەگەر کەسێک بە وردی لەم مژارە بروانێت، بۆی دەردەکەوێت کە… لە ڕۆژئاڤا ئۆجەلان نەیدۆڕاند؛ بەڵکوو ئۆجەلان، کوردانی بە دۆڕاندن دا. دەوڵەتی تورک دەیهەوێ بەم شێوەیە خیانەتەکەی ئۆجەلان لە دژی هەموو پارچەکانی کوردستان بەکار بهێنێت. ئیدی بینینی ئۆجەلان وەک ڕێبەرێکی کورد، خیانەتێکە لە دژی نەتەوەی کورد.

مەسەلەی ڕۆژئاڤا ئاشکرای کرد کە کاتێک مەسەلەکە دێتە سەر کورد و کوردستان، سەرۆک بارزانی وازی لە هەڵوێستی کوردایەتی خۆی ناهێنێت. بۆیە سەرۆک بارزانی لە دڵی هەموو کورداندا ئەندازیاری کوردستانێکی سەربەخۆیە.

Share