سنوورەکانی پڕۆژەی ئیداری لە ڕۆژئاڤا و باشووری کوردستان

سنوورەکانی پڕۆژەی ئیداری لە ڕۆژئاڤا و باشووری کوردستان

لەبەر ئەوەی کە دەوڵەتی گەورەی کوردی، وەکوو پرۆژەیەکی کۆکەرەوەیە بۆ سەروەری و مێژوو، بە هیچ ئیدارەیەکی کاتی جێی ناگیرێتەوە، هەرچەندە ئەو بەڕێوەبەرییە دوور و درێژیش بێت.

سمکۆ عەبدولعەزیز

بەشی چوارەم

بەها و قورسایی بیرۆکەکان بە جوانی وشەکان و ڕێزمانەکانیان ناپێورێت، بەڵکوو بەو پێیەی کە چەندە دەتوانن ببنە واقیعێکی سیاسی سەقامگیر لەسەر زەوی، پێوانە دەکرێن.

هەر هزرێک کەوا نەتوانێ ببێتە خاوەن کیانێکی سەروەری بۆ ئەوەی بیپارێزێت، هەر لە بۆشاییدا دەمێنێتەوە و دەکەویتە بەر بای لێکدانەوە و لەناوچوون.

هەربۆیە ناتوانین گوتاری نەتەوەی دێموکراتیک هەڵبسەنگێنین بەبێ ئەوەی کە هەڵسەنگاندن بۆ دەرئەنجامە پراکتیکییەکانی لە گۆڕەپانی کوردیدا، بەتایبەتی لە ڕۆژئاڤا و باشووری کوردستاندا نەکەین.

ڕۆژئاڤا دوای ساڵی 2012 چووە قۆناغێکی مێژوویی دەگمەنەوە و تێیدا هەلومەرجی سیاسی و ئیرادەی جەماوەری یەکیان گرت.

کاتێک دەوڵەتی سووریا داڕما و سنوورەکان کرایەوە، کورد دەرگایەکی کراوەی لەبەردەمدا بوو بۆ ئەوەی کە کیانێکی سیاسیی سەربەخۆ دابمەرزێنێت. بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی ڕوو لە دانانی بەردی بناخەی قەوارەیەکی سەروەری دیار و ئاشکرا بکرێت، پێشوەختە ئەم دەرفەتە بۆ مۆدێلی بەڕێوەبەریی خۆسەر تەرخان و بچووک کرایەوە.

ئەم بژاردەیە نیشانەی وەرچەرخانێکە لە لۆژیکی مافی بەدەولەتبوونەوە بۆ ترس لە هەبوونی دەوڵەت. لەم تێگەیشتنە نوێیەدا: دەوڵەت ئاسۆیەک نییە بۆ ئازادی، بەڵکوو وەک هەڕەشەیەک سەیر دەکرێت کە دەبێت مرۆڤ خۆی لێی دوور بخاتەوە.

بەم شێوەیە هۆشیاری سیاسی بوو بە باوەڕێکی وشک و تاکتیکو کاتییەکان بوون بە ستراتژییەکی هەمیشەیی.

بەڵام حکومەتێک کە پشتی خۆی بە سەروەری بەهێز نەکات، بە سروشتی خۆی دەبێتە قەوارەیەکی وشک و لاواز.

بە بڕوای ماکس وێبەر، ئەگەر زلهێزێک نەتوانێت شەرعیەت و دەسەڵاتی سەربازی بە تەنیا لە دەستی خۆیدا ڕابگرێت، ئەوا لە نێوان هێزەکانی گەورەتردا بە هەڵواسراوەیی دەمێنێتەوە. هەربۆیە ئەزمونی ڕۆژئاڤا دەبێتە کۆیلەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا دەجووڵێتەوە نەک وەک پرۆژەیەکی مێژوویی سەربەخۆ.

ڕاستە لە بواری ڕێکخستنی ناوچەیی و مافەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا کۆمەڵێک هەنگاوی باش نراوە، بەڵام ئەم ئەزموونە نەیتوانیوە نوێنەرایەتییەکی نەتەوەیی ها لە جیهاندا دروست بکات کە بەناوی نەتەوەی کوردەوە قسە بکات، نەوەک بە ناوی ئیدارەی خۆجێیەوە.

بەڵام لە باشووری کوردستان (هەرێمی کوردستان) دۆخەکە جیاواز بوو. تۆوی دەوڵەتی مۆدێرن تا ڕادەیەک هەبوو: پەرلەمان، حکوومەت، دەستوور و پەیوەندییەکانی دەرەوە، واتە تۆوی سەروەری چێندرابوو. بەڵام وتارەکەی ئۆجەلان بە گومانەوە سەیری ئەم ئەزموونەی کرد و وەک لادان لە دەوڵەتداری وەسفی کرد، نەک وەک قۆناغێکی سروشتی لەسەر ڕێگای ڕزگاری.

ئەم ڕوانگەیە کەلێنێکی گەورەی لە ناو هزر و بیری کوردیدا بەجێهێشت:

لایەنێک هەرێم وەک تۆوی دەوڵەت دەبینێت.

لایەنێکی دیکە بە دوورکەوتنەوە لە ئاسۆی گەلان دەیبینێت.

بەم کارە دۆزی کوردی لە پرۆسەی بنیاتنانەوە گۆڕی بۆ مەیدانی شەڕی گوتارەکان.

لە مێژوودا هیچ نەتەوەیەک نەیتوانیوە بە بێ هەبوونی ئیدارەیەکی سەروەر، مانەوی خۆی بپارێزێت. ئیدارەکە هەرچەندە بەهێزیش بێت، وەک پێکهاتەیەکی کاتی دەمێنێتەوە، بەڵام دەوڵەت چەمکێکی دامەزراوەیی درێژخایەنە. دەوڵەت تەنیا ئامرازی حوکمڕانی نییە، بەڵکوو گەنجینەی شوناس و یاسا و مێژووە.

ئەگەر پڕۆژەی دەوڵەتێکی گەورەی کوردی بگۆڕین بۆ تۆڕێکی ئیدارەی بڵاوە و پارچەپارچە، ڕامانی ئەوەیە کە ئێمە خاکی نەتەوەیی دەکەینە چەند پارچەی وەزیفەیی وەها کە دوژمن بتوانێت بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی بکات. ئەمەش دۆزی نەتەوەیەک لە پرۆژەیەکی ڕزگاریخوازییەوە دەگۆڕێت بۆ دۆسیەیەکی دانوستانێکی بێکۆتایی.

لە ڕووی کولتوورییەوە ئەمە زیانی بە چیرۆکی نەتەوەیی بەکۆمەڵ گەیاندووە. لەبری ئەوەی دەوڵەت خەونی هەموومان بێت، وشەی دەوڵەت بۆتە تۆمەت و هیوای سەروەری بۆتە توندڕەوی. گەورەترین مەترسیی گوتاری نوێ لێرەدایە: خەونەکانمانی کردووەتە جێگای گومان.

لە ڕووی سیاسییەوە نەبوونی ئاسۆی سەروەری وایکردووە کە تووشی حاڵەتی نەخۆشیی چاوەڕوانی ببین: چاوەڕوانی ڕەزامەندیی زلهێزەکان، چاوەڕوانی هاوسەنگی ناوچەیی و چاوەڕوانی چارەنووسێک لە دەرەوەی ئیرادەی کورد.

ئەم چاوەڕوانییە درێژخایەنە بە تێپەڕبوونی کات، کولتووری لاوازی و بێهێزی لەنێو ئێمەدا دروست دەکات، لەبری کولتووری بەهێزبوون.

ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە کەموکووڕی لە خەبات و قوربانیدانی تێکۆشەراندا دەبینین، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە ئێمە ئەو قوربانیانە لە شوێنی مێژوویی خۆیان دابنێین.

لەبەر ئەوەی کە دەوڵەتی گەورەی کوردی، وەکوو پرۆژەیەکی کۆکەرەوەیە بۆ سەروەری و مێژوو، بە هیچ ئیدارەیەکی کاتی جێی ناگیرێتەوە، هەرچەندە ئەو بەڕێوەبەرییە دوور و درێژیش بێت.

ئەزموونی ڕۆژئاڤا و هەرێمی کوردستان ڕاستییەکمان پیشان دەدەن:

بەبێ هەبوونی ئاسۆیەکی سەروەریی ڕوون، حوکمی خۆسەری وەک مێژوویەکی هەڵواسراو دەمێنێتەوە.

هەڵواسراو لە نێوان شەڕ و ئاشتیدا

لە نێوان دانپێدانان و ئینکارکردندا

لە نێوان خەون و وەزیفەدا.

Share